دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر: سەرۆکی دادگای پێداچونەوە دەتوانێت کەیسی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی دهۆک پێش بخات

دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر ئەندامی پێشووی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان

دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر ئەندامی پێشووی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت" پێویستە لەسەر دادگای پێداچونەوە کەیسی تانەدان لە بڕیاری ڕاستکردنەوەی دۆسێیەی ڕۆژنامەوانانان و چالاکوانانی دهۆک خێراتر بکات، خودی سەرۆکی دادگای پێداچونەوە دەتوانێت کەیسی ئەو ڕۆژنامەوانانە (ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی دهۆک) پێش بخات و یەکلایی بکاتەوە بەهۆی ئەوەی ڕای گشتی و جیهانی لەسەرە، دەشڵێت" هەرچەندە ئێمه‌ پێشبینی ده‌که‌ین زیاتر ئەو کەیسە دوابکه‌وێت چونکه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌و دادوه‌رانه‌ هه‌ندێک ئیشی دوو مانگی ماوه‌ و ئیحاله‌ بکرێت بۆ خانه‌نشینی نه‌توانێت داواکه‌ ببینێت ده‌بێت ئه‌وکاته‌ یه‌کێکی تری له‌شوێن دابنێن ئه‌مه‌ هه‌مووی کاتی ده‌وێت له‌وانه‌یه‌ یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ی که‌ ئه‌مه‌ دواکه‌وتووه‌ ئه‌م خاڵه‌ بێت چونکه‌ چه‌ند دادوه‌رێکمان هه‌یه‌ له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ ماوه‌ی خزمه‌تی یاساییان خه‌ریکه‌ ته‌واو ده‌بێت له‌مانگی حه‌وت له‌وانه‌یه‌ ده‌بێت ئیحاله‌ بکرێن بۆ خانه‌نشینی، دادوه‌ریش که‌ ئیحاله‌ کرا بۆ خانه‌نشینی تۆزیک هه‌ست به‌ ئیحراجی ده‌کات له‌وانه‌یه‌ داواکان ئه‌وه‌ی که‌ خۆی تێدایه‌ نه‌یبینێت."

"له‌ هه‌رێمی کوردستان یاسایه‌کی واده‌ربکه‌ین گرنگه‌ و ده‌بێته‌ هانده‌رێک بۆ هه‌موو ده‌سته‌کان"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر دەربارەی ئەو ماوەیەی کە لەبەردەم دادگای پێداچونەوەدایە بۆ ڕاستکردنەوەی بڕیار سەبارەت بەتانەی پارێزەرانی کەیسی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی بادینان وتی" سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ماوه‌مان نییه‌ بۆ دادگا تاوه‌کو چه‌ندێک کێشه‌که‌ کۆتایی پێبێت له‌ دادگای تایبەتمەند، هه‌روه‌ها له‌ تانه‌کان کۆتایی پێ بهێنرێت، کاتی خۆی جاران له‌ کاتی ڕژێمی پێشوو یاسایه‌ک ده‌رچوو بوو سه‌قفی زه‌مه‌نی دانابوو به‌ڵام ئێستا به‌و یاسایه‌ ئیش ناکرێت، به‌رای من ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش خۆمان له‌ هه‌رێمی کوردستان یاسایه‌کی واده‌ربکه‌ین گرنگه‌ و ده‌بێته‌ هانده‌رێک بۆ هه‌موو ده‌سته‌کان ، وه‌ هه‌موو دادگاکان نابێت ئه‌و کێشه‌یه‌ی که‌ ده‌یبینن له‌کاتێکی زه‌مه‌نی دیاریکراو زیاتر بێت چونکه‌ لێپرسراویه‌تی تێدا ده‌بێت به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌مان نییه‌."

دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر ئەوەشی وت" من پێشبینی ده‌که‌م دادگای ته‌میز-پێداچوونه‌وه‌ ئیشه‌کانی زۆره‌ چونکه‌ هه‌موو دادگاکانی هه‌رێمی کوردستان مه‌رجه‌عی کۆتایی دادگای پێداچوونه‌وه‌یه‌، ئه‌و ده‌سته‌یه‌ به‌ زنجیره‌ی یه‌ک له‌دوای یه‌ک سه‌یری کێشه‌کان ده‌کات ئه‌گه‌ر هه‌مان ده‌سته‌ی جه‌زائی ڕاستکردنه‌وه‌که‌ بیبینێت ماوه‌یه‌کی ده‌وێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی گشتی بیبینێت له‌وانه‌یه‌ ماوه‌که‌ زۆرتر بێت چونکه‌ هه‌ر دادوه‌رێک خۆی به‌ته‌نها کێشه‌که‌ ده‌باته‌ لای خۆی و دیراسه‌ی ده‌کات و وردبینی ده‌کات و بۆچوونی خۆی پیشان ده‌دات ئینجا له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێک دادوه‌ر به‌ پێنج ڕۆژ نه‌توانێت بیبینێت له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێک دادوه‌ر مۆڵه‌تی وه‌رگرتبێت تاوه‌کو دێته‌وه‌ ده‌بێت ڕاده‌ستی ئه‌وانی بکه‌ن به‌ڵام ده‌سته‌ی گشتی ئه‌گه‌ر بیبینێت ئه‌گه‌ر هاتوو سه‌رۆکی دادگای پێداچوونه‌وه‌ داوای ڕاستکردنه‌وه‌که‌ی ناردبێت بۆ ده‌سته‌ی گشتی ئه‌وا ئێستا ده‌بێت چوارده‌، پانزه‌ دادوه‌ر بیبینێت ئه‌مه‌ هه‌مووی کاتی ده‌وێت به‌ڵام ئێمه‌ لامان گرنگ نییه‌ کاته‌که‌ چه‌ند بێت به‌ڵکو ئه‌وه‌ لامان گرنگه‌ که‌ بڕیارێکی یاسایی تۆکمه‌ و ڕاست قه‌ناعه‌ت هه‌م به‌ خصوم بهێنێت هه‌م دادوه‌ره‌کانیش خۆیان قه‌ناعه‌تیان پێی هه‌بێت، دادپه‌روه‌ریمان بۆ به‌ده‌ستبهێنێت نه‌ زۆر و نه‌ که‌م."

"پێویسته‌ له‌سه‌ر دادگا که‌یسێکی ئاوا که‌ زۆر گرنگه‌ و جیهان چاوه‌ڕێی ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌کات پێش بخرێت "

بەو پێیەی پێشتر بەڕێزتان ئەندامی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان بوون ئایا لە دۆسێیەکی لەم شێوەیە (تانەدان بۆ ڕاستکردنەوەی بڕیاری تەمیزی) چەندە کاتی ویستووە؟

لە وەڵامدا دادوەر عەبدولکەریم وتی" کاتێکی دیاریکراومان نه‌بووه‌، هه‌ندێک تانه‌ له‌وانه‌یه‌ شه‌ش مانگی پێچووبێت، هه‌مان بووه‌ پێنج مانگی پێچووه‌ به‌پێی کاری ده‌سته‌کان ئه‌گه‌ر ده‌سته‌که‌ ئه‌رک و ئیشی زۆر نه‌بێت، زوو ته‌واوی ده‌کات، ئه‌گه‌ر ئیشه‌که‌ی زۆر بێت دواده‌که‌وێت به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من ده‌ڵێم پێویسته‌ له‌سه‌ر دادگا که‌یسێکی ئاوا که‌ زۆر گرنگه‌ و جیهان چاوه‌ڕێی ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌کات پێش بخرێت جوانتره‌ بە بۆچونی من، چونکه‌ دادگا به‌شێکه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت دادگاش بزانێت خه‌ڵک به‌ته‌مای چییه‌، من ناڵێم سەرپێچی یاسا بکه‌ن به‌ڵام هه‌ندێک که‌یس هه‌یه‌ خه‌ڵک به‌ته‌واوه‌تی چاوه‌ڕێی ده‌کات پێویسته‌ دادگا ئه‌و که‌یسانه‌ پێشتر بخات و بڕیارێکی ڕاسته‌قینه‌ی تێدا ده‌ربکات."

" پێشبینی دەکەم زیاتر دوابکەوێت.. هۆکارەکەی.... "

دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر زیاتر لەسەر هۆکاری ئەنجامی تانەدان لە بڕیاری دادگای پێداچونەوە دا و وتی" له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵکه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ چاوه‌ڕێ بکات و بێتاقه‌ت ده‌بێت و تۆزێک له‌بیری ده‌چێته‌وه‌ به‌ڵام وه‌کو وتم دادگا ڕه‌چاوی رای گشتی بکات نه‌ک کاریگه‌ری بکات له‌سه‌ر بڕیاره‌کانی ، چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی ئه‌و دۆسیه‌ی که‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆر هه‌بووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت دادگا تۆزێک په‌له‌ی تێدا بکات به‌بۆچونی من ئه‌وکاته‌ جوانتر ده‌بێت به‌ڵام ئێمه‌ پێشبینی ده‌که‌ین زیاتر دوابکه‌وێت چونکه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌و دادوه‌رانه‌ هه‌ندێک ئیشی دوو مانگی ماوه‌ و ئیحاله‌ بکرێت بۆ خانه‌نشینی نه‌توانێت داواکه‌ ببینێت ده‌بێت ئه‌وکاته‌ یه‌کێکی تری له‌شوێن دابنێن ئه‌مه‌ هه‌مووی کاتی ده‌وێت له‌وانه‌یه‌ یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ی که‌ ئه‌مه‌ دواکه‌وتووه‌ ئه‌م خاڵه‌ بێت چونکه‌ چه‌ند دادوه‌رێکمان هه‌یه‌ له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ ماوه‌ی خزمه‌تی یاساییان خه‌ریکه‌ ته‌واو ده‌بێت له‌مانگی حه‌وت له‌وانه‌یه‌ ده‌بێت ئیحاله‌ بکرێن بۆ خانه‌نشینی، دادوه‌ریش که‌ ئیحاله‌ کرا بۆ خانه‌نشینی تۆزیک هه‌ست به‌ ئیحراجی ده‌کات له‌وانه‌یه‌ داواکان ئه‌وه‌ی که‌ خۆی تێدایه‌ نه‌یبینێت."

"که‌یسمان هه‌بووه‌ ساڵێکی تێپه‌ڕاندووه‌ "

دادوەر عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەشکرد" کە پێشتر لە دادگای پێداچونەوە بووم که‌یسمان هه‌بووه‌ ساڵێکی تێپه‌ڕاندووه‌ له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ ئینجا بینیومانه‌، که‌یسی ئاسایی بووه‌، که‌یسی سیاسی نه‌بووه‌، تانه‌ و پێداچوونه‌وه‌که‌ بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ی پێچووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئیشی دادگای پێداچوونه‌وه‌ وایکردووه‌ که‌ نه‌توانێت زوو ئه‌و ئیشانه‌ بکات، وه‌ سه‌رۆکی دادگای پێداچوونه‌وه‌ ڕۆڵ ده‌بینێت ده‌توانێت ئاراسته‌یان بکات بڵێت تۆزێک په‌له‌ی تێدا بکات که‌ ئه‌وه‌ش زۆر ئاساییه‌، ڕای گشتیش چاوه‌ڕێی ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌کات هه‌تا ده‌ریش ده‌چێت رای جیهانیش چاوه‌ڕێی ده‌کات که‌ بزانن ئه‌نجامه‌که‌ چی ده‌بێت."

"نە پەرلەمان و نەدەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆیان نیە چاودێری بکەن..له‌وانه‌یه‌ بتوانن به‌پێی په‌یوه‌ندی که‌سی داوا بکه‌ن تۆزێک په‌له‌ی تێدا بکه‌ن "

ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو وەفدێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەردانی زیندانیانی دهۆک-ی کرد، پێرێ شاخەوان ڕەئوف بەگ سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی شاندەکەی پەرلەمان بوو بۆ لای زیندانیان، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" زیندانییەکان ته‌نها داوایان ئه‌وەبوو کە ئێمە وه‌کو په‌رله‌مان چاودێری دۆسیه‌که‌یان بکه‌ین، ئه‌و تانە و پێداچوونه‌وه‌یه‌ی کە هه‌یە دواجار له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان بێت "

بەڵام دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر دەڵێت" نه‌ په‌رله‌مان و نه‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن به‌هیچ جۆرێک بۆیان نییه‌ چاودێری بکه‌ن به‌ڵام ئه‌وانیش چاوه‌ڕێ بکه‌ن، له‌وانه‌یه‌ بتوانن به‌پێی په‌یوه‌ندی که‌سی داوا بکه‌ن تۆزێک په‌له‌ی تێدا بکه‌ن به‌ڵام وه‌کو چاودێر ناتوانن چونکه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ هه‌مووی سه‌ربه‌خۆن چ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌ که‌ په‌رله‌مانه‌ و چ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌ چ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنه‌ به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نییه‌ هاوکاریان له‌نێواندا نه‌بێت ، هاوکاری ده‌بێت بۆ خزمه‌تی گشتی، دروسته‌ په‌رله‌مان پرسیار بکات له‌ دادگا و بڵێن پرۆژه‌یه‌کی وامان هه‌یه‌ حه‌زده‌که‌ین ئێوه‌ بیخوێنه‌وه‌ و ئاگادارمان بکه‌ن ئه‌مه‌ هاوکاریه‌ و ده‌ستوه‌ردان نییه‌ و چاودێریش نییه‌ به‌ڵام وه‌کو دادگا ئێستا سه‌قفی زه‌مه‌نیمان نییه‌ بۆ کۆتایی پێهێنانی کێشه‌کان جاران هه‌بوو به‌ڵام ئێستا نه‌ماوه‌."

"سەرۆکی دادگای پێداچونەوە دەتوانێت دۆسێیەکە پێش بخات "

سەبارەت بە کاریگەری ڕای گشتی و نێودەوڵەتی لەسەر پێشخستنی دۆسێیەکان لە دادگای پێداچونەوە؟ دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر وتی" هیچ یاسایه‌کمان نییه‌ به‌ڵام سه‌رۆکی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌توانێت خۆی مه‌رجه‌عی ئیدارییه‌ و مه‌رجه‌عی قه‌زائیه‌ ده‌توانێت ته‌وجیهێک بکات و بڵێت ئه‌م کەیسە زووتر ببینن با خه‌ڵک زۆر چاوه‌ڕێ نه‌کات و خه‌ڵک گله‌یی نه‌کات با کۆمه‌ڵگاکه‌مان متمانه‌ی به‌ دادوه‌ر هه‌بێت شتێکی وابکه‌ین وه‌کو ئه‌وه‌ی بتوانیین زوو ئه‌و دۆسێیە کۆتایی پێبهێنیین و یه‌کلایی ببێته‌وه‌ ئه‌وسا ئه‌گه‌ر بڕیاره‌که‌ی پێداچوونه‌وه‌ په‌سه‌ند کرا ئه‌وکاته‌ ئه‌وان خۆیان مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌گه‌ر بکرێته‌ لێبوردنی گشتی یان نه‌کرێت ئه‌وه‌ جیاوازه‌."

"به‌پێی لایه‌نی یاسایی وایده‌بینم مانەوەی ئەو زیندانیانە لە زیندانی ئاسایش ئاساییه‌ "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا تا چەند یاساییە مانەوەی ئەو زیندانیانە لە ئاسایش کە تا ئێستا نەنێردراونەتە چاکسازی گەوران؟

وەڵامەکەی دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر بەمجۆرە بوو" بەبۆچونی من بریاری زیندانیکردنه‌که‌ی پلەی کۆتایی وەرنەگرێت واتە (اکتساب درجه‌ قطع) ی نه‌کات، نابێت ئەو زیندانیانە بچنە دامه‌زراوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ که‌ جۆری زیندانه‌که‌یه‌، نه‌بردنیان پێچه‌وانه‌ی یاسا نییه‌ زۆر ئاساییه‌ چونکه‌ له‌وانه‌یه‌ دۆسییه‌که‌ گشتی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ یان به‌جۆرێک بێت، باشتر وایه‌ هه‌میشه‌ لای خۆمان که‌ حکومه‌که‌ی(اکتساب درجه‌ قطع) ی واته‌ پله‌ی کۆتایی وه‌رده‌گرێت ئه‌وکاته‌ ده‌چێته‌ زیندانیه‌ ئاساییه‌که‌ی که‌ له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دانراوه‌ به‌ڵام تاوه‌کو بڕیاره‌که‌ نه‌گه‌یشتبێته‌ پلەی کۆتایی زۆر ئاساییه‌ لای خۆیان بیهێڵنه‌وه‌ و من به‌پێی لایه‌نی یاسایی وایده‌بینم ئاساییه‌."

"تۆمه‌ته‌که‌ که‌دراوه‌ته‌ پاڵیان تۆمه‌تێکی سیاسیه‌"

دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر جەختیکردەوە ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی دهۆک تۆمەتێکی سیاسییە، لەو ڕوەوە وتی" تۆمه‌ته‌که‌ که‌ دراوه‌ته‌ پاڵیان تۆمه‌تێکی سیاسیه‌، هه‌موو تاوانێک ئه‌نجام بدرێت به‌ هۆکارێکی سیاسی ڕه‌چاو ده‌کرێت له‌ یاسای سزادانی عێراقی پێناسه‌ی کردووه‌ ئه‌وه‌ تاوانی سیاسیه‌، خۆی تۆمه‌ته‌که‌ سیاسیه‌ به‌ڵام ئێمه‌ که‌ دادگاین په‌یوه‌ندیمان نییه‌ هه‌موو جۆره‌ تۆمه‌ته‌کان ده‌بینیین سیاسی بێت یان ناسیاسی بێت هه‌ر یه‌ک دادگامان هه‌یه‌ ده‌یبینێت ئه‌وه‌ش شتێکی زۆر باشه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیین دادگای تایبه‌ت دروست بکرێت بۆ ئه‌م دۆسێیە به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بێت یاساکه‌ به‌مافی خۆی جێبه‌جێی بکه‌ین، ئێمه‌ دادگاین و یاسا جێبه‌جێ ده‌که‌ین، من ئه‌گه‌ر یاسا لێپرسینه‌وه‌ی کردارێک نه‌کات، لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ناکه‌م که‌ بزانم هیچ یاسایه‌ک نه‌بێت لێپرسینه‌وه‌ ناکه‌م ئه‌مه‌ دادگایه‌ و ده‌بێت به‌وجۆره‌ مامه‌ڵه‌ بکات، دادگا شوێنی هێنانه‌دێ دادپه‌روه‌رییه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌م و ئه‌و نییه‌ ئه‌گه‌ر دژی خۆشم بێت من ده‌بێت بڕیاره‌که‌ی خۆم ده‌ربکه‌م، به‌ڵێ کاتی خۆیشی ئاماژه‌مان پێکردووه‌ هه‌تا بڕیاره‌ قه‌زاییه‌که‌ی که‌ نوسیمان ئه‌و به‌ڵگانه‌ی که‌ ئێمه‌ پشتمان پێ به‌ستوون ئه‌م مه‌بده‌ئه‌ بووه‌ "لاجریمه‌ ولا عقوبه‌ الا بالنص."

"من کاتی خۆی وتومه‌ ئێمه‌ که‌موکورتیه‌کی یاساییمان هه‌یه‌، هاتین یاسای سزادانمان گۆڕانکاری تێدا کرد کاتی خۆی له‌ساڵه‌کانی 1992 ئاماژه‌م به‌ یاساکه‌ کردووه‌ چووین کۆمه‌ڵێک ده‌قی یاسایمان وه‌ستاند و یه‌ک ده‌قمان نوسی ، نزیکه‌ی 37 ده‌قمان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ له‌ یاسای سزادانی عێراقی که‌ زۆر گرنگ بوو، هه‌ندێک ده‌قی تێدابوو خزمه‌تی سیسته‌م ده‌کات و په‌یوه‌ندی به‌ ڕژێمه‌که‌وه‌ نییه‌ کێ ده‌یبات به‌ڕێوه‌ و کێ نایبات به‌ڕێوه‌، منیش ئه‌گه‌ر ده‌قم نه‌بێت ناتوانم حوکم بده‌م وه‌کو ده‌ڵێن به‌پێی ئه‌و مه‌بده‌ئه‌"لاجریمه‌ ولا عقوبه‌ الا بالنص" واته‌ ده‌قمان هه‌یه‌ ورده‌کاری تێدایه‌ تاوانه‌که‌ چۆنه‌ و چۆن ده‌کرێت و چ کرده‌وه‌یه‌ک موحه‌ره‌مه‌ و چی موحه‌ره‌مه‌ ئه‌مه‌ هه‌مووی، هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ 39 مادده‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، ته‌نها یه‌ک ده‌قمان هێشته‌وه‌ خۆی له‌ یاساکه‌ بوونی هه‌یه‌ تۆزێک گۆڕانکاریمان تێدا کرد به‌ ناوی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان داماننا و وتمان ئه‌مه‌ ده‌قێکی سزاییه‌ هه‌ڵه‌که‌ له‌وه‌دا بوو ئه‌م که‌موکورتیه‌ یاساییە خۆمان بۆخۆمان دانا له‌کاتێکدا ئێمه‌ پێویستیمان پێ بوو."دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر ئەندامی دادگای پێداچونەوە وایوت"

"من ئەگەر سەرۆکی دادگای پێداچونەوە بوومایە..."

با ئەو پرسیارەت لێ دووبارە بکەمەوە ئەگەر تۆ ئێستا سەرۆکی دادگای پێداچونەوە بویتایە چیت دەکرد لەم دۆسێیە (تانەی ڕاستکردنەوەی بڕیاری پێداچونەوە لە دۆسێەی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی دهۆک)؟

لە وەڵامدا دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر وتی" من به‌شێکم له‌ کۆمه‌ڵگاکه‌م و ده‌زانم له‌ ده‌وروبه‌رم چی ده‌وترێت و چی ناوترێت، ده‌زانم چی گرنگه‌ بایه‌خی پێبده‌م و چی بایه‌خی پێنه‌ده‌م ، من سه‌رۆکی دادگا بوومایه‌ به‌ ته‌وجیهێکی ئیداری ده‌موت ئه‌م بابه‌ته‌ ماده‌م عاله‌م گله‌یی له‌ ئێمه‌ ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی گله‌یه‌که‌ نه‌مێنێت یه‌که‌م ده‌منارده‌ ده‌سته‌ی گشتی بۆئه‌وه‌ی ئه‌و بیبینێت که‌سه‌رۆکی دادگا بم ده‌سه‌ڵاتی خۆمه‌، ده‌سته‌ی گشتی 14 دادوه‌ر ده‌یبینێت له‌وانه‌یه‌ رای ئه‌م 14 دادوه‌ره‌ پێکاوتر بێت له‌ ده‌سته‌یه‌کی سزایی که‌ له‌ پێنج دادوه‌ر پێکهاتووه‌ له‌وانه‌یه‌ ئێمه‌ له‌ ده‌سته‌ی گشتی گفتوگۆ بکه‌ین و بۆچونی وامان هه‌بێت زۆر مه‌نتقی و مەعقوڵ بێت."

"دەبێت ئەو دادوەرانەی کاتی خۆیشی ئه‌و بڕیاره‌یان داوه‌ ڕای خۆیان بکشێننه‌وه‌ "

دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر لە کۆتایی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند" دادوه‌ر ده‌بێت زۆر توانای هه‌بێت، ئه‌وانه‌ی که‌ کاتی خۆیشی ئه‌و بڕیاره‌یان داوه‌ رای خۆیان بکشێننه‌وه‌." ڕێگه‌ی تانه‌ که‌ دانراوه‌ له‌ یاسای بنه‌ماکانی دادبینی و یاسای (مورافه‌عات) زه‌مانه‌تێکه‌ واته‌ ده‌بێت خه‌ڵک دڵنیا بێت له‌سه‌ر مافه‌کانی و له‌سه‌ر ئازادی خۆی، ئه‌م ڕێگه‌ی تانه‌یه‌ که‌ دانراوه‌ دادوه‌ر نییه‌ بڵێت ئه‌وه‌ وایه‌ و ته‌واو ، ئێمه‌ تانه‌مان هه‌یه‌ یه‌کێک له‌و تانانه‌ ڕاستکردنه‌وه‌ی بڕیاری پێداچوونه‌وه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ من ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی دادگا بم که‌سیش پێم نه‌ڵێت، ده‌ڵێم بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ متمانه‌ی هاوڵاتی خۆمان و متمانه‌ی جیهانی وه‌ربگرین ئه‌وه‌ ئه‌یده‌مه‌ ده‌ستی گشتی با بیبینێت. "

"متمانه‌ نه‌بوون به‌ دادگا کۆمه‌ڵگه‌ وێران ده‌کات "

واتە بە بۆچونی تۆ ڕای گشتی متمانەی بە دادگا نییە؟ دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر وتی " دادوه‌ره‌کانمان زۆر که‌سی باشن و به‌توانان، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌یبینیین له‌ پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی جیهانیدا چۆن گاڵته‌مان پێده‌کات، ئێمه‌ له‌ ئیشه‌که‌ماندا وابکه‌ین به‌ڕاستی خه‌ڵک متمانه‌یه‌کی ڕه‌های پێمان بێت چونکه‌ متمانه‌ نه‌بوون به‌ دادگا کۆمه‌ڵگه‌ وێران ده‌کات، ئێمه‌ که‌ بڕیار ده‌رده‌که‌ین ده‌ڵێین میله‌ت ڕێگه‌ی پێداوین ئه‌م بڕیاره‌ ده‌ربکه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و متمانه‌یه‌ هه‌میشه‌ بوونی هه‌بێت نه‌ک بۆ پێچه‌وانه‌ی یاسا به‌ڵکو بۆ هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری."

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ژیار محەمەد لەگەڵ دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر Jun 17-021