د.ڕەهێڵ فەرەیدوون: پێمان وایە به‌شی زۆری ئێستای توشبووانی کۆرۆنا لەهەرێم له‌جۆره‌ گۆڕاوه‌كه‌یە

د.ڕەهێڵ فەرەیدوون-بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق

د.ڕەهێڵ فەرەیدوون بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" پێمان وایە به‌شی زۆری ئێستای توشبووان له‌جۆره‌ گۆڕاوه‌كه‌یه‌، وه‌ئه‌گه‌ر كۆنه‌كه‌شی بێت و شه‌پۆلێكی دیكه‌ بێت ئێمه‌ پێشبینیمان ده‌كرد كه‌ئه‌مه‌ ورده‌ ورده‌ زیاد بكات به‌تایبه‌تی له‌مانگی سێ و زیاتر له‌ناوه‌ڕاستی سێ به‌دواوه‌ به‌ته‌واوه‌تی زیادبوونه‌كه‌ به‌رچاوده‌بێت لەگەڵ ئەوەی حاڵەتەکە مەترسیدارە بەڵام خاڵێکی دڵخۆشکەر ئەمجارە هەیە.... دەشڵێت" هێشتا نەگەیشتوینەتە ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەڵام دەبێت ڕاگرتنی هاتوچۆ لەگەڵ شارەکانی تری عێراق بەردەوام بێت، سەبارەت بەوەی ئەمساڵ بەهۆی مەترسییەکانی کۆرۆناوە ئایا ئاهەنگەکانی نەورۆز ئەنجام دەدرێت؟ د.ڕەهێڵ فەرەیدوون وتی"وەک بۆچوونی خۆم دۆخەکە بەمجۆرە بێت دەتوانرێت ئاهەنگەکانی نەورزۆ بکرێت ئەگەر ڕێژەکە زیاد نەکات"


"ئێمه‌ پێشبینیمان ده‌كرد كه‌ئه‌مه‌ ورده‌ ورده‌ زیاد بكات به‌تایبه‌تی له‌ مانگی سێ و زیاتر له‌ناوه‌ڕاست سێ به‌دواوه‌ "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" وه‌كو كه‌ناڵێكی ڕاگه‌یاندن وه‌كو خۆتان له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری بارودۆخه‌كه‌تان كردووه‌ كۆرۆنا وه‌ك پێشبینیمان ده‌كرد چ جۆره‌ گۆڕاوه‌كه‌ی بێت كه‌پێشتریش ڕامانگه‌یاندووه‌ پێمان وایه‌ به‌شی زۆری ئێستای توشبووان له‌جۆره‌ گۆڕاوه‌كه‌یه‌، وه‌ئه‌گه‌ر كۆنه‌كه‌شی بێت و شه‌پۆلێكی دیكه‌ بێت ئێمه‌ پێشبینیمان ده‌كرد كه‌ئه‌مه‌ ورده‌ ورده‌ زیاد بكات به‌تایبه‌تی له‌مانگی سێ و زیاتر له‌ناوه‌ڕاستی سێ به‌دواوه‌ به‌ته‌واوه‌تی زیادبوونه‌كه‌ به‌رچاوده‌بێت و دووهێندە و سێ هێندە زیاتریش ده‌بێت به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكرێت به‌دوو هه‌فته‌ی ڕابردوو بۆ دواتره‌وه‌ كه‌ژماره‌كان له‌ 100 كه‌س كه‌متربوون به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕۆژانی ڕابردوو ژماره‌كان 300 ی تێپه‌ڕاند."

"ژمارەکان لەوە زیاترن کەڕادەگەیەنرێن "

د.ڕەهێڵ فەرەیدوون ئاماژەی بەئامارەکانی تووشبووانی کۆرۆنا کرد لەهەرێمی کوردستان و وتی" ئه‌م ژمارانه‌ش ئه‌و ژماره‌یه‌یه‌ كه‌تۆماركراوه‌ له‌ڕێگه‌ی نه‌خۆشخانه‌ و سه‌نته‌ره‌كانی شیكاری سه‌ر به‌فه‌رمانگه‌ و سه‌نته‌ره‌كانی حكومه‌ت کەتۆمارده‌كرێن به‌دڵنیاییه‌وه‌ كه‌یسی دیكه‌ هه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت و شیكاری كردووه‌و پۆزه‌تیڤ ده‌رچووه‌ به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی نیشانه‌كانی وه‌كو پێویست نه‌بووه‌ و كه‌م ده‌ركه‌وتووه‌ ته‌نها به‌خۆكه‌ره‌نتینه‌ كردن و خۆپارێزی و له‌گه‌ڵ هه‌ندێك جۆری "سه‌پلیمێنت" و ئه‌وانه‌ به‌كارده‌هێنن هه‌تا ئه‌وكاته‌ی نیشانه‌كانی واپێویست بكات سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ بكات واته‌ زیادی كردووه‌ و له‌وه‌ زیاتریشه‌ ئێستا ئێمه‌ ده‌یبینین له‌ڕێگه‌ی بڵاوكراوه‌كانه‌وه‌ كه‌به‌رده‌وام ڕۆژانه‌ له‌ڕێگه‌ی بڵاوكراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و له‌به‌غدادیش كه‌ده‌كرێت وه‌كو حكومه‌تی فیدڕاڵ هه‌رێمی تێدایه."

"هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەکان "

بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت"هۆكاری سه‌ره‌كی زیادبوونی ڕێژەی تووشبووانی کۆرۆنا پێشتریش ووتومانه‌ کەبه‌ڕاستی هاتوچۆیه‌كی به‌ربڵاوی بێ سانسۆر له‌نێوان شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق هه‌رێمی كوردستاندا هەیە بۆ ته‌ئكید کردنه‌وه‌ی ئه‌م قسه‌ی منیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئێستا ده‌بینرێت هه‌تا ڕۆژی یەکشەممە له‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌ هیچ كه‌یسێك نه‌بووه‌، له‌گه‌رمیان چه‌ند كه‌یسێكی زۆر كه‌ممان هه‌بووه‌، به‌گشتی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌تا شەممە و یەکشەممە یه‌ك كه‌یس نه‌بووه‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌، له‌سێمانی له‌دهۆك و هه‌ولێر كه‌متربووه‌، له‌ڕانیه‌ و له‌گه‌رمیانیش زۆر كه‌مبووه‌ ئه‌مه‌ هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌چه‌ندجاریش باسم كردووه‌ ساڵی پار به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوو به‌ڵام ئه‌وكاته‌ كۆمه‌ڵێك لێكدانه‌وه‌ی دیكه‌ی بۆ ده‌كرا، ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئێمه‌ سنوره‌كانمان له‌گه‌ڵ ئێراندا له‌گه‌ڵ فڕۆكه‌خانه‌كان زۆر به‌شێوازێكی باش كۆنتڕۆڵ كراوه‌ و هیچ هاوڵاتیه‌ك به‌بێ شیكاری تایبه‌ت به‌كۆڤید نایه‌ته‌ ئه‌مدیوه‌وه‌ و سانسۆری له‌سه‌ره‌ به‌ڵام هاتوچۆی نێوان شاره‌كانی ئێمه‌ كه‌به‌داخه‌وه‌ له‌دوو هه‌فته‌ی ڕابردووشدا وه‌كو پێشنیار داماننا لیژنه‌ی باڵای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كه‌به‌هه‌موو شێوازێك گه‌شتیار نه‌مێنێت ته‌نها ئه‌و شانده‌ فه‌رمی و ڕێكخراو و ئه‌مانه‌ بتوانن مامه‌ڵه‌ بكه‌ن به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌م تازۆر لێره‌و له‌وێ ده‌بینیین له‌ناو بازاڕ و له‌شوێنه‌ گشتیه‌كاندا ئه‌م هاتوچۆیه‌ به‌رده‌وامه‌ و نه‌توانراوه‌ وه‌كو پێویست سانسۆری بخرێته‌سه‌ر بۆیه‌ ئه‌مه‌ هۆكاری سه‌ره‌كییه‌."

" هه‌مان ئاماژه‌كانی ساڵی ڕابردوو هه‌بوون "

د.ڕەهێل فەرەیدوون دەربارەی ئەوەی چیتان کردووە بۆ پێشگیری کردن لەزیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بەکۆرۆنا وەک خۆت دەڵێی پێشتر پێشبینیتان کردبوو؟ لەوەڵامدا د.ڕەهێڵ دەڵێت" پێشتر پێشبینیمانكرد هۆكاری سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو هه‌مان ئاماژه‌كانی ساڵی ڕابردوو هه‌بوون وه‌كو فاكته‌ری كارا و یاریده‌ده‌ر بۆ سه‌رله‌نوێ هه‌ڵكشانه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ڕاستی به‌رده‌وام له‌سه‌ره‌تای ساڵی تازه‌شه‌وه‌ چونكه‌ من زیاتر له‌سه‌ره‌تای ساڵی تازه‌وه‌ ده‌ستبه‌كاربووم وه‌كو بریكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی پێش منیش وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌رده‌وام له‌دوو هه‌فته‌جارێك له‌كاتی داكشانه‌كه‌دا كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ باڵاكه‌ ده‌كرا ڕێنمایی پێویستی و هۆشیاریشی ده‌دا كه‌بارودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و له‌چ ئاستێكدایه‌، ئه‌وه‌ بوو ئێمه‌ له‌سه‌روبه‌ندی مانگی دووشدا و له‌مانگی یه‌كیشدا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌مان ئاگاداركرده‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی داواكارییان پێشكه‌شكرد كه‌بارودۆخ له‌باره‌ له‌ئێستادا ده‌توانیین قوتابخانه‌كان بكه‌ینه‌وه‌ ده‌توانیین ده‌رگای خوێندن بۆسه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی یه‌ك تا دوانزه‌ و زانكۆ و په‌یمانگاكان بكه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وكاته‌ باش بوو به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا هۆشداریمان ده‌دات بارودۆخه‌كه‌ ئه‌گه‌ری خراپبوونی هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی شه‌پۆله‌كه‌ هه‌موو دنیای گرتۆته‌وه‌ به‌كۆڤیده‌ گۆڕاوه‌كه‌ ئێمه‌ به‌ڕاستی به‌دوور نیین له‌هه‌موو دنیا به‌رامبه‌ر ڤایڕه‌سه‌كه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حاڵه‌ته‌شدا به‌رده‌وام هۆشدای ته‌ندروستیمان له‌خۆپارێزی و تاكپارێزی هه‌م له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌كان و هه‌م له‌ڕێگه‌ی سۆشیال میدیاوە بڵاوکردۆتەوە."

"قسه‌مان له‌سه‌رئه‌وه‌ كرد پێویسته‌ به‌ده‌ر له‌و ڕێكاریانه‌ كۆمه‌ڵێك ڕێكاری تر هه‌یه‌ له‌كاتی خۆیدا به‌گونجاوی بكرێت، بۆنموونه‌ ئه‌و لیژنانه‌ی هه‌بوون به‌رده‌وام وه‌كو پێشتر سه‌ردانی شوێنه‌تایبه‌ته‌كان بكات هه‌وڵبدات قه‌ڕه‌باڵغی له‌شوێنه‌ داخراوه‌كان خۆپارێزی بكرێت و قوتابخانه‌كان كه‌كرانه‌وه‌ به‌رده‌وام چاودێری بكرێن، خاڵی سێیه‌میش چه‌ند پێشنیارێكمان دایه‌ لیژنه‌ی باڵا هاتوچۆی دەرەوە قه‌ده‌غه‌ بكرێت به‌شێوازی گشتی یان ته‌نها شانده‌ فه‌رمی و بازرگانی و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بێن به‌ڵام به‌بوونی ڕازی بوونی پێشوه‌خت و هه‌روه‌ها تێستی كۆرۆنا و ناونیشان بدرێت وه‌كو بەڵێننامەیەک هاوشێوه‌ی خاڵه‌سنورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هیچ نه‌بێت به‌ر له‌شه‌پۆله‌كه‌ بگرین چونكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات دێت له‌ناو وڵات داكشان و ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م هه‌بوو ڕێژەی مردنیش زۆر زۆر كه‌مبووبوویه‌وه‌ به‌ڵام وه‌كو باسمكرد ئه‌مانه‌ وه‌كو پێویست نه‌توانرا چونكه‌ شه‌پۆلی خێرای هاتوچۆ و گه‌شتی هاوڵاتیان له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو به‌ڕاستی له‌هه‌ولێر كه‌م تازۆر جێبه‌جێده‌كرا چونكه‌ شه‌پۆله‌كه‌ زۆر زیاتربوو له‌سلێمانی تائێستا وه‌كو پێویست جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ واته‌ نه‌ده‌توانرا له‌به‌رئه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵا ده‌یانوت كێشه‌ی ئابوری و گه‌شتیاری و داخستنی كه‌رتی گه‌شتیاریه‌كه‌ له‌ هوتێله‌كان و چێشتخانه‌كان و ناوبازاڕدا به‌ڕاستی سه‌رله‌نوێ له‌و بارودۆخه‌ ئابورییه‌ ناخۆشه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا توشی گرفتمان ده‌كات." د.ڕەهێڵ فەرەیدوون بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم وایوت"

هەروەها وتی" خه‌ڵك به‌شێوازی گشتی بێباك بوو هیچ متمانه‌ی به‌وه‌ نه‌مابوو كه‌كۆرۆنا بوونی هه‌یه‌ و شه‌پۆلی دیكه‌ دێت و ئه‌مانه‌ هه‌رهه‌مووی هاوشێوه‌ی هه‌موو وڵاتان ئه‌وه‌ی كه‌ده‌كرا ئێمه‌ش كردوومانه‌ له‌هۆشداری."

"هێشتا نەگەیشتوینەتە قۆناغی ڕاگەیاندنی هاتوچۆ "

دەربارەی ئەگەری ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچوۆ بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت " ئێمە لەئێستادا جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌كی ته‌واو لەوە دەکەین کەبه‌هیچ شێوازێك نابێت بهێڵدرێت هاتوچوی گه‌شتیاری له‌نێوان ئێمه‌ و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌وڵبده‌ین مه‌سه‌له‌ی كه‌ره‌نتینه‌كردن چ كه‌ره‌نینه‌ی ته‌واوه‌تی بێت یان كه‌ره‌نتیه‌نه‌ی جزئی هاتوچۆ بێت له‌هه‌رێمی كوردستاندا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر وابڕوات به‌ڕاستی ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئاسته‌ بۆیه‌ هۆشداریه‌كی توندترو مه‌ترسیدارترە هەروەها جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیارانه‌ی كه‌پێشتر كردوومانه‌ به‌تایبه‌تی ڕێگرتنی ته‌واوه‌تی له‌هاتوچۆی هاوڵاتیان له‌نێوان شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا شاره‌كانی هه‌رێم نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ هه‌ندێك شار تائێستا سفره‌ ڕێژه‌ی تووشبوون."

"خاڵێكی دڵخۆشكه‌ر هه‌یه‌ "

د.ڕەهێڵ فەرەیدوون ئەوەشی وت" ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌کە به‌م شێوازه‌بێت هاتوچۆی گه‌شتیاری بوه‌ستێنیین ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ ژینگه‌یه‌كمان هه‌یه‌ ته‌وقی ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌ده‌ین بۆنموونه‌ ڕێژه‌كه‌ هه‌رچه‌ندبێت له‌ناو كوردستاندا ته‌وق ده‌درێت خاڵێكی دڵخۆشكه‌ر هه‌یه‌ ئەویش ئەوەیە به‌ڵێ ڕاستە ڕێژه‌كه‌ زیادی كردووه‌ به‌ڵام من به‌دواداچوونم كردووه‌ به‌شێك له‌و توشبووانه‌ی كه‌له‌ئێستادا تووشبوون وه‌كو هاوشێوه‌ی ساڵی پار له‌مانگی 5-6 له‌هه‌ڵكشانی یه‌كه‌مدا له‌دوو هه‌فته‌ به‌دوا چاكده‌بنه‌وه‌ چونكه‌ له‌مانگی 10-11 ی ڕابردوو ئه‌وانه‌ی كه‌تووشده‌بوون به‌خۆشمه‌وه‌ له‌چواره‌م هه‌فته‌دا نه‌خۆشه‌كان به‌ره‌و چاكبوونه‌وه‌ ده‌ڕۆیشتن چونكه‌ گۆڕینێكی به‌سه‌ردا هاتبوو له‌دوو هه‌فته‌ هه‌تا چوار هه‌فته‌ی ده‌ویست ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌یری ڕێژه‌ی هه‌موو دنیاش بكرێت به‌ڵێ ڕێژه‌كه‌ زیادی كردووه‌ به‌ڵام هه‌ر كڕیتیكه‌ڵ كه‌یس له‌هه‌مانكاتدا پۆینت 4 ماوه‌ته‌وه‌ له‌هه‌مانكاتدا ڕێژه‌ی مردنیش 3% یه‌ واته‌ ڕێژه‌ی مردن به‌وشێوازه‌ زیادی نه‌كردووه‌ له‌ئێستادا ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی واقیعی ژماره‌یی واته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی نییه‌ واته‌ حاڵه‌ته‌كان ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆز نیین وە له‌دوو هه‌فته‌ به‌دواوه‌ چاكده‌بنه‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ژینگه‌كه‌مان به‌م حاڵه‌ته‌ی ئێستا ته‌وق بده‌ین ده‌توانیین مامه‌ڵه‌ له‌ناو شاره‌كاندا ڕانه‌گرین. "

"وەک بۆچوونی خۆم دۆخەکە بەمجۆرە بێت دەتوانرێت ئاهەنگەکانی نەورزۆ بکرێت ئەگەر ڕێژەکە زیاد نەکات "

دەربارەی ئەوەی وەک پزیشکێک بۆچونت چیە لەسەر ئەنجامدانی ئاهانگەکانی نەورۆز لەمساڵدا ئایا دەکرێت؟

لەوەڵامدا د.ڕەهێل فەرەیدوون وتی " ئاهەنگ و مەراسیمەکانی نەورۆز ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ئەمساڵ ببێت و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ نه‌بێت وەک بۆچونی خۆم ئاوا بێت ده‌توانیین بیكه‌ین به‌ڵام زیاتربێت به‌ڕاستی ئه‌وكاته‌ نه‌خێر مه‌ترسیدار ده‌بێت و ناتوانیین به‌رده‌وام بین له‌سه‌ری مه‌رج نییه‌ ئەم هەفتەیە ئه‌و بڕیاره‌ بدرێت له‌وانه‌یه‌ له‌دوای هه‌فته‌یه‌كی تریش كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكرێت و بڕیاری كۆتایی بدرێت چونكه‌ ڕۆژانه‌ بارودۆخه‌كه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت. "

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ژیار محەمەد لەگەڵ د.ڕەهێڵ فەرەیدوون Mar 11.021