د.دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی ڕاپەڕین دەڵێت" تا ئێستا ڤاکسینی فایزەر نەهاتۆتە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، بۆ فایزەر چاوەڕێین لەبەغدادەوە ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمار بکرێت بۆ ئەوەی بەشمان بۆبێت هۆکاری نەهاتنەکەشی تا ئێستا بۆ هۆکاری تەکنیکی دەگەڕێتەوە کە گواستنەوەی ئەو جۆرە ڤاکسینە ئاسان نیە بۆیە چاوەڕێی بەغدادین. "
"نزیکەی 2800کەس لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین ڤاکسینییان وەرگرتووە"
لەسەرەتای وتووێژەکەدا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین وتی" بەپێی ئەو ڕێژەیەی کە هەیە، ڕێژەی دانیشتیوانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین ئێمە لەڕێی وەزارەتی تەندروستی و بەهەماهەنگی و بەحوکمی ئەوەی ڕاستەوخۆ ئەو پێداویستیانە دێنە پارێزگای سلێمانی لەوێوە بەشی ئیدارەی ڕاپەڕین دەدرێت هەتا ئێستا توانیومانە تائەمڕۆ باسی دەکەم نزیکەی دووهەزار و 700 بۆ دووهەزار و 800 کوتانمان کردووە لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بە هەردوو جۆرەکانی سینۆفارم و ئەسترازینیکا."
"بۆ فایزەر چاوەڕێین لەبەغدادەوە ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمار بکرێت بۆ ئەوەی بەشمان بۆبێت "
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی ڕاپەڕین ئەوەشی وت" سەبارەت بە فایزەر ئێمە لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین وەکو شوێن و وەکو کارمەندی تەندروستی ئێمە هەمانە وەکو ساردکەرەوەیەکی تایبەتی -80 پلەی گەرمی لەلای ئێمە هەیە و بەکارمان هێناوە و پێشتر زۆرباش سوودمان لێبینیووە بەڵام مەسەلەی فایزەر تۆزێک گواستنەوەکەی لەنێوان بەغدادەوە هەتا دەگاتە سلێمانی و هەتا دەگاتە ڕاپەڕین پێویستی بەشێوازی گواستنەوەی زۆرباش هەیە لەپلەی گەرمی تایبەتی، ئێمە چاوەڕێین کە سەنتەرەکەمان وەکو ڕاپەڕین لە بەغدادەوە دیاریبکرێت ئینجا بەشی ئیدارەی ڕاپەڕین بێت، ئەو بەشە ڤاکسینانەی کە دابەشدەکرێت ڕاستەوخۆ هەولێر، سلێمانی، دهۆک بووە هەتا ئێستا بۆ ڕاپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە بەشمان دانەنراوە و چاوەڕێی دەکەین بەشمان بێت."
د.دیار ئیبراهیم زیاتر ڕونیکردەوە" لای ئێمە ئێستا تەنها چاوەڕێی ئەوەین لەبەغداد ناوی ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمار بکرێت بۆئەوەی بەشمان بۆبێت لەڕێگەی کۆمپانیای فایزەرەوە بەڵام وەکو ئەسترازینیکا و وەکو سینۆفارم هیچ گرفتێکمان نییە ڕێژەیەکی زۆر باشی هاوڵاتیانمان کوتاوە ئێستا کۆتاییمان پێهێناوە و تەواو بووە ئەو بەشەی کە لەبەردەستمان بووە کۆتایی هاتووە و چاوەڕێ دەکەین وەجبەی نوێمان بۆبێت."
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی تائێستا ڤاکسینی فایزەر نەهاتۆتە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین؟ لەوەڵامدا د.دیار ئیبراهیم وتی" ئەمڕۆ قسەمانکردووە لەهەفتەی داهاتوو دەگات و بەشی ئیدارەی ڕاپەڕینی تێدادەبێت بەڵام ڤاکسینی فایزەر شێوازی گواستنەوەکەی، تەکنیکەکەی تۆزێک زەحمەتە، پلەی گەرمیەکەی پێویستی بەوە هەیە کە لە-70 بۆ -80 پلەبێت، شوێنەکان پێشتر لەبەغدادەوە دیاریکراون بەڵام ئێمە وەکو ئیدارەی ڕاپەڕین داوامانکردووە کە لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین پێویستمان بەوە هەیە هەم ئەم شێوازە سەلاجەیە یان موجەمیدەیە تایبەتمەندەی کە ڤاکسینەکەی تێدا هەڵدەگیرێت، وە لەگەڵ بڕێک لە ڤاکسینی فایزەریش بۆ سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین دابین بکرێت و ئێمەش لێرە بیدەینە هاوڵاتیانمان."
بەدڵنیاییەوە ئەو لە هەرێمی کوردستان بۆتە دەنگۆیەکی گەورە خەڵک بەشێوەیەکی گشتی هەتا سینۆفارم هەبوو خەڵک داوای بەریتانی و ئەمریکیەکەی دەکرد کە بەریتانیەکە هات ئێستا کۆمەڵێک خەڵک داوای ئەمریکیەکە دەکات، بەحوکمی ئەوەی هیچ سەرچاوەیەکی زانستی بەوشێوەیە نییە کە هاوڵاتیان زۆر پشتی پێ دەبەستن یان زۆر قەناعەتیان لەلا دروستبووە کە پێیان وایە ئەسترازینیکا مەترسی دروست دەکات بەڵام فایزەر دروستی ناکات بەڵام زۆربەی ئەو پزیشکە پسپۆڕانەی لەو بوارەکەدان دەڵێن گرنگ ئەوەیە خۆیان بکوتن، هەرجۆرێک بێت جیاوازی نییە گرنگ ئەوەیە خۆیان بکوتن بەڵام سەرنج و ڕای هاوڵاتیان بۆ هەموو بابەتێک جیاوازە بەتایبەت سەبارەت بە کۆرۆنا و توشبوون بەکۆرۆنا، وە دەتوانم بڵێم هەتا ئێستاش خەڵکێک هەیە قەناعەتی بەبوونی کۆرۆنا هەر نییە! ئینجا چۆن پێیوانەبێت جۆرێک بۆجۆرێک جیاوازی نەبێت."
دوو هەزار و 800 کەس هەتا ئێستا خۆی کوتاوە."
" ڤاکسین بۆ گوندەکان "
د.دیار ئیبراهیم دەربارەی ڤاکسین بۆ گوند و شوێنە دوورەکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین د.دیار ئیبراهیم وتی" بەحوکمی ئەوەی کە ئەو ڤاکسینە دێت دەبێت لەشوێنێک بێت کە پزیشکی لێ بێت بەتایبەتیش دەبێت لەناو نەخۆشخانەکان بێت بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو چونکە ئێمە لەسەرەتای پێدانی ئەم ڤاکسینەین، وانەبووە ئێمە دابەشی بکەین وەکو ڤاکسینەکانی تر ببێتە شتێکی ڕۆتیین لەهەموو شوێنێک هەبێت بۆیە ئێمە هەوڵمانداوە بەپلەی یەک لەناو نەخۆشخانە گشتیەکان بێت کە بەشی فریاکەوتن و بەشی پێداویستیەکانی تری لێ نزیکە بۆهەر حاڵەتێکی نەخوازراو لەبەرئەوەی لە هەرێمی کوردستان و لەدنیا جۆری ڤاکسینەکە جۆرێکی نوێیە، بۆ هەر نیشانەیەکی نەخوازراو ئێمە بتوانیین چارەسەری بکەین بەڵام بۆ گوندەکان ئێمە لە ناحیەکان دامانناوە یان لە هەردوو قەزای پشدەر و ڕانیە، پێنج ناحیەشمان هەیە، سێ ناحیەی تریش ڤاکسینی کۆرۆنای تێدا دەدرێت ئەو هاوڵاتیانە دەتوانن بێن لەوێ سوودمەندبن."
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی ڕاپەڕین وتیشی" ئێمە لەڕێگەی خۆمانەوە، لەڕێگەی سەرچاوەکانی ڕاگەیاندنی خۆمانەوە هەوڵمانداوە کە ڕایبگەیەنیین بە بەردەوامی ئەم پێکوتەیە پێویستە هاوڵاتیان وەریبگرن هەرجۆرێک بێت بۆیە بەلای ئێمەوە گرنگ ئەوەیە پێکوتەکە وەربگرن و بەرگری دروست بکەن بەرامبەر ڤایڕەسی کۆرۆنا، دەتوانم بڵێم بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لەبەردەستی ئێمەیە هاوڵاتیەکی زۆرباش لەتەمەنی زۆر جیاواز لەئاستی خوێندنی جیاوازیش، وە لەئاستی پیشەی جیاوازیش لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین زۆرباش بەدەم ئەم بانگەوازە هاتوون بۆ کوتانی خۆیان و سەلامەتی کەسوکارییان."
" هەتا ئێستا لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین هیچ حاڵەتێکی خراپ بەهۆی کۆرۆناوە تۆمارنەکراوە "
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین جەختیکردەوە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی کاریگەری لاوەکی ڤاکسین لەسنوری ئیدارەکەیان تۆمار نەکراوە، لەو ڕوەوە وتی" تائێستا لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین هیچ جۆرە حاڵەتێکی وا بەوشێوەیە لەسنوری ئێمە دروستنەبووە بە پێکوتەی ئەسترازینیکا لەگەڵ پێکوتەی سینۆفارم لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین هەموو ئەوانەی کە پێکوتەکەیان وەرگرتووە بەسەلامەتی گەڕاونەتەوە هەندێک نیشانەی تا نەبۆتە بابەت بەڵام باقی ئەوانەی تر هیچ نیشانەیەکی تر کە نەخۆشی پێ داخلی نەخۆشخانە بکرێت نەبووە."
"ئەو ڕێژە ڤاکسینەی هاتووە بەشمان ناکات "
د.دیار ئیبراهیم ئەوەش دەڵێت" بەدڵنیاییەوە ئەو ڕێژە ڤاکسینەی هاتووە بەشمان ناکات ئێمە ئەگەر باسی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بکەین نزیکەی 450 هەزار کەسمان هەیە لەسنورەکە، تائێستا سێ هەزار و 300 ڤاکسین بۆ ئێمە هاتووە بەدڵنیایەوە بەشی ئەو هەموو خەڵکە ناکات کە پێویست بێت ڤاکسینەکەیان پێ بدەین بەپێی ئەو تەمەنانەی کە دیاریکراوە، بەپێی ئەو کەسانەی کە بەرکەوتەی نزیکن یان لەشوێنی مەترسین کە بەردەوام مامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکەن، بەشی هەموو کارمەندانی تەندروستیش ناکات بەڵام لە قۆناغی سەرەتادا ئێمە توانیومانە ئەوەی کە بەدەستمان گەیشتووە بیکوتین بەڵام بەدڵنیاییەوە داواکاریمان دەبێت، ئەو بەشە بەشی ئیدارەی ڕاپەڕین ناکات."
"جیاوازی لە پێدانی ڤاکسین ناکەین "
د.دیار ئیبراهیم ئەوەش دەڵێت" بەشێکی زۆری خەڵک داوای ڤاکسینی کردووە بەڵام بەحوکمی ئەوەی کە ئێمە لەسەرەتا بووین بەشێکی زۆری خەڵکیش دەترسا لەپێدانی ئەم پێکوتەیە بۆیە ئێمە وامانکرد دەرگای ناوەندەکانمان کردەوە بۆئەوەی خەڵک بێت خۆی بکوتێت بۆئەوەی ئەو خەڵکانەی کە دەیانەوێت خۆیان بکوتن ئاسانکارییان بۆ کردوون و وەریدەگرن بەڵام بۆ وەجبەی داهاتوو بەدڵنیاییەوە ئێمە ئەو ئەپلیکەیشنە دەخەینەکار و لەڕێگەی ئەو ئەپلیکەیشنەوە ئێمە تۆماری خۆمان دەکرد لە نەخۆشخانەکان دەتوانم بڵێم لەیەکێک لە تۆمارەکانمان بۆماوەی حەوت ڕۆژ سەرە نوسرابوو کە ڕۆژی 60 کەس بکوتین."
"ئەپلیکەیشنەکەمان هەیە و بەکاری دەهێنیین سوودیشمان لێبینیووە بەڵام ئەوانەی لە ئەپلیکەیشنەکە خۆیان تۆمارکردووە زۆر کەمن لەوانەی کە ڕاستەوخۆ دێن خۆیان دەکوتن.
ئێمە هەرکەسێک لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، وەکو هەر هاوڵاتیەکی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ خەڵکی ناوخۆی ئیدارەکە و پەنابەریش لەسنورەکەماندا هەبێت ئێمە لەناوەندە تەندروستیەکان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ناکەین و لەو بەشەی خۆمان هاوکاریان دەبین و پێکوتەکەیان پێدەدەین."د.دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین وایوت"
" لەکاتی ئێستادا لەگەڵ مانگێک بەر لەئێستا زۆرترین ڕێژەی توشبوون بە کۆرۆنامان هەیە "
دەربارەی دۆخی کۆرۆنا لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین د.دیار دیار ئیبراهیم وتی" بەڕاستی دەتوانم بڵێم دۆخی کۆرۆنا ئێستا زیاترە لە 10-15 ڕۆژ پێش ئێستا، ئێستا لەقۆناغی زیادبوونە ئەمڕۆ لەناوەندە تەندروستیەکان 32 حاڵەتمان هەیە زۆربەشیان باری تەندروستییان باش نییە لە دۆخێکی خراپی ڤایڕەسی کۆرۆنادان زۆربەشیان بەتەمەنن، هەروەها زۆربەشیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بەداخەوە، ئێمە لەهەردوو ناوەندە تەندروستیەکانی خۆمان هەوڵمانداوە خزمەتیان بکەین بەڵام لەکاتی ئێستادا لەگەڵ مانگێک بەر لەئێستا لەئەمڕۆدا زۆرترین ڕێژەی توشبوون بە کۆرۆنامان هەیە."
هەروەها ڕاشیگەیاند" ئێمە لەسەرەتای هاتنی کۆرۆناوە تاوەکو ئێستا لەناو شەپۆلەکەداین واتە وەکو شەپۆلی کۆرۆنا بەردەوامی هەیە بەڵام دەتوانم بڵێم بەشی زۆری لەو ماوەیە پابەند نەبوونێک هەبووە بەڕێنماییەکانی تایبەت بە ڤایڕەسی کۆرۆنا بۆیە وایلێهاتووە کەخەڵکێک کۆرۆنا بەسادەیی وەربگرێت و پێیوابێت کۆتایی هاتووە بۆیە توشبووە."
" هاوڵاتیان دەبێت خۆیان بکوتن ئەوکاتە داوای ئەو کارتە بکەن "
لەکۆتایی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ د.دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین (د.دیار ئیبراهیم) وتی" زۆر سوپاستان دەکەم و تەنها داواکاریم لە هاوڵاتیان هەیە سەبارەت بەو کارتەی کە بۆ سەفەرکردن بەکاردێت هاوڵاتیان دەبێت خۆیان بکوتن ئەوکاتە داوای ئەو کارتە بکەن بۆ سەفەرکردن من هیوادارم هەموو هاوڵاتیەک لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین خۆی بکوتێت بۆئەوەی خۆی و کەسوکاریشی سەلامەت بێت."
Your browser doesn’t support HTML5