بەرزان شێخ محەمەد:هەر چواردەورمان ئیش لەسەر ئێمە دەکەن ئەجێندای هەموو وڵاتێکی تێدابووە بۆیە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی گەیشتە ئەو توند و تیژییە

Xopishandan

بەرزان شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەربارەی کاری ئەنجومەنەکەیان لەسەر خۆپیشاندانەکانی سلێمانی ا توندوتیژییەکان، دەڵێت” ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پێی یاسای ژمارە 3 کارەکانی دەکات، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە قسەمان نەبێت لەسەر بابەتەکانی تر لەسەر ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر خوێندکاران کراون، بەڵام لەم وڵاتەدا کە ئەم حاڵەتە دێتەوە پێشەوە لەبەرئەوەی ئەجێندای خەڵکی تر زۆرە بۆیە کە ئەم بابەتانە ڕوودەدەن هەرچەندە ڕەوایەتیش لە داواکارییەکاندا هەبێت ئەوا بەشێوەیەکی تر دەڕوات ئەمە یەکەمجار نیە، کە هاوڵاتی هاتبێتە سەر شەقام و داوای مافی ڕەوای خۆی کردبێت بەڵام مامەڵەی نەخوازراوی تێکەوتووە، ئێمە لیژنەی ناوخۆی ئەنجومەنمان ڕاسپاردووە چەند خاڵێکی داوەتە ئێمە، ئێمەش لەڕێگای سەرۆکایەتی ئەنجومەنەوە گەیاندومانەتە کاری پێویست ”

” وەک فراکسیۆنی گۆڕان داوامانکردووە کە کۆبونەوەیەکی نائاسایی بکرێت بۆ باسکردن لەو وردەکارییانە ”

سەبارەت بە ژمارەی ئەو خوێندکارانەی دەستگیرکراون بە هۆی خۆپیشاندانەکانی سلێمانیەوە؟ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت” وەک ئاماژەم پێکرد تەنها خوێندکار نەبووە، ئەوان بۆ داواکردنی مافی خۆیان چوونەتە سەر شەقام، بەڵکو ئەجێندای تر تێکەڵی بوو، توندوتیژی لێکەوتەوە، لە هەندێک قەزا هێرشکرایە سەر دامودەزگا ئەوە نە کاری خوێندکارە نە خوێندکاریش ئەوەی پێ خۆشە، لەبەر ئەوە ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان داوامانکردووە کە کۆبونەوەیەکی نائاسایی بکرێت بۆ باسکردن لەو وردەکارییانە ئێمە تائێستا خەریکی ئەو بابەتەین. ”

”یەکەم ڕۆژ ئێمە زانیاریمان هەبوو کە 211 کەس دەستگیرکرابوون ”

بەرزان شێخ محەمەد وتیشی” لەبەر ئەوەی لەو کەسانەی دەستگیرکراون لێییان ئازادکران بەڵام یەکەم ڕۆژ ئێمە زانیاریمان هەبوو کە 211 کەس دەستگیرکرابوون، چالاکوان و پارێزەریشی تێدایە و تائێستا ئازاد نەکراون، بەڵام وەک داتایەکی تەواو، ژمارەمان لانیە چەند کەس دەستگیرکراون، تا ئێستاش لیژنەی ناوخۆ لە لێکۆڵینەوەن و ئەنجامێکی تەواومان پێنەگەیشتووە لە لایەن ئەو لیژنەوە، بەڵام توندوتیژییەکان هەندێک لە لایەن هێزی ئەمنیە هەندێکی لەلایەن خۆپیشاندەر بووە، بۆ ئێمە هەردوکیان هاوڵاتین و جیاوازییان نیە بۆمان. ”

” لە ڕابردوودا ئەنجومەنی پارێزگا نەیتوانیووە ڕۆڵێکی وای هەبێت لەو بابەتانەدا تەنها ئەگەر لێدوانێک لە ئەندامان یا سەرۆکایەتی هەبووە ”

دەربارەی کاتی ئەو کۆبونەوەیەی ئەنجومەنی پارێزگا؟ بەرزان شێخ محەمەد وتی” تا ئێستا کاتێکی دیاری کراو دانەنراوە، چونکە کۆبونەوە پەیوەندی هەیە بە ڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەن و سەرۆک فراکسیۆنەکان، بەڵام من حەز دەکەم ڕاشکاوانەتر قسە بکەم، لە ڕابردوودا ئەنجومەنی پارێزگا نەیتوانیووە ڕۆڵێکی وای هەبێت لەو بابەتانەدا تەنها ئەگەر لێدوانێک لە ئەندامان یا سەرۆکایەتی هەبووە کە پشتگیری داوای خەڵکمان کردووە هەروەک چۆن ئەمجارە پشتگیری داوای خوێندکاران دەکەین هەموو ئەو پاسا و پۆزشانەی دەهێنرێتەوە بۆ ئەوەی پارە نەدەنە خوێندکاران ئێمە بە ناڕەوای دەبینین و پشتگیری داوای خوێندکاران دەکەین. ”

” هەر چواردەورمان کار لەسەر ئێمە دەکەن ئەجێندای هەموو وڵاتێکی تێدابووە”

سەبارەت بە توندو تیژییەکانیش جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی” ئێمە پرسیارمان کردووە وتویانە هەندێک لەوانە بەردییان تێگرتوین، شتییان شکاندووە، شتی ترییان پێبووە، بۆیە وەک وتم داوای ئەو خوێندکارانە ڕەوایە، بەڵام کە کاتی خایاندووە ئەجێندای تری تێکەڵبووە وەک دەزانرێت هەر چواردەورمان کار لەسەر ئێمە دەکەن ئەجێندای هەموو وڵاتێکی تێدابووە بۆیە گەیشتۆتە ئەو توند و تیژییە بۆیە ئێمە هەموو جۆرە توندوتیژییەک ڕەتدەکەینەوە هەم بەرامبەر خوێندکاران هەم بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان. ”

” ئەو خوێندکارەی بۆ داواکاری ڕەوای مافی خۆی چۆتە سەر شەقام بە کەسوکاری خۆمانی دەزانین ”

بەرزان شێخ محەمەد وتیشی” ئێمە بەخەڵک دەڵێیین لەچوارچێوەی ئەو یاسایەی کاری پێدەکەین ئەو خوێندکارەی بۆ داواکاری ڕەوای مافی خۆی چۆتە سەر شەقام بە کەسوکاری خۆمانی دەزانین، بەڵام هەندێکجار ئەوەی بەرامبەر کارێکی کردووە کە بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان ئێمە ناتوانین داکۆکیکاری بین بۆ نمونە ئەگەر هەوڵی دابێت شوێنێکی سوتاندبێت ئێمە داکۆکیکاری چی بین؟!”

”بەپێی زانیارییەکانی ئێمە ئەو کەسەی شەقی لەسەری خوێندکارەکە دا دەستگیر کراوە ”

لە تۆڕێ کۆمەڵاتییە کۆردییەکان دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دیمەنی شەقهەڵدانی بەرپرسێکی ئەمنی سلێمانی لەسەری خوێندکارێک کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە، لیژنەیەکی ئاسایشی سلێمانی سەردانی خوێندکارەکەی کرد، دواتر میدیاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاوییان کردەوە کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ئەو کەسە دەرکردووە.

بەرزان شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت”هەرکەس نوێنەرایەتی پەروەردەی خۆی دەکات من دڵنیام ئەو کەسەی هاتۆتە سەر شەقام ڕانەسپێراوە کە شەق هەڵبدات لەسەری خوێندکار، بەڵام ئێمە زانیاریمان هەیە ئەو کەسە دەستگیرکراوە، خۆ ئەگەر دەستگیریش نەکرابێت ئەوا ئێمە وەک ئەنجومەن لە دەسەڵاتمان هەیە بە دواداچون بکەینەوە بۆ ئەو بابەتە ڕونکردنەوەمان بدەنێ. ”

” ئەوانەی تا ئێستا ئازاد نەکراون خۆیان یاسا و بڕیارییان بۆ داتاشیووە،،،کە پرسیار دەکەین ڤیدۆییان هێناوەتە بەردەمی ئێمە بە دە کەس لە پۆلیسێک دەدەن ئێخۆ کە پۆلیس بوو مانای وانیە خوێنی حەڵاڵ بێت ”

بەپێی سەرچاوەکان تا ئێستا ژمارەیەک لە دەستگیرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی ئازاد نەکراون.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت” ئەوەی کە زانیاریمان هەبێت ئەوەی ماوەتەوە هەریەکەیان بە هۆکارێک ماوەتەوە هۆکارەکانیش خۆیان یاسا و بڕیارییان بۆ داتاشیوون لەوانەیە واش نەبێت و هەندێک کەس زۆر بێ تاوان بێت بەڵام کە پرسیار دەکەین ڤیدۆییان هێناوەتە بەردەمی ئێمە بە دە کەس لە پۆلیسێک دەدەن ئێخۆ کە پۆلیس بوو مانای وانیە خوێنی حەڵاڵ بێت لەبەر ئەوەی مەکتەب و بینا سوتاوە من بڕواناکەم خوێندکار بۆ داوای مافی خۆی چوبێتە سەرشەقام بەڵام لەبەر ئەوەی مافی خۆی نادەنێ بچێت کاری وابکات. ”

ئایا پارێزگاری سلێمانی دەستی لەکارکێشاوەتەوە؟ بە شەخسیش بەوپێیەی هەردوکمان لە یەک حیزبین پرسیارمان لێکردووە لەوبارەیەوە دەڵێت، بابەتی وا ڕاست نیە ”

دەربارەی پێشکەشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوە لە لایەن پارێزگاری سلێمانی بەهۆی توندوتیژییەکانی ئەم دوایەی سلێمانی؟ بەرزان شێخ محەمەد کە لەهەمان حیزبەکەی پارێزگای سلێمانیە (بزوتنەوەی گۆڕان) دەڵێت” من وەک خۆم ئەوەی دەستم کەوتبێت لەوبارەوە ئەوەیە کە (بەڕێز پارێزگار) دەڵێت: من بە فەرمی کەس پێی ڕانەگەیاندووم هەروەها خۆم داوام نەکردووە بەڵام مێژووەکەی کە باسی دەکەن کە چوار ساڵە، بەڵام خۆی پێویستە ئەگەر ئەو دەستلەکاردەکێشێتەوە لەبەر ئەوەی لە ڕێگای ئەنجومەنی پارێزگاوە دەبێت دەسلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکرێت بۆیە دەبێت سەرەتا نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بنێرێت بۆ ئەنجومەنی پارێزگا، بۆیە تا ئێستا نە نامەی بۆ ئەنجومەن ناردووە وە بە شەخسیش بەوپێیەی هەردوکمان لە یەک حیزبین پرسیارمان لێکردووە لەوبارەیەوە دەڵێت، بابەتی وا ڕاست نیە(پێشکەشکردنی نامەی دەسلەکاکێشانەوە). ”

بۆ وەرگرتنی لێدوانی بەرپرسانی ئاسایش و پۆلیسی سلێانی دەنگی ئەمەریکا چەندین جار هەوڵیدا بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام بوون.