دوای ڕاگرتنی نەوتی حەسیرەی گەرمیان بۆ ماوەی 5 ڕۆژ، جارێکی تر هەناردەکردنی نەوتی ئەو ناوچەیە بۆ دەرەوەی وڵات دەستیپێکردەوە، هۆکاری ڕاگرتنی نەوتەکە پەیوەندی بەو گرفتانەوە هەبوو، کە لە نێوان کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نەوت دروستبوو.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دابان محەمەد ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات چوار ساڵ لەمەوبەر گواستنەوەی نەوتی گەرمیان بۆ کۆمپانیای بلاک بوڵ دەرچووە، دوو ساڵی یەکەم بە شێوەی تەندەرین و دوو ساڵی دووەم بە ڕێککەوتن بووە لەگەڵ ئیدارەی گشتی یەکێتی، لە مانگی 12 ی ئەمساڵ وادەی کارکردنی کۆمپانیاکە تەواو بووە، بۆیە کۆمپانیای گازپرۆم ی ڕوسی تەندەرینێکی تری کردووە و سێ کۆمپانیای دیاریکردووە، گوایە دەتوانن کاری گواستنەوەی نەوت ئەنجام بدەن، وتی"بەداخەوە، دەستوەرەدان هەبوو لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەت و نوێنەری یەکێتی لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و ئیدارەی ناوچەکە، بۆیە کار بەم تەندەرینە نەکرا، کە بۆ کۆمپانیەک دەرچوو، تا تۆنێک نەوت بە 16،90 بگوێزێتەوە."
جەختیکردەوە"جارێکی تر گواستنەوەی نەوت دراوەتەوە بەو کۆمپانیایەی کە تۆنی بە 27 دۆلار دەگوێزێتەوە، کە ملیارێک و شەشسەد هەزار دۆلار زیان بە داهاتی گشتی دەگەیەنرێت لەبەر خاتری ئەو کۆمپانیا، هۆکاری ئەمەش دەستوەردانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ئیدارەی یەکێتی بوو."
دابان محەمەد، ڕوونیشیکردەوە پێشتر سەرووی سی دۆلار دراوە بە گواستنەوەی تۆنێک نەوت، پاشان دابەزێنراوە بۆ 27 دۆلار، دواجار کۆمپانیایەک ئامادەبووە بە 16,90 بیگوێزێتەوە، کە ڕۆژانە 33 هەزار بەرمیل نەوت لەو ناوچەیە دەگوێزرێتەوە، تەنها لەم 5 رۆژەی گواستنەوەی نەوت ڕاگیرا، 160 هەزار بەرمیل نەوت زیان بەهەناردەکردنی نەوت گەیەنراوە، وتی"جیاوازیەکی زۆر هەیە لەنێوان 16,90 ی 27 دۆلار، پارەیە زۆر بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕایەوە، بەڵام دەستوەردانی حیزبی و بەرپرسانی حکومی، نەیانهێشت ئەو پارە بگەڕێتەوە."
سەبارەت بە هەڵوێستی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، دابان محەمەد وتی"قسەمان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت دا کردووە، دوو ئیدارەیی باڵادەستە، ئەوان ئەو نەوتە بە ئیستیحقاقی یەکێتی دەزانن، لەکاتێکدا گەورەو بچوکی بەرپرسانی یەکێتی باسی نەشەفافی دۆسیەی نەوت دەکەن، بەڵام دەرکەوت بەوردی نەک ئاگاداری نەوتن، بەڵکو شەریکن لەسەرجەم کۆمپانیاکاندا، بەشێکی زۆری پارەکە لەسەر حسابی خەڵک بۆ خۆیان دەبەن."
لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دابان محەمەد ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی کوردستان، باسیلەوەکرد کەسانی نێو یەکێتی تەحەکوم بە کۆمپانیاکانی نەوتەوە دەکەن، بۆیە تەندەرینی نەوتی حەسیرە ڕاگیراوە و یاری بەنرخەکانەوە کراوە، ئەمەش گومانی شەریکایەتیان ناهێڵێتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5