ئاوات حسامەدین: مافی خۆمانە ئاینی زەردەشتی لەدەستوری هەرێمدا وەک ئاینەکانی تر بکرێنە فەرمی و بنوسرێتەوە

ئاوات حسامەدین نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینەکانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق

ئاوات حسامەدین نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینەکانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم وتووێژەدا باس لەبۆچون و داواکاری خۆیان دەکات وەک زەردەشتییەکان بۆ چەسپاندنییان لە دەستوری هەرێم.

"مافی خۆمانە ئاینی زەردەشتی لەدەستوردا وەک ئاینەکانی تر بکرێنە فەرمی و بنوسرێتەوە "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کار و باری ئاینی هەرێمی کوردستان دەربارەی داواکاری زەردەشتییەکان لە دەستوری هەرێم ڕایگەیاند" ئێمه‌ ده‌زانیین که‌ یاسای ژماره‌ (5) ی 2015 ده‌رچوو له‌و یاسایه‌دا هاتووە کە دەبێت هه‌موو پێکهاتەکان یاسای خۆیان هه‌بێت و نوێنه‌ریان هه‌بێت له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هه‌روه‌ها به‌ئازادی ئاینی خۆیان بپه‌رستن و شوێنی تقوس- ڕێوڕه‌سمی ئاینی خۆشیان هه‌بێت وه‌کو مه‌عبه‌د، په‌رستگا، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت یاساکه‌ یاسایه‌کی زۆرباشه‌ به‌ڵام یاساکه‌ تائێستا له‌ لوتکه‌ی هه‌ڕه‌مه‌که‌یه‌ و نه‌هاتۆته‌ خواره‌وه‌ و به‌باشی جێبه‌جێ نه‌کراوه‌، مادام یاساکه‌ جێبه‌جێ نه‌کراوه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ده‌ستوریشدا ناوی ئێمه‌ وه‌کو زه‌رده‌شتی یان وه‌کو ئاینه‌کانی تر نه‌هاتووه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ مافی خۆمانه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو داوابکه‌ین وه‌کو ئاینه‌کانی تر ئه‌وه‌ی که‌ به‌شی ئاینه‌کانی تریشه بەفەرمی بچەسپێنرێن و بنوسرێنەوە‌."

ئاوات حسامەدین زیاتر لەسەر داواکارییەکانیان ڕونکردنەوەی دا و ڕایگەیاند" بۆ نموونه‌ کۆتا هه‌یه‌ و گۆڕینی ناسنامه‌ هه‌یه‌ و ژن هێنان و ماره‌کردن هه‌یه‌ که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ ده‌ستوردا ناوی ئێمه‌ی تێدا نییه‌ یارمه‌تی ئێمه‌ نادات بۆ ئه‌وه‌ی که‌ کاره‌کانمان به‌ئاسانی بچێته‌سه‌ر بۆیه‌ له‌کاتی گۆڕینی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان پێویسته‌ هه‌موو ئاینه‌کانی تر نه‌ک زه‌رده‌شتی به‌ته‌نها ئه‌و داواکاریانه‌ی هه‌یانه‌ بۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن و مافی خۆیان له‌ ده‌ستوردا وه‌کو ئاینه‌کانی تر بنوسرێته‌وه‌ چونکه‌ ئێمه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌مان دروست بوو لای دادگا چه‌ند هاوبیرێکمان هاوسه‌رگیریان کرد هه‌تا دادوه‌ره‌که‌ لێی توڕه‌ بوو پێی ووتبوون ئێوه‌ "مورته‌دن" و له‌ملتان بدرێت و ده‌ری کردوون پێشی وتووبوون ته‌نها ده‌توانن له‌سه‌ر قورئان ماره‌بکرێن و له‌سه‌ر شتی تر ناکرێت له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستوره‌که‌ بگۆڕدرێت ئه‌و کێشانه‌ بۆ ئێمه‌ ڕووناداته‌وه‌."

"تا ئێستا ناسنامەکانمان نەگۆڕاوە "

نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت"ده‌مانه‌وێت وه‌کو ئاینه‌کانی تر مافی خۆمانه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو بۆنموونه‌ له‌ دادگاکاندا یه‌که‌م هه‌تا ئێستا له‌ ناسنامه‌کاندا موسلیم-موسڵمان نوسراوه‌ هه‌روه‌ها مه‌عقول نییه‌ من زه‌رده‌شتیم یان یه‌کێکی تر زه‌رده‌شتییه‌ له‌سه‌ر دینی ئیسلام و به‌یاسای موسوڵمان ماره‌ بکرێت و هه‌تا ئێستاش ناسنامه‌کانمان نه‌گۆڕاوه‌ به‌ڵام حکومه‌تی هه‌رێم پاساوی هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ ڕاسته‌ ناتوانێت بیگۆڕێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ سه‌ر به‌ به‌غدادین و سه‌ر به‌ ناوه‌ندین، یاسا ده‌بێت له‌ ناوه‌نده‌وه‌ بگۆڕدرێت ئێمه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێمێکین ناتوانیین، هه‌ندێک گۆڕانکاری هه‌یه‌ که‌ ده‌بێت فشار بخرێته‌سه‌ر حکومه‌تی ناوه‌ند ئه‌و یاسایانه‌ بگۆڕدرێت."

"ژمارەی زەردەشتییەکان لەهەرێمی کوردستان زۆرە و بەرەو زۆرتریش دەڕوات.. بەپێی دوو ڕاپرسی 200 هه‌زار که‌س بوونه‌ته‌ زه‌رده‌شتی "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئێوە وەک زەردەشتییەکان ژمارەتان زۆرە؟ لە وەڵامدا ئاوات حسامەدین وتی" به‌ڵێ ئێمه‌ ژماره‌مان زۆره‌ هه‌تائێستاش به‌ره‌وه زۆری ده‌ڕوات، چه‌ندین ڕێکخراوی زه‌رده‌شتی هه‌یه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ڕێکخراوه‌کان یه‌کتریان گرتۆته‌وه‌، هه‌رکه‌سێک ده‌بێت به‌ زه‌رده‌شتی ئێمه‌ ناوی ده‌نوسین و فۆڕم و ناسنامه‌ و مه‌له‌فی بۆ ده‌که‌ینه‌وه‌ به‌نزیکه‌یی پانزه‌ هه‌زار که‌س له‌لای ئێمه‌ تۆمارکراوه‌ بێجگه‌ له‌ ڕێکخراوه‌کانی تر به‌ڵام به‌پێی ڕاپرسیه‌ک که‌ وابزانم ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ و NRT بوو کردیان، به‌پێی ئه‌م دوو ڕاپرسیه‌ له‌ 2017 نزیکه‌ی 200 هه‌زار که‌س بوونه‌ته‌ زه‌رده‌شتی."

" وا پێشبینی دەکەین 300 هه‌زار که‌س لە هەرێم بوونەتە زه‌رده‌شتی"

نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینەکان-حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت" ئێمه‌ واپێشبینی ده‌که‌ین که‌ ژماره‌که‌ زیاتریش بێت نزیکه‌ی 300 هه‌زار بێت به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ هاتوچۆی به‌غداد ده‌کات ناتوانێت دینه‌که‌ی خۆی ئاشکرا بکات چونکه‌ تائێستا مه‌ترسی هه‌یه‌ ڕێکخراوه‌ تیرۆریسته‌کانی وه‌کو داعش و قاعیده‌ و جندود نه‌سروڵا و ئه‌وانه‌ تائێستاش بوونیان ماوه‌ هه‌ندێک له‌ توندڕه‌وه‌کانی تر بوونیان هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ خه‌ڵکه‌که‌ ناوێرێت خۆی ئاشکرا بکات، زۆرکه‌سمان هه‌یه‌ که‌ دێت بۆلامان ده‌ڵێت تکایه‌ با له‌وێنه‌کاندا دیار نه‌بم یان نه‌بینرێم."

" کوردستان بۆ ئاینەکان سەلامەتە تا ئێستا کەس لەسەر جیاوازی دین یا دین گۆڕین نەکوژراوە"

ئاوات حسامەدین ئاماژە بەوە دەکات" خه‌ڵکێکی زۆر ده‌وێرێت ببێتە سەر ئاینی زەردەشتی چونکه‌ به‌ڕاستی له‌ هه‌رێمی کوردستان سه‌لامه‌تی هه‌یه‌ و تائێستا هیچ که‌س په‌نجه‌ی بریندار نه‌بووه‌ له‌سه‌ر دینه‌کان یان له‌سه‌ر گۆڕینی دین تائێستا هیچ که‌سێک نه‌کوژراوه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌مانێکی زۆر گه‌وره‌ هه‌یه‌."

هەروەها وتیشی" ئێمه‌ وه‌کو زه‌رده‌شتی ئه‌وه‌تا به‌ئاشکرا په‌رستگای خۆمان هه‌یه‌، ڕێوڕه‌سمی ئاینی ده‌که‌ین و له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ده‌ڕۆین واته‌ هیچ کێشه‌یه‌کمان نییه‌ پێکه‌وه‌ ژیانی هه‌موو دینه‌کان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، ئاینه‌کان هه‌مووی ئازادن ته‌نانه‌ت ئه‌و دینانه‌ی که‌ له‌ به‌غداد و له‌باشوری عێراق هه‌ن ناوێرن بڵێن وه‌کو به‌هائیه‌کان و سابیئمه‌نداییه‌کان ئه‌وانه‌ هاتوون له‌ هه‌رێمی کوردستان په‌رستگایان هه‌یه‌ و حکومه‌ت یارمه‌تیان ده‌دات نوێنه‌ریان هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هه‌روه‌ها به‌هائیه‌کان دوو گۆڕستانیان هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌م کێشانه‌ نییه‌ له‌کوردستان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک."

"داواکاری زەردەشتییەکان لە دەستوری هەرێمدا "

نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیەکان ئەوەشی وت" مافی خۆمانه‌ داوابکه‌ین یه‌که‌م کورسی کۆتامان هه‌بێت بۆ په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ش وه‌کو دینه‌کانی تر به‌رگری له‌خۆمان بکه‌ین، دووه‌م مافی خۆمانه‌ ناسنامه‌کانمان بگۆڕدرێت زۆر زۆر گرنگه‌، سێیه‌م مافی خۆمانه‌ داوابکه‌ین که‌ حکومه‌ت په‌رستگامان بۆ بکاته‌وه‌ چونکه‌ ئێمه‌ هه‌موو خۆبه‌خشین ئێمه‌ نوێنه‌ری خۆبه‌خشین پێنج دینه‌که‌ مافی خۆمانه‌ که‌ حکومه‌ت په‌رستگامان بۆبکاته‌وه‌ و گۆڕستانمان بداتێت ته‌نانه‌ت هه‌ندێک پێش مردنیان وه‌سیه‌تیان کردووه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو زه‌رده‌شتیه‌کان گۆڕستانی خۆیانیان نه‌بێت وتویانه‌ بائێمه‌ له‌ماڵی خۆمان بنێژرێن وه‌کو دکتۆر "محه‌مه‌د هه‌ورامی" له‌ماڵی خۆی نێژرا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وکاته‌ گۆڕستانمان نه‌بووه‌ و ئێستاش نیمانه‌ بۆیه‌ داوا له‌حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ین که‌ ئاوڕێک له‌ دینه‌کان بداته‌وه‌ وه‌کو له‌دینه‌ گه‌وره‌کانی داوه‌ته‌وه‌."

"به‌هیچ شێوه‌یه‌ک قبوڵمان نییه‌ ئاینی ئیسلام ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی یاسادانان له‌ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستاندا "

ئاوات حسامەدین ئەوەشی ڕاگەیاند" ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک قبوڵمان نییه‌ ئاینی ئیسلام ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی یاسادانان له‌ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستاندا، ئێستا ئێمه‌ کێشه‌مان هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی دادگاکان و شه‌رعه‌که‌ هه‌مووی به‌ده‌ست ئه‌وانه‌ من خۆم یان ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی تر ڕازی نابن، ئێمه‌ ڕێوڕه‌سمی ئاینی خۆمان هه‌یه‌ نه‌ک ته‌نها له‌سه‌ر ئیسلام هه‌ر دینێکی تریش بێت ڕازی نابین ئێمه‌ش مافی خۆمانمان هه‌یه‌ وه‌کو دینه‌کانی تر، من وه‌کو خۆم نوێنه‌ری زه‌رده‌شتیه‌کان ڕازی نابم بێجگه‌ له‌ شه‌رعی خۆم له‌ دادگاکان هیچ شه‌رعێکی تر یاسا و ڕێسا بێت بۆ من."