د.هێرش: تائێستا له‌ سلێمانی هیچ حاڵه‌تێكی پشتڕاستكراوه‌ی كۆرۆنای گۆڕاومان تۆمار نه‌كردووه‌

د.هێرش سه‌ید سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی

د.هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەم وتووێژەدا باس لەدۆخی کۆرۆنا بەگشتی و کۆرۆنای گۆڕاو دەکات هەروەها باس لەپێشبینی و کارەکانیشیان دەکات لەسنوری پارێزگای سلێمانی.

"تائێستا له‌سنوری پارێزگای سلێمانی هیچ حاڵه‌تێكی پشتڕاستكراوه‌ی كۆرۆنای گۆڕاومان تۆمار نه‌كردووه‌ "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی كۆرۆنا له‌هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تر له‌سنوری پارێزگای سلێمانی وتی" ئێمه‌ وه‌كو ته‌ندروستی ئیداره‌ی ده‌ده‌ین دیاره‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و به‌تایبه‌تیش كۆرۆنا گۆڕاوه‌كه‌ كه‌ئێستا به‌كۆرۆنای تازه‌ ناوده‌برێت، ئێمه‌ تائێستا له‌سنوری پارێزگای سلێمانی هیچ حاڵه‌تێكی پشتڕاستكراوه‌ی كۆرۆنای گۆڕاومان تۆمار نه‌كردووه‌."

" ئاماره‌كانیش گۆڕانكاریه‌كی ئه‌وتۆی به‌خۆوه‌ نه‌بینیووه‌ له‌زیادبوونی ژماره‌ی تووشبووان "

د.هێرش سەید سەلیم وتیشی " ڕۆژانه‌ حاڵه‌تی پۆزه‌تیڤ هه‌یه‌ له‌سنوری پارێزگای سلێمانی ئاماره‌كانیش ده‌توانم بڵێم گۆڕانكاریه‌كی ئه‌وتۆی به‌خۆوه‌ نه‌بینیووه‌ له‌زیادبوونی ژماره‌ی تووشبووان به‌ڵام له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌و جۆره‌ پشكنینه‌ی كه‌ بۆ كۆرۆنای گۆڕاو به‌كاردێت دوێنێ به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه‌ ئیتر چ حاڵه‌تێكی گوماناوی هه‌بێت ده‌توانیین پشكنینی بۆ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كلایی ببێته‌وه‌ كه‌ئایا ئه‌مه‌ كۆرۆنای گۆڕاوه‌ یاخود كۆرۆنای كۆڤید 19ی پێشووتره‌ كه‌به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سنوری پارێزگای سلێمانی گرتبۆوه‌ و دوای ئه‌وه‌ ڕووی له‌دابه‌زین كرد، ئێستاش هه‌ر به‌هه‌مان ئاماری چه‌ند هه‌فته‌ی پێشووه‌ واته‌ ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان و توشبووان به‌وشێوه‌ به‌رچاوه‌ زیادی نه‌كردووه‌. "

"سەبارەت بەکۆرۆنای گۆڕاو هێشتا لەقۆناغی بەرگریداین "

د.هێرش سەید سەلیم ئاماژەی بەکارەکانی تەندروستی سلێمانی کرد سەبارەت بە کۆرۆنای نوێ، لەو ڕوەوە دەڵێت " ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تای كۆرۆناشه‌وه‌ قۆناغ به‌قۆناغ بووه‌ واتە لەسه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆناوه‌ ڕێكاره‌كانمان پله‌ به‌پله‌ زیادی كردووه‌، وه‌ ستراتیژیه‌تی كاركردنمان له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ بووه‌، ئێستاش به‌هه‌مان شێوه‌ سه‌باره‌ت به‌كۆرۆنای گۆڕاو بەوجۆرەیە هێشتا هیچ حاڵه‌تێكمان به‌دی نه‌كردووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ تیمه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی پشكنیین بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ ده‌كه‌ن، وه‌ به‌دواداچوون بۆ به‌ركه‌وته‌كانیشیان ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ له‌ڕێگه‌ی ده‌ستنیشانكردنه‌وه‌ بێت یان له‌ڕێگه‌ی تاقیگه‌ییه‌وه‌ بێت یان له‌ڕێگه‌ی ڕووپێوییه‌وه‌ بێت، تیمه‌كانی ئێمه‌ سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن واته‌ هێشتا له‌قۆناغی به‌رگریداین واته‌ خۆپارێزیداین سه‌باره‌ت به‌كۆرۆنای گۆڕاو، له‌حاڵه‌تی تۆماركردنی یاخود گه‌یشتنی ستراتیژ و پلانه‌كه‌ ده‌گۆڕێت بۆئه‌وه‌ی قۆناغی چاره‌سه‌ر ده‌ست پێبكات، وه‌ قۆناغی چاره‌سه‌ریش ئه‌ركی ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان و نه‌خۆشخانه‌كانه‌ دوای ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر قۆناغی چاره‌سه‌ر ده‌ستی پێكرد به‌دڵنیاییه‌وه‌ قۆناغی یه‌كه‌م كۆتایی دێت و ده‌چینه‌ قۆناغی چاره‌سه‌ر ، له‌دوای قۆناغی چاره‌سه‌ریش ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ڕێوشوێنه‌كان له‌ڕێگه‌ی ئۆپراسیۆنه‌وه‌ هه‌ندێك ئیجرائاتی تازه‌ بكرێت به‌رامبه‌ر به‌و ڕه‌وشه‌ی كه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌كاتی خۆیدا یاخود ده‌توانم بڵێم به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی ئێمه‌ له‌ئاینده‌دا بڕیاری لێ ده‌درێت."

" ئەگەرێکی زۆرە کۆرۆنا گۆڕاوەکە و شەپۆلێکی توندی کۆرۆنا بێت "

واتە ئێوە پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی تری توندی کۆرۆنا دەکەن لەگەڵ کۆرۆنا گۆڕاوەکە بۆ هەرێمی کوردستان؟ لەوەڵامدا د.هێرش سەید سەلیم وتی " ئەوە شتێكه‌ نكوڵی لێ ناكرێت ئه‌وه‌ی كه‌ئێستا هه‌یه‌ له‌خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراق بووه‌ به‌ئه‌مری واقیع و ڤایڕه‌سه‌كه‌ هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ نه‌مانتوانیووه‌ هاتوچۆی نێوان وڵاتانی ده‌وروبه‌ری خۆمان و خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كلایی قه‌ده‌غه‌ بكه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌رێكی زۆر هه‌یه‌ كه‌ڤایڕه‌سه‌كه‌ بێت. "

" پۆزه‌تیڤه‌كانی سلێمانی ژماره‌یه‌كی به‌رچاویان له‌ ئێرانه‌وه‌ دێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان"

د.هێرش سەید سەلیم ئەوەشی وت" ئێمه‌ كۆنتاكتێكی ڕاسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌ هه‌تا ئێستاش خه‌ڵك له‌ئێرانه‌وه‌ دێت ژماره‌ی تووشبووان له‌ئێرانه‌وه‌ لەبارەی ئاماره‌كانی سلێمانییه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم پۆزه‌تیڤه‌كانی سلێمانی ژماره‌یه‌كی به‌رچاویان له‌ ئێرانه‌وه‌ دێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌مه‌ پێشبینی كراوه‌، وه‌ ده‌كرا ئیجرائات یه‌كه‌م شت له‌گه‌ڵ مه‌رزه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌و بازگه‌ وشكانییه‌كاندا بكرایه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانیین ئێمه‌ پێش هاتنی كۆرۆنا تازه‌ گۆڕدراوه‌كه‌ به‌ر له‌و شه‌پۆله‌ بگرین به‌ڵام دیاره‌ بارودۆخی ئابووری یاخود سیاسی یاخود دیبلۆماسی ئه‌مانه‌ نه‌توانراوه‌ ڕێگری له‌ خه‌ڵك بكه‌ین.
به‌دڵنیاییه‌وه‌."

"لەئێستادا هیچ ئەگەرێك نیە بۆ کەرەنتینەکردن "

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەگەری ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی گشتی لەهەرێمدا هەیە هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو؟ لەوەڵامدا د.هێرش سەید سەلیم وتی" له‌ئێستادا نه‌خێر هیچ ئه‌گه‌رێك نییه‌ بۆ كه‌ره‌نتینه‌ كردن تائێستادا به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌ره‌سه‌ندنه‌كان زۆر زۆر به‌شێوه‌یه‌كی خه‌ست و له‌ژێر كۆنتڕۆڵدا نه‌ما، ئه‌وا ئێمه‌ نیین كه‌ بڕیاری كه‌ره‌نتینه‌ و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌ یاخود لیژنه‌ی ئۆپراسیۆنی دژه‌كۆرۆنا له‌شاره‌كاندا كه‌ ئه‌م ئیجرائه‌تانه‌ بگرنه‌ به‌ر، وه‌ ڕێكاره‌كان توندتر بكه‌نه‌وه‌. "

" پابه‌ندبوون به‌كه‌ره‌نتینه‌ كردن شتێكی سه‌خته‌ لەکوردستان "

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد" ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌سته‌مه‌ و پێشتریش ئاماژه‌مان پێداوه‌ پابه‌ندبوون به‌كه‌ره‌نتینه‌ كردن له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌بۆچونی من شتێكی سه‌خته‌ چونكه‌ بارودۆخی ئابوری هه‌رێمی كوردستان هه‌م هاوڵاتیان دابه‌شبوون به‌سه‌ر دووبه‌ره‌دا، ئێمه‌ش وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی نه‌چوینه‌ته‌ ناو ئه‌و گۆڕه‌پانی ململانێ كه‌ له‌ناو ئه‌و دووبه‌ره‌ی هاوڵاتیاندایه‌، به‌شێكیان ئه‌وانه‌ن باوه‌ڕیان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ره‌نتینه‌ بكرێت به‌باوه‌ڕی ئێمه‌ كه‌مینه‌یه‌كن، وه‌ ئه‌وانه‌شی كه‌نكۆڵی له‌وه‌ ده‌كه‌ن مه‌سه‌له‌ی خۆپارێزی به‌شێوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و كه‌ره‌نتینه‌ نه‌كه‌ن ئه‌وه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ناو واقیعه‌كه‌دا ده‌ژین و به‌ره‌نگاری بارودۆخه‌كه‌ بووینه‌ته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌ركه‌كه‌ش له‌سه‌رشانی ئێمه‌یه‌."

ڕاشیگەیاند"هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌ ڕاگه‌یاندنی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ بۆ خه‌ڵكی به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست ڕابگه‌یه‌نیین بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌یه‌ك بگه‌ڕێته‌وه‌ نێوان ئێمه‌ و هاوڵاتیان."

"دۆخه‌كه‌ پێویست به‌شڵه‌ژانی ده‌روونی ناكات "

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە کەبۆچی جیاوازی بەدیدەکرێت لەنێوان لێدوانی بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەرێم بەجۆرێک وەزارەتی تەندروستی هۆشداری توند دەدات تەندروستی سلێمانیش جۆرێک لەهێوری بە قسەکانیانەوە لەسەر هاتنی کۆرۆنای نوێ دیارە؟ لەوەڵامدا د.هێرش وتی" ئێمه‌ ناڵێن مه‌ترسیدار نییه‌ به‌ڵام دۆخه‌كه‌ پێویست به‌شڵه‌ژانی ده‌روونی ناكات له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ قۆناغێكی سه‌ختمان تێپه‌ڕاندووه‌ و خۆشمان ئاماده‌ ده‌كه‌ین بۆ قۆناغی سه‌ختتر به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی شڵه‌ژانی ده‌روونی كاریگه‌ری زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیان واته‌ جارێ نه‌گه‌یشتۆنه‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌یه‌ی كه‌بڵێین ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بنبڕ كۆرۆنا گه‌یشتۆته‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی له‌ئێستادا ترس و دڵه‌ڕاوكێ بڵاوبكه‌ینه‌وه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ جیاوازی ئێمه‌ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌یه‌."

"ئێمە زیاتر دوربینانەتر سەیر دەکەین "

د.هێرش سەید سەلیم زیاتر وتی" ئه‌گه‌رنا مه‌سه‌له‌ی ڕێكار و ڕێوشوێنی خۆپارێزی له‌هه‌موو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌كو یه‌ك وایه‌ به‌ڵام ئێمه‌ به‌ڕاستی زیاتر دوربینانه‌ تر سه‌یری بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ین و هه‌موو وڵاتانیش وابوون كه‌قۆناغ قۆناغ هاتوون له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا بوون، بۆ نمونە له‌به‌ریتانیا خوێندن ده‌ستیپێكرده‌وه‌ و هه‌موو شتێك ئاسایی بوو تائه‌و ساته‌ی گه‌یشتنه‌ ئه‌وه‌ی پێویست ده‌كات قوتابخانەکان دابخرێت داخرایه‌وه‌ وه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و كه‌ره‌نتینه‌ش ده‌سپێكرد به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك نه‌بوو كه‌ده‌روونی خه‌ڵك بشڵه‌ژێت ئێمه‌ش له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌یە كه‌ئه‌گه‌ر لێره‌ و له‌وێ لێدوانێك بده‌ین له‌سه‌ر بارودۆخی كۆرۆنا له‌سنوری پارێزگای سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌، وه‌ ناشمانه‌وێت جارێك به‌ "كن فیكن"ێك هه‌موو شتێك قه‌ده‌غه‌ بكه‌ین و هاتوچۆ نه‌مێنێت."


هەروەها وتیشی" له‌وانه‌یه‌ بارودۆخی سلێمانی هه‌م له‌ڕووی جیۆپۆله‌تیكه‌وه‌ هه‌م له‌ڕووی جوگرافیاوه‌ هه‌م له‌ڕووی ئابورییه‌وه‌ هه‌م له‌ڕووی زۆر شتی تره‌وه‌ جیاواز بێت له‌هه‌ولێر له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌م بیروبۆچوونه‌كان جیاوازن هه‌م ده‌ربڕینه‌كانیش جیاوازن ده‌سه‌ڵاتیش دراوه‌ به‌پارێزگاكان چۆن ئیجرائات ده‌كه‌ن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا لەبه‌رئه‌وه‌ كاتێك ئه‌و شتانه‌ی ئێمه‌ ده‌مانكرد له‌ سلێمانی، له‌شاره‌كانی تر جێبه‌جێ نه‌ده‌كران بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا دوای ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ بوویه‌وه‌ ئه‌مه‌ شتێكی ئاساییه‌ ڕه‌وشی ته‌ندروستی ئه‌و شوێنه‌ دیاری ده‌كات كه‌خۆی له‌ناو واقیعه‌كه‌دا تیایه‌تی."

"دوێنێ پشکنینی کۆرۆنا گۆڕاوەکەمان پێگەیشت "

باشە هۆکاری تۆمارنەکردنی کۆرۆنا گۆڕاوەکە لەسنوری پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە وەک خۆت وتت پشکنینەکەیتان نەبووە؟ لەوەڵامدا د.هێرش سەید سەلیم دەڵێت" به‌ڕاستی خۆی یه‌كێك له‌كێشه‌كان ئه‌وه‌ بوو، ئێمه‌ دوێنێ پشكنینه‌كه‌مان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ له‌كاتێكدا هه‌ولێر مانگێك به‌رله‌ئێستا "به‌ڕێز وه‌زیری ته‌ندروستی" ڕایگه‌یاند كه‌ئه‌وان لەهەولێر توانای پشكنینی گۆڕاویشیان هه‌یه‌ به‌ڵام تا دوێنێ لەسلێمانی نه‌بوو به‌ڵام دوێنێ به‌ده‌ستمان گه‌یشت ئێمه‌ خۆشمان به‌پێی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه‌ به‌دیمان كردووه‌ گومان ناكه‌ین له‌وه‌ی كه‌تائێستا له‌سنوری پارێزگای سلێمانی حاڵه‌تی كۆرۆنای گۆڕاو هه‌بێت."


بۆچی لای ئێوە ئەو پشکنینە تا دوێنێ نەتانبوو نەدەکرا؟ لەوەڵامدا جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتی" ئه‌مه‌یان ده‌بێت پرسیار له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بكرێت دیاره‌ ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ ئه‌وان ده‌یڵێن ئه‌و تۆزه‌ پشكنینه‌ی كه‌هه‌یانبووه‌ ژماره‌یه‌كی كه‌مبووه‌ پێشتر به‌ڵام له‌م هه‌فته‌ی پێشوودا دیاره‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كۆمه‌ڵێك له‌و پشكنینانه‌ی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ كه‌به‌شی ئێمه‌شی لێداوه‌ ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ی كه‌هه‌بووه‌ پێشتر، پێش ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تیش به‌ده‌ستی بگات هه‌ر حاڵه‌تێك گوماناویی بوو بێت بۆ دڵنیایی ناردوویانه‌ بۆ توركیا یان بۆ وڵاتێكی تر یان له‌ڕێگه‌ی ڕێكخراوی(WHO) ناردوویانه‌ بۆئه‌وه‌ی دڵنیابن له‌وه‌ی كه‌ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ ڤایڕه‌سی گۆڕداوه‌ به‌ڵام ئێستا كه‌به‌شێك له‌و پشكنینانه‌ هاتووه‌ بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌شی سلێمانی-شی لێنێردراوه‌ ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه‌، له‌ئه‌مڕۆوە ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین بۆ هه‌رحاڵه‌تێكی گوماناوی."

ئێوە خۆتان گومان لەحاڵەتە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا دەکەن بۆ پشکنین یا توشبووەکە خۆی داوای ئەو پشکنینە نوێیە دەکات؟ د.هێرش سەید سەلیم وتی" نا ئێمه‌ گومان ده‌كه‌ین چونكه‌ تیمه‌كانی ئێمه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بارودۆخی ته‌ندروستی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ ده‌كه‌ن كه‌تووشده‌بن،وه‌ له‌خێرایی بڵاوبوونه‌وه‌شدا تیمه‌كانی ئێمه‌ بڕیارده‌ده‌ن كه‌كام حاڵه‌ته‌ گوماناوییه؟"

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ژیار محەمەد لەگەڵ د.هێرش سەید سەلیم Feb.24.021