ئاشنا عەبدوڵا: ئه‌م نیگه‌رانییه‌ نیگه‌رانی وه‌زیری دارایی نییه‌ بەتەنها به‌ڵکو نیگه‌رانی هه‌موو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌

ئاشنا عەبدوڵا جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

ئاشنا عەبدوڵا جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت" له‌ کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردستاندا واپیشاندرا که‌ به‌ته‌نها وه‌زیری دارایی هۆکاری ئه‌م هه‌موو قه‌یران و نه‌گبه‌تییەیە، ئه‌وه‌یه‌ واده‌کات سه‌یری په‌رله‌مان بکرێت به‌وه‌ی که‌ به‌ڵێ هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌مه‌ وه‌کو نمایشێک سه‌یری بکرێت و وه‌کو حه‌قیقه‌ت سه‌یر نه‌کرێت، دەشڵێت" وەک ئەوەی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان باسی کرد وەزیری دارایی لەسەر ئەو دانیشتنە نیگەرانی خۆی گەیاندۆتە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لەو بارەیەوە ئه‌م نیگه‌رانییه‌ نیگه‌رانی وه‌زیری دارایی نییه‌ به‌ڵکو نیگه‌رانی هه‌موو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌."

"جۆرێک له‌ نمایش و جۆرێک له‌ نواندنیشی تێدایه‌"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دواین کۆبونەوەکانی پەرلەمانی هەرێی کوردستان دەربارەی پرسی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەکە وتی" ئه‌وه‌ی که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان گوزه‌را ئه‌مه‌ حاڵه‌تێکی ئاساییه‌ و له‌ په‌رله‌مانی دنیا به‌و شێوازه‌ ئیش ده‌کرێت به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان به‌شێوازێکی جیاواز ده‌بینرێت ئه‌گه‌رنا خۆی په‌رله‌مان ده‌بێت به‌م شێوازه‌ ئیش بکات چونکه‌ یه‌کێک له‌ ڕۆڵه‌کانی په‌رله‌مان مه‌سه‌له‌ی چاودێریکردنی حکومه‌ته‌ و لێپرسینه‌وه‌یه‌ له‌ حکومه‌ت، ئه‌وه‌ی که‌ گوزه‌راوه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ مانا ته‌واوه‌که‌ی سه‌یری بکه‌ین ده‌بینیین که‌ ئه‌مه‌ جۆرێک له‌ نمایش و جۆرێک له‌ نواندنیشی تێدایه‌."

ئاشنا عەبدوڵا ئەوەشی وت" خۆزگه‌ ئێمه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کی وامان بۆ ئه‌دائی په‌رله‌مان بکردایه‌ وه‌کو خۆی وه‌رمان بگرتایه‌ نه‌ک به‌و شێوازه‌ چونکه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێت ئه‌نجام، دانیشتنی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت که‌ ئایا به‌ڕاستی به‌ ڕۆڵی خۆی و چاودێری خۆی هه‌ڵستاوه‌ یان نا؟ له‌کۆتاییدا ده‌بینرێت به‌بێ هیچ بڕیارێک دانیشتنی په‌رله‌مان کۆتایی پێدێت."

" ئه‌وه‌یه‌ واده‌کات سه‌یری په‌رله‌مان بکرێت به‌وه‌ی که‌ به‌ڵێ هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌مه‌ وه‌کو نمایشێک سه‌یری بکرێت و وه‌کو حه‌قیقه‌ت سه‌یر نه‌کرێت "

ئەو پەرلەمانتارەی هەرێم جەختی لە قسەکانی کردەوە کە دانیشتنەکانی پەرلەمان بەشێکی نمایش بوون، لەو ڕووەوە وتی" دانیشتنی کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان چی بوو؟ ئایا بڕیاری تێدا درا، ئه‌و یاداشته‌ی که‌ پێشکه‌ش کرا که‌ زیاتر له‌ 50 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان پێشکه‌شیان کردبوو که‌ ده‌بێت له‌م دانیشتنه‌ی په‌رله‌ماندا بڕیاری تێدا بدرێت و کۆتایی به‌ لێبڕینی مووچه‌ بهێنرێت ئایا هه‌ر خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌؟ ئایا ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی ناوه‌ڕۆکی یاداشته‌که‌ی وه‌کو خۆی جێبه‌جێ کرد؟ ئه‌وه‌یه‌ واده‌کات سه‌یری په‌رله‌مان بکرێت به‌وه‌ی که‌ به‌ڵێ هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌مه‌ وه‌کو نمایشێک سه‌یری بکرێت و وه‌کو حه‌قیقه‌ت سه‌یر نه‌کرێت."

" په‌رله‌مانی کوردستان نه‌یتوانیووه‌ له‌ واقیعدا هیچ شتێک له‌ ژیانی خه‌ڵک بگۆڕێت "

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتیشی " ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌نجامه‌، ئێمه‌ به‌ئاشکرا وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌کان و تیمی حکومه‌ت که‌ هاتوون دانیان به‌وه‌داناوه‌ داهات زیادی کردووه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگ ده‌ڵێت 20% داهات زیادی کردووه‌، وه‌زیری دارایی ده‌ڵێت 100 ملیۆن دۆلار زیادی کردووه‌ داهاتی ناوخۆ، وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کان ده‌ڵێت 135 ملیۆن دۆلار زیادی کردووه‌ و 330 ملیۆن دۆلار ته‌مویلی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌که‌ین، سه‌رۆکی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌ڵێت چاکسازیمان کردووه‌ له‌ داهات و فرۆشی نه‌وت و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و پاره‌ی نه‌وتدا ته‌مویلیش 56% ده‌کرێت ئێ بۆ ناتوانرێت گۆڕانکاری به‌سه‌ر ئه‌م شێوازی دابه‌شکردنی مووچه‌دا بهێنرێت!؟ بۆ ناتوانرێت 30 ڕۆژ جارێک و به‌بێ لێبڕین مووچه‌ دابه‌ش بکرێت!؟ ئه‌مانه‌ پرسیاری ئێمه‌ بووه‌ له‌کۆتایدا ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ی نیگه‌ران کردووه‌ به‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌رله‌مانی کوردستان نه‌یتوانیووه‌ له‌ واقیعدا هیچ شتێک له‌ ژیانی خه‌ڵک بگۆڕێت."

"کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها قسه‌ کردن بێت و ئه‌وه‌بێت که‌ هه‌ندێک له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان فشاری هاوڵاتیان و ده‌نگده‌رانیان له‌سه‌ره‌ و ئێمه‌ کردوومانه‌ به‌ قسه‌ به‌ڕاستی قسه‌کردن هیچ له‌ بابه‌ته‌که‌ ناگۆڕێت ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌نجامه‌."ئاشنا عەبدوڵا جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وایوت "

"ئه‌م نیگه‌رانییه‌ نیگه‌رانی وه‌زیری دارایی نییه‌ به‌ڵکو نیگه‌رانی هه‌موو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ "

سەبارەت بە نیگەرانییەکانی وەزیری دارایی کە لەسەر پشکی حیزبەکەیەتی (بزوتنەوەی گۆڕان) جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی" ئه‌وه‌ی که‌ بڵاو کرایه‌وه‌ نیگه‌رانییه‌کانی وه‌زیری دارایی ئه‌وه‌ نیگه‌رانی هه‌موو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ ده‌توانرێت واسه‌یری بکرێت له‌سه‌ر زاری وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ بڵاوکرایه‌وه‌، وه‌ ئه‌م نیگه‌رانیانه‌ گه‌یشتووه‌ به‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت و جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌توانرێت واسه‌یری بکرێت به‌ڵێ ئه‌م نیگه‌رانییه‌ نیگه‌رانی وه‌زیری دارایی نییه‌ به‌ڵکو نیگه‌رانی هه‌موو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌. "

" نابێت هیچ که‌سێک ڕابکات له‌ به‌رپرسیارێتی "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانە؟ لە وەڵامدا ئاشنا عەبدوڵا وتی "نیگه‌رانین له‌و دۆخه‌ی که‌ ده‌گوزه‌رێت ناکرێت هیچ که‌سێک ڕابکات له‌ به‌رپرسیارێتی، هه‌رکه‌سه‌ به‌پێی قه‌باره‌ و به‌پێی ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ی له‌سه‌ر شانیه‌تی نابێت هیچ که‌سێک ڕابکات له‌ به‌رپرسیارێتی به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بینیمان له‌ کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردستاندا ئه‌وه‌ بوو هه‌ندێک له‌ هێزه‌ سیاسیه‌کان ڕاده‌که‌ن له‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌مه‌ کێشه‌ دروست ده‌کات، ئه‌م کابینه‌یه‌ میراتگری کابینه‌کانی پێشووه‌ ئه‌و کێشانه‌ی که‌ ئێستا له‌م کابینه‌یه‌دا په‌یوه‌ندی به‌ کابینه‌کانی پێشووشدا هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ نابێت هیچ که‌سێک ڕابکات له‌ به‌رپرسیارێتی."

" له‌ کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا واپیشاندرا که‌ به‌ته‌نها وه‌زیری دارایی هۆکاری ئه‌م هه‌موو قه‌یرانه‌ و نه‌گبه‌تییه‌ "

جێگری سەرۆکی زیاتر وتی" به‌داخه‌وه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا واپیشاندرا به‌ته‌نها وه‌زیری دارایی هۆکاری ئه‌م هه‌موو قه‌یران و نه‌گبه‌تییه‌یە که‌ به‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستاندا دێت، من ناڵێم وه‌زیری دارایی به‌پرس نییه‌، به‌ڕێز وه‌زیری دارایی به‌رپرسه‌ من ئێستا ناتوانم به‌رگری له‌ به‌ڕێزیان بکه‌م چونکه‌ من وه‌کو ئه‌ندامێکی په‌رله‌مانی کوردستان وه‌زیری دارایش وه‌کو وه‌زیره‌کانی تری کابینه‌که‌ له‌ژێر چاودێری مندان واته‌ وابکه‌وێته‌وه‌ که‌ من به‌رگری له‌ وه‌زیری دارایی ده‌که‌م به‌ڵام هه‌ر که‌سه‌ له‌و شوێن و پله‌یه‌ی تیایه‌تی ده‌بێت به‌رپرسیارێتیه‌که‌ هه‌ڵبگرێت ناکرێت هه‌موو چاوه‌کان بخرێته‌ سه‌ر وه‌زیری دارایی و شکستی ئه‌م کابینه‌یه‌ به‌ته‌نها بخرێته‌ سه‌ر وه‌زیری دارایی، هه‌مووی به‌پێی ئه‌و قورساییه‌ی که‌ هه‌یه‌تی له‌ کابینه‌که‌دا ده‌بێت به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرێت. "

" هه‌موومان ده‌زانیین لێبڕینی 21% ی مووچه‌ بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌ به‌ته‌نها بڕیاری وه‌زیری دارایی نییه‌ "

ئاشنا عەبدوڵا جەختی لە قسەکانی کردەوە و دەڵێت" به‌ڵێ به‌و شێوه‌یه‌ که‌وته‌وه‌ که‌ هه‌موو شکسته‌کان و دابه‌ش نه‌کردنی مووچه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موومان ده‌زانیین لێبڕینی 21% ی مووچه‌ بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌ به‌ته‌نها بڕیاری وه‌زیری دارایی نییه‌، ڕاسته‌ وه‌زیری دارایش ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌ چۆن وه‌زیری دارایی به‌رپرسیاره‌ وه‌زیره‌کانی تری کابینه‌که‌ش هه‌موویان به‌بێ جیاوازی به‌رپرسیارن به‌رامبه‌ر به‌ لێبڕینی 21% ی مووچه‌ به‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت و جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت له‌پێش هه‌ر هه‌موویانه‌وه‌ ، من که‌ له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانیش قسه‌م کرد به‌ڕاستی پێویست بوو سه‌رۆکی حکومه‌ت و جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت له‌و دانیشتنه‌ ئاماده‌ بوونایه‌ چونکه‌ بڕیار بوو بڕیار بدرێت کۆتایی به‌ لێبڕینی مووچه‌ بهێنرێت، بڕیارێکی ئه‌وه‌نده‌ چاره‌نوس ساز بدرێت ده‌بوو ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌ش ئاماده‌ بوونایه‌ به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوون. "

سەبارەت بە بۆچونی وەزیری دارایی؟ ئاشنا عەبدوڵا وتی" من خۆم قسه‌م له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی نه‌کردووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ناتوانم وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌."

ئەی وەڵامی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی چی بوون لەسەر ئەوەی وەک خۆت وتت "وەزیری دارایی نیگەرانی گەیاندۆتە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لەسەر ئەو دانیشتنەی پەرلەمان) لە وەڵامدا ئاشنا عەبدوڵا وتی" ئاگاداری ئه‌وه‌ش نیم به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌سه‌ر زاری وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ له‌ ڕاگه‌یانده‌کاندا بۆیه‌ من ده‌توانم بڵێم به‌ڵێ به‌و شێوه‌یه‌ نیگه‌رانه‌."

"ناتوانم بڵێم لەو دانیشتنەدا موئامەرە بوو چونکه‌ ئاگام له‌ دانوستانه‌کانی پشته‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ نییه‌ "

واتە ئێوە پێتان وایە لەو دانیشتنەدا موئامەرە دژی وەزیرەکەتان ئەنجامدراوە یا تەنها ڕێکەوت-سوتفە بووە؟

لە وەڵامدا ئاشنا عەبدوڵا دەڵێت" ئه‌وه‌ی له‌ دانیشتنی په‌رله‌مان بینرا به‌و شێوازی خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت، له‌ سیاسه‌تدا من باوه‌ڕم به‌ ڕێکه‌وت نییه‌ ناشتوانم بڵێم موئامه‌ره‌یه‌ چونکه‌ ئاگام له‌ دانوستانه‌کانی پشته‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ نییه‌ ده‌بێت سه‌یربکه‌ین و سه‌رنج بده‌ین بزانیین هۆکاری ئه‌مه‌ چی بووه‌ که‌ ئایا به‌ڕاستی ئه‌مه‌ پلان بۆ داڕێژراوه‌؟ ئه‌گه‌ر پلان بۆ داڕێژراوه‌ بۆ به‌و شێوازه‌ پلانی بۆ داڕێژراوه‌! له‌لایه‌ن ئه‌و دوو هێزه‌وه‌، ناتوانم بڵێم موئامه‌ره‌یه‌ و پێشم وانییه‌ ئه‌مه‌ شتێک بێت هه‌روا به‌شێوه‌یه‌کی " سه‌تحی -ڕوواڵەتی " کرابێت، ده‌بێت به‌دوایدا بچین بزانیین هۆکاری چییه‌."

" بەڵێ بەڕاستی بەلامانەوە گرنگە بەدواداچوونی بۆ بکەین "

واتە ئێوە بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکەن بزانن ئەوەی لەو دانیشتنەی پەرلەمان ڕوویدا پلان بۆ داڕێژراو بوو؟ وەڵامەکەی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بەم جۆرە بوو " به‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ و له‌هه‌مووشی گرنگتر له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ڕاستی دانیشتنی تری په‌رله‌مان بکرێت هه‌ندێک بابه‌تی تر هه‌ن ناڕوونه‌ نا شه‌فافه‌ ده‌بێت ئه‌وانه‌ش هه‌مووی یه‌کلایی بکرێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌ی زیادبوونی قه‌رزانه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی زیادبوونی داهات، لانی که‌م بۆئه‌وه‌ی کۆتایی به‌ لێبڕینی مووچه‌ بهێنرێت،کاتێک دابنریایه‌ بۆئه‌وه‌ی حکومه‌ت وه‌ڵام بداته‌وه‌ بڵێت ئه‌و ڕاسپاردانه‌ی ئێوه‌ بۆ ئێمه‌تان به‌رز کردۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ ئه‌نجامه‌که‌یه‌تی."

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ژیار محەمەد لەگەڵ ئاشنا عەبدوڵا Jul 2-021