سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین باس لە ئاستی زانکۆ حوکمییەکانی هەرێم دەکات

پڕۆفیسۆر د.جەوهەر فەتاح سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین

پڕۆفیسۆر د.جەوهەر فەتاح سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ڕایدەگەیەنێت، هەرچەندە گرفتی خوێندکارانی نمرە بەرزەکان لای ئێمە وەک زانکۆی سەڵاحەدین نیە چونکە هیچ کۆلێژێکی پزیشکی لە زانکۆکەمان نیە، بەڵام پێنج-شەش زانکۆ هەیە کە کۆلێژی پزیشکییان هەیە کێشەکە لای ئەوانیش نیە، بەڵکو داواکارییەکەیە، دوای ئەوەی بە هاوکاری ”جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا” ئەو گرفتانە چارەسەرکران ئەوکات هەموو زانکۆ و مامۆستایانیش پێییان خۆشە خوێندکاران لەو کۆلێژانە وەربگریرێن کە خۆیان حەزی پێدەکەن.”

ڕۆژی ڕابردوتر وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان گرت، کە وێڕای ئەوەی بەربەستن لەبەردەم وەرگرتنی خوێندکاران لە کۆلێژە بەرزەکانی وەک پزیشکان و ژمارەی کورسی وەرگرتنی خوێندکارانیان کەمکردۆتەوە، هاوکات وتیشی” من دەمەوێت بپرسم لە بیست ساڵی ڕابردوو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان توانیوییانە چەند (ئیسحاق نیوتن و ئەنشتاین و تۆماس فریدمان) پێبگەیەنن؟”

” هەموو ئەوانەی کە ئێستا لە کوردستان کار دەکەن و پلەی وەزیفییان هەیە، پزیشکن لە هەرێمی کوردستان، دەرچووی زانکۆکانی هەرێمن ”

بەڵام لە وەڵامدا پڕۆفیسۆر د.جەوهەر فەتاح دەڵێت” هەموو ئەوانەی کە ئێستا لە کوردستان کار دەکەن و پلەی وەزیفییان هەیە، پزیشکن لە هەرێمی کوردستان، دەرچووی زانکۆکانی هەرێمن بەتایبەت زانکۆی سەڵاحەدین و هەموو زانکۆکانی تر، هەرچەندە زانکۆکانی هەرێم بە دۆخێکی تایبەتدا تێپەڕیوون بەتایبەت لەم چەند ساڵەی ڕابردوو بەهۆی کێشەی دارایی لەگەڵ بەغداد، ئێمە وەک هەموو زانکۆکانی کوردستان بەسەدان توێژینەوەی زانستیمان هەیە کە لە گۆڤارەکانی جیهان بڵاوکراونەتەوە، ئاستی زانکۆکانمان ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان ڕانکیان بەرز دەکرێتەوە، بۆ نمونە ئەگەر ساڵانی پێشوو ڕانکی زانکۆیەکمان 10هەزار بوبێت، ئێستا ڕانکەکەی گەڕاوەتەوە بۆتە 3-4 هەزار، ئەوەش هەمووی لە ئەنجامی ئەوەی چالاکی زانستی زانکۆکانمان بەهێزە چ لەڕووی توێژینەوە یاخود کۆنفرانس و ۆرک شۆپ کە لە ئاستی نێودەڵەتی ئەنجام دەدرێت. ”

” وەک زانکۆ حوکمییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر هەمان سیستمی خوێندنی زانکۆکانی وڵاتانی دەوروبەر دەڕۆین”

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا، وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت” ئەگەر سیستمی خوێندن چارەسەر نەکرێت ئەوا لەبەردەم کارەساتدایە. ”

بەڵام پڕۆفیسۆر د.جەوهەر فەتاح دەڵێت” وەک زانکۆ حوکمییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر هەمان سیستمی خوێندنی زانکۆکانی وڵاتانی دەوروبەر دەڕۆین، ئێمەش وەک زانکۆکان وە خودی ”جەنابی وەزیر” و هەموو بەرپرسانی هەرێم تموحی ئەوەمان هەیە کە زانکۆکان زیاتر بەرەوپێش بڕۆن و پەیوەندیمان لەگەڵ زانکۆ جیهانیەکان هەبێت وە لە ڕانکی ساڵانەی زانکۆکاندا بێینە پێشەوە. ”

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتەکە -سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین