د.هێرش سەید سەلیم: تا ئێستا لە سنوری پارێزگای سلێمانی 39 هەزار و 294 کەس ڤاکسینی کۆرۆنا-یان وەرگرتووە

د.هێرش سه‌ید سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی

د. هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی لەم وتووێژەدا باس لە پرۆسەی پێدانی ڤاکسین دەکات، هەروەها وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە لەسەر نەخۆشی کەڕووی ڕەش

.

" ڕاستە پرۆسەی پێدانی ڤاکسین پرۆسەیەکی خاوبووە"

لە سەرەتای وتووێژەکەدا جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەربارەی ئەوەی بۆچی دەوترێت پرۆسەی پـێدانی ڤاکسین پرۆسەیەکی خاوە هاوڵاتیان بۆ ماوەیەکی زۆر ناوییان تۆمار کردووە هێشتا ڤاکسینییان پێنەدراوە؟

لە وەڵامدا د. هێرش وتی" بەڵێ ڕاستە پرۆسەی پێدانی ڤاکسین پرۆسەیەکی خاوبووە و هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە بە ڕاستی لە سەرەتاوە ئەو بڕە ڤاکسینەی کە بەدەستمان دەگەیشت هەفتانە بوو یاخود لەو هەفتانەیەش کە دەهات بڕێکی زۆر کەم بوو دەتوانم بڵێم نەدەگەیشتە سێ هەزار ڤاکسین لەبەر ئەوە ئێمە هەر فریا دەکەوتین کە کارمەند و ستافی پزیشکی ئەوانەی کە لە ناوەندە تەندروستیەکان ئیش دەکەن یان ئەوانەی کە کارەکانیان زۆر بەرکەوتەی هەیە ئەوانە زیاتر بخەینە پێشەوەی لیستەکە بەڵام دوای ئەوەی کە ڕێژەی ڤاکسینەکە زۆر بووە ئێستا پێشبینی دەکەم وەکو ئەوەی پێشوو نەبێت کە خەڵک باسی دەکات."

" 39 هەزار و 294 کەس خۆی کوتاوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی

د. هێرش ئەوەشی وت" تا ئێستا 39 هەزار و 294 کەس خۆی کوتاوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ڕاستە هێشتا پرۆسەکە بە دڵی ئێمە نییە بەڵام هێشتا ڕێژەی ڤاکسین ئەو ڕێژە زۆرە نییە کە لەبەردەستدایە، بۆنموونە ئێمە هەتا ئێستا بڕی ڤاکسین کە هاتووە لە سنوری سلێمانیدا 102 هەزار ژەمی ڤاکسینمان وەرگرتووە، 40 هەزارمان بەکارهێناوە پرۆسەکەش وایە ئەگەر ژەمی یەکەم دەدرێت دەبێت چاوەڕێی سێ هەفتە بکرێت بۆ ئەوەی ژەمی دووەمیش بدرێت، واتە دەبێت بەشی هەردووکیان بکات بۆیە هەتا ئێستا ڕێژەی کوتان 40% . ئێمە بۆ لەمەودوا بەنیازین زۆربەی سەنتەرەکان جارێکی تر بخەینەوە ئیش بۆ ئەوەی ڕێژەی پێدانی ڤاکسین زیاتر بکات و بەو شێوە خاویە نەبێت."

" کێشەکە...."

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بە هۆکارێکی تر کرد کە بووەتە هۆی خاوی پرۆسەی پێدانی ڤاکسین، لەو ڕووەوە وتی" کێشەمان لەوەدایە کە ڤاکسینی فایزەر داواکاری زۆر لەسەرە یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە هاوڵاتیان بەدەم هەموو ڤاکسینەکانەوە ناچن، داواکاری زۆر لەسەر فایزەرە بەداخەوە بۆ ئەو تێگەیشتنە خراپەی خەڵک هەیەتی لەسەر جۆرەکانی ڤاکسین ئەمەش وایکردووە خەڵک ناچێت بەدەم ئەسترازینیکا و سینۆفارم و ئەوانی ترەوە لەبەر ئەوە هۆکارەکە بە تەنها ئێمە نیین ئەوەی دەمی بکاتەوە دەڵێت من فایزەرم دەوێت فایزەریش بەو شێوە زۆرە نییە کە بەدەستی ئێمە بگات و بیدەین بە هەموو خەڵکی دڵنیای هاوڵاتیانمان کردۆتەوە کە ڤاکسینەکان هەمووی وەکو یەک کاریگەرن."

"من خۆم یەکێک بووم لەوانەی کە سینۆفارمی چینیم بەکارهێناوە"

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەشڵێت" من خۆم یەکێک بووم لەوانەی کە سینۆفارمی چینیم بەکارهێناوە لەبری فایزەر و ئەسترازینیکا بۆ ئەوەی خەڵک دڵنیابێتەوە لەوەی کە کاریگەری خۆی هەیە و بەپێچەوانەوە ئەوەی کە باوەڕیان پێیەتی کە ئەمە دروستکراوی وڵاتێکە کە متمانەی نییە نەخێر وانییە کاریگەری خۆشی هەبووە دەتوانم بیسەلمێنم بۆ ئەوە بەڵام گرنگ ئەوەیە هاوڵاتیان بەدەم هەموو ڤاکسینەکانەوە بچن و داواکاریان لەسەر یەک ڤاکسین نەبێت، گرنگە خۆیان بکوتن نەک بڵێن هەردەبێت لەو جۆرە ڤاکسینە بێت کە دەمانەوێت."

" بەنیازین لە هەفتەی داهاتووەوە زۆربەی بنکەکانمان پڕبکەینەوە لە ڤاکسین بۆ ئەوەی هاوڵاتیان زۆر چاوەڕێ نەکەن "

د. هێرش باسی لەوەشکرد " ئێمە ئەم هەفتەیە بڕێکی زۆر باشمان بەدەست گەیشتووە بەنیازین لە هەفتەی داهاتووەوە زۆربەی بنکەکانمان پڕبکەینەوە لە ڤاکسین بۆ ئەوەی هاوڵاتیان زۆر چاوەڕێ نەکەن، ئەگەر ناویشیان پڕکردبێتەوە لە ئەپلیکەیشنەکان بتوانن بچن سەردانی شوێنەکان بکەن، بە ڕاستی هاوڵاتیانیش دەبێت ئەوەندە هۆشیاریان هەبێت کە پێشینە بدەن بەو خەڵکانەی کە پیرن یان ئەوانەی کە نەخۆشیان هەیە نەک گەنجێکی 25 ساڵی بچێت لەسەرەدا بوەستێت و چاوەڕێی ڤاکسین بکات و پیرێکیش لە ماڵەوە دانیشتبێت لەبەر ئەوە پێویستە هاوڵاتیانیش ڕەچاوی ئەو بارودۆخە بکەن پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکەن کە چ دەزگایەک چ ناوەندێک چ توێژێک لە پێشینەی ئەوانەوەیە کە خۆی دەکوتێت نەک ئەمەش ببێت بە مەسەلەی شتەکانی تر و بکرێت بە واستەکاری خەڵک هەوڵبدات بۆ ئەوەی بە واسیتە ڤاکسین وەربگرێت."

" نابێت بە واستەکاری خەڵک هەوڵبدات بۆ ئەوەی بە واسیتە ڤاکسین وەربگرێت."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا خەڵک هەوڵدەدات وەک خۆت دەڵێیت بە واستە ڤاکسین وەربگرێت؟ لە وەڵامدا د. هێرش سەید سەلیم ڕایگەیاند" بەدڵنیاییەوە من خۆم لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن وتومە کە خۆم سینۆفارمم بەکارهێناوە بۆ ئەوەی هانی هاوڵاتیان بدەم کەچی زۆر لە برادەران یان خەڵکێکی تر تەلەفونم بۆ دەکات و دەڵێت تۆ کەیفی خۆتە کە سینۆفارمت بەکارهێناوە بەڵام من فایزەرم دەوێت و دەبێت بۆشم پەیدابکەیت، لەم وڵاتەدا بە ڕاستی واستەکاری و تەکلیفکردن بووە بە کەلتور، خەڵک ئەستەمە وازی لێبهێنێت هیوادارم ئەو کەلتورە لەناوبچێت و خەڵکی فێربن کە چاوەڕێ بکەن و لە پشوودرێژیدا بن زوو بێت یان درەنگ هەموو خەڵک دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ڤاکسین بەبڕێکی زۆریش دەمێنێتەوە و خەڵک لە کاتێکی گونجاو و بەبێ ئەوەی توشی دڵەڕاوکێ بێت ڤاکسینەکەی خۆی وەردەگرێت."

" ڕێژەی ڤاکسینەکان "

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەربارەی ڕێژەی ئەو ڤاکسینانەی پێیان گەیشتووە، وتی" هەتا ئێستا زۆرترین ڤاکسین ئەسترازینیکایە کە بەدەستمان گەیشتووە 46 هەزار و 250 ڤاکسینمان بەدەست گەیشتووە، لە دوای ئەو بە پلەی دوو سینۆفارمی چینی 35 هەزار و 220 ڤاکسینە، بەدوای ئەویشدا فایزەر 21 هەزار و 60 ڤاکسینمان بەدەست گەیشتووە واتە کۆی گشتی 102 هەزار و 530 ڤاکسین گەیشتۆتە سنوری پارێزگای سلێمانی لە کۆی ئەمەدا339 هەزار و 294 ی بەکارهاتووە، ژەمی یەکەم 29 هەزار بەکارهاتووە، ژەمی دووەم هەتا ئێستا 9 هەزار و 850 ڤاکسین بەکارهاتووە دەبێت بگاتە ئاستی ژەمی یەکەم واتە 60 هەزاری لەو 102 هەزارە هەردەبێت بە ژەمی یەکەم و دووەم، دەمێنێتەوە 42 هەزارەکەی کە ئەوەش وردە وردە دێتەوە سەری و زیاد دەکات هیوادارم هەتا کۆتایی ساڵ بگەینە نزیکەی ملیۆنێک."

" کەڕووی ڕەش پەیوەندیدار نیە بە کۆرۆناوە "


سەبارەت بە نەخۆشی کەڕووی ڕەش کە باسی دەکرێت، د. هێرش سەید سەلیم ڕایگەیاند" کەڕووی ڕەش یەک حاڵەت بوونی هەبوو، یەکێکە لە حاڵەتە دەگمەنەکانی کەڕوو کە لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵدا جارێک ڕوودەدات، پەیوەندیدار نییە بە کۆرۆناوە بەڵام ئەوانەی کە کۆرۆنا دەگرن بۆیان هەیە بەهۆی دابەزینی بەرگری لەشیان و بەکارهێنانی دەرمانی ستیرۆید تووش ببن پەیوەندیدارە بە زۆربەی نەخۆشیە ڤایڕەسیەکان یاخود زۆربەی ئەو نەحۆشیانەی کە بەرگری لەش تێدا دادەبەزێت بەڵام ئەمە لە 100 هەزاردا یەک کەس تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت لەو بەرگری لاوازانە."

"

دەتوانم بڵێم لە سنوری پارێزگای سلێمانی پار حاڵەتێکمان هەبووە ئەمساڵیش ئەو هاوڵاتیە عەرەبە بوو کە ماوەیەکی کاتی هاتبوو لێرە نیشتەجێ بوو بەڵام هیچ حاڵەتێکی تر بەدی نەکراوە." د. هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وایوت."

" خودی نەخۆشی کەڕووی ڕەش ئەوەندە مەترسیدار نییە

"

دەربارەی ڕێژەی مەترسیداری نەخۆشی کۆرۆنا، د. هێرش سەید سەلیم دەڵێت" خۆی لەخۆیدا کەڕووی ڕەش مەترسیدارە مەترسیەکەی لەوەدایە گیان لەدەستدانی دەگاتە 50% ، بۆیە بۆ ئەو کەسە مەترسیدارە کە تووشدەبێت ئەگەرنا خودی نەخۆشیەکە ئەوەندە مەترسیدار نییە و هێندەش پەیوەندیدار نییە بە زۆربەی نەخۆشیەکانەوە و دەگمەنیشە لەبەر ئەوە پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات."

"نەخۆشی کەڕووی ڕەش بە هیچ شێوەیەک گوازراوە نییە "

د. هێرش سەید سەلیم دووپاتیکردەوە" کەڕووی ڕەش بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی ڕاستەوخۆی نییە لەگەڵ کۆرۆنادا بەڵکو پەیوەندی نا ڕاستەوخۆی هەیە بەوەی کە نەخۆشی کۆرۆنا بەرگری لەشی دادەبەزێت لەگەڵ ئەوەشدا دەرمانی ستیرۆید زۆر بەکاردەهێنێت ئەوە دەبێتە هۆکارێک."

د. هێرش ئەوەشی وت" نەخۆشیەکە بە هیچ شێوەیەک گوازراوە نییە و نابێت بە پەتا مەگەر یەکێک زۆر لە نەخۆشەکە نزیک بێت دەستکاری ئەو شوێنەی بکات کە کەڕووەکەی پێوەیە بەڵام ئەو کەسەش ئەگەر بەرگری لەشی لاواز نەبێت و بەهێز بێت هیچ کاریگەری نابێت بەسەریەوە لەبەرئەوە، کاریگەری لەسەر خودی ئەو نەخۆشەیە کە توشی دەردەکەی کردووە و نیشانەکانی تێدا دەرکەوتووە بەڵام بۆ کەسێک کە بەرگری لەشی بەهێزبێت کاریگەری نییە. لەوانەیە ڕۆژانە کەڕووی ڕەش لە خواردندا بەرمان کەوتبێت یان لە میوەدا بەرمان کەوتبێت بەڵام لەبەر ئەوەی بەرگری لەشمان بەهێزە هیچ کاریگەری نییە لە سەرمان."

لە کۆتایی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا د. هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە بۆچی لەم کاتەدا باس لە نەخۆشی کەڕووی ڕەش بەچڕ و پڕی دەکرێت؟ د. هێرش سەید سەلیم دەڵێت" ئەم کەڕووی ڕەشە لەبەر ئەوەی لە وڵاتی هیند بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوری و ژینگەییەی کە لە وڵاتی هیند هەیە و ڕێژەی توشبوونی کۆرۆنا بەو شێوە بەرچاوە زۆرە لە 100 هەزاردا بووە بە 14 حاڵەت خەڵک وەها هەستدەکات بەهۆی کۆرۆناوەیە، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە هۆکاری ترەوە هەیە و هیچ پەیوەندی بە کۆرۆناوە نییە."

Your browser doesn’t support HTML5

د.هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی Jun 10-021