لاڤرۆڤ دەڵێت لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ ئۆکرانیا باس لە سزاکان کراوە

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ وتی لابردنی ئەو سزایانەی ڕۆژئاوا سەپاندوونی بەسەر ڕووسیادا بەشێکن لە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیادا، بەڵام نوێنەری باڵای ئۆکرانیا بۆ گفتوگۆکان میخایلۆ پۆدۆلیاک ئەوەی ڕەت کردەوە.

لاڤرۆڤ لە لێدوانێکدا بۆ دەزگای هەواڵی شینخوای چین کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیادا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " لە ئێستادا ڕۆژانە لەڕێی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەڕێوەدەچن."

وتیشی " لە گفتوگۆکاندا تاوتوێی کۆمەڵێک بابەت دەکرێت، لەوانەش بابەتی لەناوبردنی نەتەوەپەرستەکان و ناساندنی ڕاستییە جیۆسیاسییەکە و لابردنی سزاکان و پێگەی زمانی ڕووسی لە ئۆکرانیادا."

بەڵام نوێنەری باڵای ئۆکرانیا بۆ گفتوگۆکان میخایلۆ پۆدۆلیاک ئەوەی ڕەت کردەوە و وتی لاڤرۆڤ تاوەکو ئێستا بەشداری لە هیچ خولێکی گفتوگۆکاندا نەکردووە، وتیشی ئۆکرانیا پێویستی بە وانەکانی " لەناوبردنی نەتەوە پەرستەکان " یاخود بەکارهێنانی زمانی ڕووسی نیە لەلایەن ئەو کەسانەوە کە هێرشیان کردۆتەسەر ئۆکرانیا و شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکەمانیان داگیرکردووە.

وتیشی لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی ئۆکرانیا و ڕووسیادا " بابەتی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر فیدراسیۆنی ڕووسیا بەهیچ شێوەیەک تاوتوێ نەکراوە."

پۆدۆلیاک وتی " تەنها ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانماندا دەتوانین بڕیار لەسەر سزاکان بدەین."

لاڤرۆڤ وتی " ئێمە دەمانەوێت گفتوگۆکان بەردەوام بن، سەرەڕای ئەوەش کە قورسن."

ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز