شێروان عەبدوڵا: له‌ هه‌رێمی کوردستان پێویستمان به‌یاسایه‌ بۆ بواری میدیای ئه‌لکترۆنی و سۆشیال میدیا

شێروان عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

شێروان عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "له‌ هه‌رێمی کوردستان پێویستمان به‌یاسایه‌ بۆ بواری میدیای ئه‌لکترۆنی و سۆشیال میدیا بە نیازی هەموارکردنی ڕێنمایی تایبەت بە مۆڵەت دان بە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆین بەنیازین مەرج بۆ مۆڵەت دان بە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ دابنێین، دەشڵێت"له‌ هه‌رێمی کوردستان نزیکه‌ی 140 که‌ناڵی تەلەفزیۆنی و 200 ڕادیۆمان هه‌یه‌مۆڵه‌تپێدراومان هه‌یه‌ پێمان وانییە ئەو هەموو کەناڵە پێویست بێت."

"له‌ هه‌رێمی کوردستان پێویستمان به‌یاسایه‌ بۆ بواری میدیای ئه‌لکترۆنی و سۆشیال میدیا "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی " ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان پێویستمان به‌یاسایه‌ بۆ بواری میدیای ئه‌لکترۆنی و سۆشیال میدیا، ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا به‌رپرسیارێتی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریه‌ ته‌نها کاری مۆڵه‌تپێدان و چاودێریکردنی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنە بە بینراو و بیستراو ته‌نانه‌ت گۆڤار و ڕۆژنامه‌ش به‌پێی یاسای ژماره‌ (35) له‌ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری نییه‌ به‌ڵکو به‌رپرسیارێتیه‌که‌ی له‌ئه‌ستۆی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسانی کوردستانه‌ که‌ به‌پێی یاسا دیاریکراوه‌ ئه‌وه‌ی که‌ لای ئێمه‌ مۆڵه‌تی پێده‌درێت ته‌نها ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌، ته‌له‌فزیۆنیش دابه‌ش ده‌بێت سه‌ته‌لایتمان هه‌یه‌ جیهانییه‌، وه‌ سه‌رتاسه‌ریمان هه‌یه‌ ناوخۆ سه‌رتاسه‌رییه‌ له‌سه‌رئاستی هه‌رێمی کوردستان، وه‌ لۆکاڵیشمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی شاره‌کان به‌گشتی."

"له‌ هه‌رێمی کوردستان نزیکه‌ی 140 که‌ناڵی تەلەفزیۆنی و 200 ڕادیۆی مۆڵه‌تپێدراومان هه‌یه‌ "

شێروان عەبدوڵا باسی لەوەکرد" له‌ هه‌رێمی کوردستان نزیکه‌ی 140 که‌ناڵی تەلەفزیۆنی مۆڵه‌تپێدراومان هه‌یه‌ به‌سه‌ته‌لایت و به‌ سه‌رتاسه‌ری و به‌لۆکاڵیه‌کان، سه‌باره‌ت به‌ ڕادیۆکانیش نزیکه‌ی 200 ڕادیۆمان هه‌یه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی کوردستان مۆڵه‌تمان پێداون، له‌ڕاستیدا ئه‌و که‌ناڵانه‌ هه‌مووی خۆرسک دروستبوون و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕێکیخستوون، ئێمه‌ ڕێنماییه‌کمان هه‌یه‌ کاری پێده‌که‌ین پێی ده‌ڵێن ڕێنمایی ژماره‌ (1) ی ساڵی 2014 که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌بواری ڕێکخستنی فریکوێنسی سپه‌یس."

" سەرقاڵی هەموارکردنەوەی ئەو ڕێنماییەن کە مۆڵەت دەداتە تەلەفزیۆن و ڕادیۆکان "

بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە لە ئێستادا سەرقاڵی هەموارکردنەوەی ئەو ڕێنماییەن کە مۆڵەت دەداتە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بیستراو و بینراو، لەو ڕوەوە وتی " ئێستا ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت وە بۆ داهاتوو خه‌ریکین هه‌ندێک بڕگه‌ی ڕێنمایی ژماره‌ (1) ی ساڵی 2014 هه‌موارده‌که‌ینه‌وه‌ زیاده‌شی ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر به‌هۆی ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ ته‌کنه‌لۆژیانه‌ی که‌ هاتوونه‌ته‌پێش له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ به‌ڕاستی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بۆ داهاتوو پلانمان ده‌بێت."

"مەرج بۆ مۆڵەت دان بە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ دادەنێین "

دەربارەی شێوازی هەموارکردن و مەرجە نوێیەکان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان وتی " که‌سێک که‌ دێت له‌بواری ڕاگه‌یاند و ڕاگه‌یاندکاری بۆنموونه‌ ڕادیۆیه‌ک داده‌مه‌زرێنێت یان ته‌له‌فزیۆنێک داده‌مه‌زرێنێت ئێمه‌ مه‌رجی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ که‌ ده‌بێت پێشینه‌یه‌کی ڕاگه‌یاندنی هه‌بووبێت ئینجا ئه‌ندامی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسان بێت یان ده‌رچووی یه‌کێک له‌ ئه‌کادیمییه‌کانی بواری ڕاگه‌یاندبێت یان له‌ ده‌زگایه‌کی ڕاگه‌یاندن چه‌ندساڵێک ئیشی کردبێت، وه‌ له‌ڕووی ئیتک و مۆڕاڵی ڕۆژنامه‌نوسی به‌رپرسیارێتی له‌ئه‌ستۆ نه‌بووبێت، به‌رپرسیارێتی خراپی نه‌که‌وتبێته‌ ئه‌ستۆوه‌، ئێمه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ بۆیه‌ له‌به‌رچاو ده‌گرین بۆئه‌وه‌ی وه‌کو فلته‌رێک له‌داهاتوو هه‌وڵبده‌ین کواڵێتی بواری ڕاگه‌یاندن له‌که‌ناڵه‌کان به‌رزبکه‌ینه‌وه‌."

"پێمان وانییە ئەو هەموو کەناڵە پێویست بێت "

شێروان عەبدوڵا ئەوەشی وت" ئێمه‌ش وەکو وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم پێمان وانییه‌ ئه‌و هه‌موو که‌ناڵه‌ پێویست بێت به‌ڵام ناشکرێت ئێمه‌ ڕێگه‌ له‌ئازادی ڕاده‌ربڕین و ئازادی کاری ڕاگه‌یاندن بگرین له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین به‌پێی مه‌رج به‌پێی ئه‌و شتانه‌ی که‌ پێویستن بۆ مۆڵه‌تدان ناڵێم قورس سه‌یری بکه‌ین به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌کادیمی که‌سێک ئه‌گه‌ر پیشه‌ی ڕاگه‌یاندکار نه‌بوو یان له‌بواری ڕاگه‌یاندکاری شاره‌زایی نه‌بوو یان پێشینه‌یه‌کی باشی نه‌بوو بۆکاری ڕاگه‌یاندکار له‌مه‌ودوا ئێمه‌ ڕه‌نگه‌ مۆڵه‌تی پێنه‌ده‌ین، بۆیه‌ کۆمه‌ڵێک بنه‌مای باش داده‌نێین بۆئه‌وه‌ی کاری مۆڵه‌تدان به‌فلته‌رێکی باشتردا بڕوات وه‌ک له‌وه‌ی ئێستا که‌هه‌یه‌."

"ئه‌وه‌ی که‌ له‌سۆشیال میدیا بڵاوبویه‌وه‌ له‌ سایت و په‌یجه‌کان ئه‌وه‌ به‌رپرسیارێتی ئێمه‌ نییه‌ له‌ئێستادا ئه‌وه‌ پێویسته‌ حکومه‌ت یاسای بۆ ده‌ربکات"

سەبارەت بەگواستنەوەی دیمەنی ڕاستەوخۆی خۆسوتاندنی پەنابەرێکی کوردی ئێران لەشاری هەولێر، هەروەها چەند حاڵەتێکی تری لەوجۆرە بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە دەڵێت "ئێمه‌ ڕێنماییه‌کمان هه‌یه‌ به‌پێی ئه‌و ڕێنماییه‌ چوار لایه‌ن به‌رپرسن له‌هه‌ڵوه‌سته‌کردن و دیاریکردنی سه‌رپێچیه‌کان ئه‌و کاته‌ داوا له‌وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ده‌کرێت بۆ گرتنەبەری ڕێ و شوێن یه‌کێک له‌وانه‌ دادگایه‌، داواکاری گشتییه‌، سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسانه‌، هەروەها ژوری مۆنیته‌رینگه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان، ئه‌و بابه‌ته‌ی که‌ بینیمان دیمه‌نێکی ناخۆش بوو به‌داخه‌وه‌ چه‌ند که‌ناڵێکی ڕاگه‌یاند مایکیان هه‌بوو له‌وێ، وه‌ چه‌ند که‌ناڵێک له‌ شاشه‌کانیان بڵاویانکرده‌وه‌ له‌سۆشیال میدیاش به‌شێوه‌یه‌کی فراوان بڵاوبویه‌وه‌، ئه‌وه‌ پۆلێن ده‌بێت به‌سه‌ر سێ شێواز، ئێمه‌ وه‌کو وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری به‌رپرسیارێتیمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر که‌ناڵه‌کان کاتێک که‌ مۆڵه‌تمان پێداون کۆمه‌ڵێک مه‌رج هه‌یه‌ ئه‌وان گرێبه‌ستییان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌بێت پێوه‌ی پابه‌ندبن کاتێک له‌و مه‌رجانه‌ لاده‌ده‌ن ئێمه‌ ده‌توانیین له‌سه‌ر سه‌رپێچیه‌کان لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بکه‌ین."

شێروان عەبدوڵا زیاتر ڕونیکردەوە" ئه‌وه‌ی که‌ له‌سۆشیال میدیا بڵاوبویه‌وه‌ له‌ سایت و په‌یجه‌کان ئه‌وه‌ به‌رپرسیارێتی ئێمه‌ نییه‌ له‌ئێستادا ئه‌وه‌ پێویسته‌ حکومه‌ت یاسای بۆ ده‌ربکات و به‌رپرسیارێتیه‌که‌ بخاته‌ ئه‌ستۆی لایه‌نێک ئینجا وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه‌، سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسانه‌ لایه‌نێکی دیاریکراو کێ دیاریده‌کات ئه‌وه‌ په‌رله‌مانی کوردستان ده‌توانێت تاپه‌رله‌مانیش ئه‌و کاره‌ ده‌کات ئێمه‌ ده‌سته‌وه‌ستان نه‌وه‌ستاوین ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن له‌گه‌ڵ سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسان چه‌ند دانیشتنێکمان کردووه‌ و هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ڕێکبخه‌ین به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی شورا بتوانیین چوارچێوه‌یه‌کی یاسایی بدۆزینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و بواره‌ش ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرێت لای خۆمان ڕێکی بخه‌ینه‌وه‌ و بتوانیین له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ ڕێ و شوێن بگرینەبەر."

دەربارەی بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەمانگی ڕابردوو بۆ ڕاگرتنی چەند بەرنامەیەک لە سێ کەناڵی کوردی، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە وتی" ئەو بڕیارە له‌سه‌ر داوای داواکاری گشتی بووه‌، داواکاری گشتی وه‌کو لایه‌نێک که‌ له‌سه‌ر مافی گشتی دێته‌ وه‌ڵام ڕه‌نگه‌ سکاڵای هاوڵاتیان بچێت بۆلایان ئه‌وان به‌پێی ئه‌و ڕێنماییه‌ی ئێمه‌ش له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری کاری پێده‌که‌ین لایه‌نێکن له‌و لایه‌نانه‌ی که‌ ده‌توانن له‌سه‌ر سه‌رپێچیه‌کان هه‌ڵوه‌سته‌ بکه‌ن و داوای ئیجرائات له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بکه‌ن بۆیه‌ ئه‌وان ئه‌وه‌یان دیاریکردبوو که‌ ئه‌و به‌رنامانه‌ ده‌رچوونه‌ له‌ ئادابی گشتی پێویسته‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بڕیاربدات له‌سه‌رئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رنامانه‌ ڕابگیرێن ئێمه‌ش بڕیاره‌که‌ی داواکاری گشتیمان جێبه‌جێ کردووه‌."

"بابه‌تی کەناڵی ئاسمانی و فریکیۆنسه‌کان تایبه‌ته‌ بۆ سیاسه‌تی حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراقەوە "

بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە باسی لەوەشکرد" به‌دڵنیاییه‌وه‌ کێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ یاسایه‌ک نییه‌ له‌بواری ڕاگه‌یاندن هۆکاره‌که‌شی ئیهمالی نه‌بووه‌ به‌ڵکو به‌هۆی ئه‌وه‌ بووه‌ له‌ده‌ستوری عێراق له‌مادده‌ی (10) بڕگه‌ی شه‌شه‌م هاتووه‌ که‌ بابه‌تی کەناڵی ئاسمان و فریکیۆنسه‌کان تایبه‌ته‌ بۆ سیاسه‌تی حکومه‌تی ناوه‌ندی له‌به‌رئه‌وه‌ یه‌ک یاسایه‌ هه‌یه‌ له‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی، وه‌ ئه‌و یاسایه‌ ده‌سته‌یه‌ک به‌ڕێوه‌ی ده‌بات له‌عێراق که‌ پێی ده‌ڵێن ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ عێراق( (CMC) Communications and Media Commission )ئه‌وان هه‌م سه‌ندیکا و هه‌م ئه‌و به‌شه‌ی که‌ ئێستا لای ئێمه‌ لای وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنه‌ هه‌م ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ی ئێمه‌ که‌ به‌رپرسیارێتیمان هه‌یه‌ له‌ ده‌سته‌یه‌ک کۆکراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ یاسایه‌کی تۆکمه‌ و دیاریکراو هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێکردن به‌ڵام له‌ هه‌رێمی کوردستان یاسای تایبه‌ت به‌خۆمان نییه‌ بۆ بواری ڕاگه‌یاندن له‌به‌رئه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری به‌هاوکاری له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسان ڕێنمایمان ده‌رکردووه‌ بۆیه‌ هه‌ندێکجار ئه‌و ڕێنمایه‌ش تانه‌ و ته‌شه‌ری لێده‌درێت له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ئه‌کادیمی و یاساییه‌وه‌ نه‌ک هێزی یاسایی نییه‌."

"لە هەوڵی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەکداین "

لەکۆتایی وتووێژەکەدا شێروان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکرد لە هەوڵی داڕشتنی پڕۆژە یاسایەکن بۆ بابه‌تی سۆشیال میدیا و بابه‌تی مۆڵه‌تی کاری ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن لەو ڕووەوە دەڵێت" ئێمه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین کۆبونه‌وه‌یه‌کی دیاریکراومانکردووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ میدیا و زانیاری له‌گه‌ڵ سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسان له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن بۆئه‌وه‌ی بتوانیین پرۆژه‌یاسایه‌ک له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ڕۆشنبیری له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ئاماده‌ بکه‌ین بۆ بابه‌تی سۆشیال میدیا و بابه‌تی مۆڵه‌تی کاری ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و فریکیۆنسی که‌ تایبه‌ته‌ به‌حکومه‌تی ناوه‌ندی هه‌وڵده‌ده‌ین به‌شێوه‌یه‌کی باشتر به‌پێی ڕێنمایی ڕێکی بخه‌ینه‌وه‌ به‌گشتی هەموو پەیج و وێب سایتەکانیش بگرێتەوە. "

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ژیار محەمەد لەگەڵ شێروان عەبدوڵا May 20-021