د.پێشڕەو حەمەجان: داواکاری خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی داواکاری سەرجەم خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستانە

خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ

د.پێشڕەو حەمەجان جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت” ئەو خۆپیشاندانەی ئەنجامدرا لە زانکۆی سلێمانی بەتەنها داواکاری زانکۆی سلێمانی نیە، بەڵکو داواکاری سەرجەم زانکۆکانی هەرێمە، داواکاری ئەو خوێندکارانە بۆ گەڕانەوەی دەرماڵەیەی خوێندکارانە کە چەند ساڵێکە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بڕدراوە، ئێمە وەک سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆ پشتگیری ئەو داوا ڕەوایەی خوێندکاران دەکەین. ”

جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ دەنگی ئەمەریکا، جەختی کردەوە، داوای خوێندکاران داوایەکی یاسایی و ڕەوایە جگە لە پشتیوانی کردن هەروەک لە بەیاننامەکەی زانکۆی سلێمانیدا هات هاوکات دژی هەر پێشێلکاریەکین بەرامبەر خوێندکارەکانی زانکۆ و حەرەمی زانکۆمان. ”

” داواکاری سەرجەم خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستانە ”

جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی داوای لە خوێندکاران کرد داواکارییەکانیان لەڕێگای سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانیەوە بەرز بکەنەوە و وتی” داوا دەکەین ئەو داواکارییانەیان بهێنن بۆ سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی تا ئێمە لەڕێگای خۆمانەوە بەرزی بکەینەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا لەوێشەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، وتیشی” بابەتی دەرماڵە بابەتێک نیە لەدەستی سەرۆکایەتی زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا بێت بەڵکو دەبێت وەزارەتی دارایی بەرزی بکاتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕیاری لەسەر بدات، ئەوە داواکارییەک نیە بەتەنها پەیوەندی هەبێت بە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانیەوە بەڵکو داواکارییەکە داواکاری سەرجەم خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستانە. ”

” ئەوەی ئێمە بەدواداچونمان کردووە بەهیچ جۆرێک هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەستوەردانیان نەکردووە بەڵکو ئەوەی کە دەستوەردان هەبووە لەلایەن پۆلیسی چالاکیە مەدەنیەکانەوە بووە ”

لە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ چەندین وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکرانەوە کە خوێندکاران ئازار دەدرێن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.

جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەوبارەوە دەڵێت” ئەوەی ئێمە بەدواداچونمان کردووە بەهیچ جۆرێک هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەستوەردانیان نەکردووە بەڵکو ئەوەی کە دەستوەردان هەبووە لەلایەن پۆلیسی چالاکیە مەدەنیەکانەوە بووە، وە ئەوەی ئێمە بەدواداچونمان کردووە لەگەڵ پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە هەرچییەک ئەوان کردویانە و بەکارییان هێناوە لەچوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکاندا بووە، چەند وێنە و ڤیدیۆمان لەلایەن خوێندکارەکانمانەوە بۆ هاتووە کە ئاماژە بە ئەنجامدانی توندوتیژی دەکەن بەرامبەریان ئێمە وەک زانکۆی سلێمانی جگە لە پێکهێنانی لیژنە لەوبارەوە هاوکات لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و جێگری سەرۆکی حکومەت(کاک قوباد تاڵەبانی)، هەروەها بەڕێوەبەری چالاکیە مەدەنییەکان لەسەر خەتین تا ئەو حاڵەتانەی لێرە و لەوێ ئەگەر هەبوبێت ڕێگە نەدرێت دووبارە ببێتەوە. ”

د.پێشرەو حەمەجان وتیشی” ئێمە لێرەوە داوادەکەین ئەو داواکارییە ڕووبەڕووی پۆلیسی سلێمانی و وەزارەتی ناوخۆ بکرێتەوە بەدواداچون بکرێت کە ئەگەر پێشێلکاری کراوە بەرامبەر بە خوێندکارەکان ئەوا داوای لێبوردن بکەن لە خوێندکارەکانمان تا ئەوانیش هەست بە ئارامی بکەن، بۆیە پێویستی بەدواداچون هەیە ئەگەر پێشێلکاری کراوە نەک تەنها داوای لێبوردن بەڵکو لەچوارچێوەی یاسا و ڕێنمایدا دەبێت کاردانەوە هەبێت. ”

”تەنها پۆلیسی چالاکیە مەدەنییەکان تەداخولیان کردووە وە جۆری ئەو فیشکە فرمێسک ڕێژە و جۆری ئەو فیشەکەی کە دووکەڵ بڵاودەکاتەوە بەپێی قسەکانی خۆیان لەچوارچێوەی ڕێنمایی و یاسای خۆپیشاندان و ستاندەردە جیهانیەکان بەکارهێنراوە ”

سەبارەت بەو توند و تیژییانەی بەرامبەر خوێندکاران بەکارهێنراون ئایا لەچوارچێوەی یاسا و ڕێنمایی بووە؟ وەک خۆت دەڵێی پۆلیسی چالاکیە مەدەنییەکان وای پێ وتوین؟

لە وەڵامدا جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وتی”ئێمە تا ئەم ساتە پەیوەندیمان لەگەڵ پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان هەبووە ئەوان جەخت دەکەنەوە تەنها پۆلیسی چالاکیە مەدەنییەکان تەداخولیان کردووە وە جۆری ئەو فیشکە فرمێسک ڕێژە و جۆری ئەو فیشەکەی کە دووکەڵ بڵاودەکاتەوە بەپێی قسەکانی خۆیان لەچوارچێوەی ڕێنمایی و یاسای خۆپیشاندان و ستاندەردە جیهانیەکان بەکارهێنراوە، ئەمە لێدوانەکانی ئەوانە بەڵام لە واقعدا تا چەند ئەم شتانە وایە یا نا؟ پێشێلکاری کراوە یاخود نا؟ ئەمە پێویستی بە وردەکاری و بەدواداچون هەیە نەک بڕیاری پێش وەختەی لەسەر بدەین. ”

دەنگی ئەمەریکا بۆ هاوسەنگی و وەرگرتنی لێدوانی لایەنی چالاکیە مەدەنیەکان، پەیوەندی کرد بە بەڕێوەبەری پۆلیسی چالاکیە مەدەنییەکانی سلێمانی بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات.

Your browser doesn’t support HTML5

زانیاری زیاتر و قسەکانی د.پێشڕەو حەمەجان لەم فایلە دەنگیەدایە