محەمەدی حاجی مەحمود: پێمان باشە لە دەستوری هەرێمدا سیستمی حوکمڕانی پەرلەمانی بێت بەڵام سەرۆکی هەرێم لەناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت

محەمەدی حاجی مەحمود

محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لەم وتووێژەدا باس لە بۆچوونی حیزبەکەی و خۆی دەکات لەسەر پرسی دەستوری هەرێمی کوردستان و دەڵێت"دەستور دەبێت هەموو جوگرافیای کوردستانی تێدابێت واتە جوگرافیای کوردستانی باشور مەبەستم چیای حەمرین ئەو شوێنانەی کە پێی دەڵێن کوردستان، لەدەستوری هەرێمی کوردستاندا دەبێت مەسەلەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان میللەت هەڵیبژێرێت، ئێمە ئەو دوو خاڵەمان لەلا گرنگە بەڵام سیستەمەکە سیستەمێکی پەرلەمانی بێت." دەشڵێت"ئەگەر سەرۆک لە ناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت ئامادەم خۆم کاندید بکەم بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم."



" ئێمە ئێستا ناتوانیین بگەڕێنەوە بۆ هیچ شتێک لەدەستوردا، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ هەندێک شتی کۆنی پەرلەمان یان بچین بەدوای دەستوری ساڵی شەستەکان و حەفتاکاندا بگەڕێین"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا محەمەدی حاجی مەحمود سەبارەت بە بۆچونیان لەسەر پرسی دەستوری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" خۆی لەڕاستیدا دەبووایە دەستوری هەرێمی کوردستان پێش دەستوری عێراق بنوسرێتەوە لەوکاتەی کە هەرێمی کوردستان پەرلەمان و حکومەتی هەبوو پێش ڕووخاندنی (سەدام) دەبووایە ئەوکاتە بنوسرایەتەوە، ئەو کاتە ڕای ئەمریکیەکانیش وەهابوو کە کورد پێش دەستوری عێراق دەستور بنوسێتەوە، ئێمە لەساڵی 2009 دەستورمان نوسییەوە لە پەرلەمانی کوردستان واتە ڕەشنووسی تەواو بوو خرابوویەوە دەنگدانەوە بەنزیکەیی کۆتایی پێهاتبوو، لە 2015 ش بڕیاربوو بخرێتە ڕاپرسیەوە بەڵام نەیانکرد، دواتر کێشەی ناوحیزبەکان دوایانخست."

هەروەها وتیشی" واتە بەڕای ئێمە دەستور گرنگە ڕەنگە ببێتە سەرچاوەیەک، گەڕانەوە بۆ دەستور ڕەنگە بتوانێت یاساکان ڕێکبخات، دەسەڵاتەکانی یاسادان و جێبەجێکردن لەیەک جیابکاتەوە، بۆ ئەوانە دەتوانێت بەرنامەیەک بۆ داهاتوو دابنرێت، ئێمە ئێستا ناتوانیین بگەڕێنەوە بۆ هیچ شتێک لەدەستوردا، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ هەندێک شتی کۆنی پەرلەمان یان بچین بەدوای دەستوری ساڵی شەستەکان و حەفتاکاندا بگەڕێین."

محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی وت" ئێمە تائێستا دەستورمان نییە بۆنموونە سێ کەس ڕێکخراوێکی ( NGO) بکاتەوە لە هەرێمی کوردستان یان ڕێکخراوێکی خێرخوازی بکاتەوە و داوا لە حکومەت بکات، حکومەت داوای بەرنامەکەی لێدەکات کە دەستوری ئەو ڕێکخراوەیە، حکومەت خۆی تائێستا دەستورەکەی نییە ئەوە 30 ساڵە، پێموایە کەموکورتیەکە من ناڵێم دەستور هەموو شتێک چارەسەردەکات بەڵام دەستور دەبێتە سەرچاوەیەک."


بەڵام ئایا بارودۆخی ئێستا جیاواز نیە لە ساڵی نۆسەد و شەست و حەفتاکان ئایا ئەو یاسا و دەستورانە بۆ ئەم سەردەمە دەبن؟

لەوەڵامدا محەمەدی حاجی مەحمود وتی" نەخێر بارودۆخ و سەردەم وەکو ئێستا نییە، بۆنموونە من لەو ڕۆژانە بینیم خەڵاتیان دابوو بەچەند نوسەرێک، هیچ دەستورێک ئەو خەڵاتەی تێدانەبوو گەڕانەوە بۆ ساڵی شەستەکان و حەفتاکان کۆتاجار چوونەوە سەر ساڵی 1952ی مەلیکی بڕگەیەکیان دەرهێنا ئەو خەڵاتەیان پێشکەش کرد بەو کەسانە واتە کەموکورتیە ناتوانرێت بگەڕێنەوە بۆ ساڵی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان تەنانەت نەوەدەکانیش چونکە ئەوانە هەمووی بەسەرچووە، ژیانی خەڵک لەڕووی سیاسی لەڕووی ئابوری و لەڕووی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئێستادا زۆر جیاوازە."

"ماوەی سی ساڵە ئەم هەرێمە هەندێکی بە مەزاج ڕۆیشتووە و هەندێکیشی گەڕاونەتەوە بۆ دەستورەکانی کاتی بەعس و کاتی پاشایەتی"

واتە دەستور دەتوانێت چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکات؟ لە وەڵامدا محەمەدی حاجی مەحمود وتی"ناڵێم دەستور دەتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات واتە هەموو شتەکان بەڵام دەستور دەبێتە چوارچێوەیەک کە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنگی بۆ دەدات ئەوکاتە هەرلایەک پابەند نەبوو دەتوانرێت ئەوکاتە بگەڕێنەوە بۆ بڕیاری دادگاکان بۆ دەستور ، من پێموایە دەستور بەشێکە لە خەبات و بەشێکە لە داواکانی خەڵکی کوردستان چۆن ئێمە لە حکومی زاتیەوە چوین بۆ فیدڕاڵی، دەستوریش یەکێکە لەو قۆناغانە کە پێویستە بۆ ئەم وڵاتە بۆ نموونە شەش ملیۆن کەس دەتوانێت بەبێ دەستور کە مەرجەعیەتێکی نەبێت بگەڕێتەوە بۆی، دەتوانێت بەڕێوەبچێت! واتە خێزان دەستوری هەیە، حیزبێک هەیە، پەیڕەوەی ناوخۆی هەیە واتە دەستور، حیزبێک هەیەتی و ڕێکخراوێک هەیەتی، ئەی بۆ میللەتێک نەیبێت!"

"ماوەی سی ساڵە ئەم هەرێمە هەندێکی بە مەزاج ڕۆیشتووە و هەندێکیشی گەڕاونەتەوە بۆ دەستورەکانی کاتی بەعس و کاتی پاشایەتی."محەمەدی حاجی مەحمود وایوت"

"خۆ دەستور هیچ کەسێک نایخاتە سەر سینیەکی زێڕین و بێت پێشکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بکات "

ئایا پێتان وایە حکومەتی عێراقی و لایەنە عێراقیەکان ڕێگە بدەن هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستور ئەگەرچی لە دەستوری عێراقیدا ڕێگەی پێداوە؟

وەڵامەکەی محەمەدی حاجی مەحمود بەمجۆرە بوو " من پێموایە خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆی دەبێت بڕیار بدات، خۆ دەستور هیچ کەسێک نایخاتەسەر سینیەکی زێڕین و بێت پێشکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بکات، خەڵکی هەرێمی کوردستان لەدەستوری عێراقیدا ئاماژەی پێدراوە و مافیداوە بەخەڵکی هەرێمی کوردستان کە دەستوری عێراقی ئەو مافەیداوە دەبێت کورد بەسەر ئەو فرسەتەی خۆی تێنەپەڕێت و بڕیاری لێبدات."

"ئێمە ئەو دوو خاڵەمان بەلاوە گرنگە "

محەمەدی حاجی مەحمود سەبارەت بە داواکاری سەرەکییان لە ناو دەستوردا وتی " ئێمە پێمانوایە دەستور دەبێت هەموو جوگرافیای کوردستانی تێدابێت واتە جوگرافیای کوردستانی باشور مەبەستم چیای حەمرین ئەو شوێنانەی کە پێی دەڵێن کوردستان، لەدەستوری هەرێمی کوردستاندا دەبێت مەسەلەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان میللەت هەڵیبژێرێت، ئێمە ئەو دوو خاڵەمان لەلا گرنگە بەڵام سیستەمەکە سیستەمێکی پەرلەمانی بێت. "

"ئەگەر سەرۆک لە ناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت ئامادەم خۆم کاندید بکەم بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم"

باشە چۆن دەکرێت سیستمی حوکمڕانی پەرلەمانی بێت و سەرۆکیش لە ناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت؟

لە وەڵامدا محەمەدی حاجی مەحمود وتی " ئێمە پێمانوایە سیستەمەکە دەتوانرێت پەرلەمانی بێت بەڵام ئەگەر سەرۆک لەناو خەڵکی هەرێمی کوردستاندا هەڵبژێردرێت یەکەم دیموکراتی زیاترە، دووەم مافی هەموو تاکێکی خەڵکێکی کوردستان پێشێل ناکرێت ڕێگەی لێبگیرێت دەنگ بدات واتە پەرلەمان ڕەنگە نوێنەری هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبێت بۆچی پەرلەمان بە 111 کەسەوە سەرۆک هەڵبژێرێت، ئەی بۆ میللەتێکی سێ ملیۆنی دەنگ نەدات بۆ سەرۆکەکەی خۆی، دووەم ساڵانی پێشوو کە سەرۆک لە ناو خەڵکدا هەڵبژێردرا زیاتر لە 20 کەس خۆی کاندیدکرد بۆ سەرۆکایەتی بەڵام ئێستا ئەگەر لە ناو پەرلەمان بێت جگە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کەسێک ناتوانێت خۆی کاندید بکات واتە مافی هەموو ئەو خەڵکە پێشێل دەکرێت. "

محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی وت" ئەگەر لەناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت بەڵێ ئامادەم خۆم کاندید بکەم بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم ، جاری پێشوو لەناو خەڵکدا هەڵبژێردرا و ژمارەیەکی زۆر خۆیان کاندید کرد ئەوکاتە حەڤدە-هەژدە کەس دەنگیشیان هێنا بۆنموونە کاک (کەمال میراودەلی) نزیکەی نیوملیۆن دەنگی هێنا، کۆمەڵێک خەڵک بۆنموونە لە گەرمیان لەشوێنەکانی تر دەنگیان هێنا، کوڕی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەنگی هێنا ئەوکاتە خەڵک دەنگی زۆر هێنا واتە ئەوە ئازادانەترە و دیموکراتی ترە لە وڵاتێک 20-30 کەس خۆی کاندید بکات بۆسەرۆک یاخود لەناو پەرلەماندا تایبەت بکرێت لەسەر حیزبێک یان دوو حیزب."

محەمەدی حاجی مەحمود جەختی لە خۆکاندید کردن کردەوە و وتی" ئەگەر بە دەنگدانی خەڵکی کوردستان بێت هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بەڵێ من دەچم خۆم کاندید دەکەم ئەوکاتە ئەگەر دەنگ بهێنم یان نەیهێنم ئەوە شتێکی ترە بەڵام من خۆم کاندید دەکەم بۆسەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان."

ئایا ئەم داواکارییەی ئێوە (هەڵبژاردنی سەرۆک لە پەرلەمان و لە هەمانکاتدا سیستمی حوکمڕانی پێویستە پەرلەمانی بێت) بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگییە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان کە داوا دەکات سەرۆک لە ناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت لە بەرامبەردا لایەنەکانی تر داوا دەکەن سیستمی حوکمڕانی پەرلەمانی بێت؟

محەمەدی حاجی مەحمود لە وەڵامدا وتی" من پێشتریش هەر بۆچوونم وابووە و ئێستاش و داهاتووش بۆچوونی خۆم وایە سەرۆک هەرکەسێک و هەر حیزبێک بێت میللەت هەڵیبژێرێت چونکە میللەتێک مافی خۆیەتی سەرۆکی خۆی هەڵبژێرێت و دەنگی خۆی بدات نابێت قەدەغە بکرێت لەخەڵکی هەرێمی کوردستان کە کەس خۆی کاندید نەکات تەنها لەناو پەرلەماندا 111 کەس هەڵیبژێرێت کە ڕەنگە ئەوان زیاتر نوێنەری حیزبەکان بن چونکە خەڵکی کوردستان بەهەموو چین و توێژەکانییەوە مافی ئەوەیان هەیە دەنگ بۆ سەرۆکێک بدەن کە خۆیان هەڵیبژێرن."

"ئێستا حیزبەکان خۆیان پێیان خۆشە دەستور نەبێت "

محەمەدی حاجی مەحمود دەشڵێت" من پێموایە کۆمەڵێک کێشەمان هەیە لە هەرێمی کوردستان ئێستا حیزبەکان خۆیان پێیان خۆشە دەستور نەبێت و خۆیان بڕیار بدەن لەجیاتی دەستور ئەگەر دەستور هەبوو ئەوکاتە حیزبەکان ناچارن ئیلتزامی پێوەبکەن واتە ئەوکاتە قەزا ودادگاکان دەتوانن ڕۆڵ ببینن، ئەو حیزبەی پابەند نەبێت بەبڕیارەکانی دەستورەوە، ئەوانە دەتوانن چوارچێوەی سنورداربکەن."

محەمەدی حاجی مەحمود ڕەتیکردەوە باسکردنی دەستور پەیوەندی هەبێت بە بابەتی "ڕیکلامی هەڵبژاردن" لەو ڕوەوە وتی" باوەڕناکەم بەڵام ڕەنگە ڕێگری هەبێت لەناودەستوردا، یەکەم حیزبەکان پێیانخۆش نییە دەستور هەبێت بۆئەوەی خۆیان لەجیاتی دەستور بڕیاربدەن واتە خۆیان کۆببنەوە و لەجیاتی دەستور بڕیاربدەن، ڕەنگە یەکێک لەوانە پەیوەندی بەسنوری هەرێمی کوردستانەوە هەبێت ڕەنگە ئەوە یەکێک لەخاڵەکان بێت کە ڕێگربێت."

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ژیار محەمەد لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود May 31-021