جێگری سەرکردەی حزبوڵا دەڵێت حزبوڵا پشتگیری لە هەوڵەکانی ئاگربەست دەکات

جێگری سەرکردەی حزبوڵا نایم قاسم ڕۆژی سێشەممە وتی حزبوڵا پشتگیری لە هەوڵەکان دەکات بەرەو ئاگربەستێک بۆ شەڕەکەی سەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان.

قاسم لە لێدوانێکی تەلەفیزیۆنیدا باسی لە هەوڵەکانی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان نەبی بێری کرد بۆ وەستاندنی شەڕەکە، هاوکات ڕۆژی سێشەممە ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنی هێرشی زەمینی نوێی بۆ سەر باشووری ڕۆژئاوای لوبنان ڕاگەیاند و بەردەوام بوو لە هێرشە ئاسمانییەکانی لە ناوچەی زاحیەی بەیروت.

قاسم وتیشی حزبوڵا هێشتا بە ڕێکخراویی ماوەتەوە و بەسەر " لێدانە بە ئازارەکاندا " زاڵ دەبێت.

هێرشە زەمینییە نوێیەکەی ئیسڕائیل لەشکرکێشییەکەی فراوانتر کرد کە بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن ئامانج لێی دوورخستنەوەی چەکدارانی حەماس لەسەر سنوورەکە.

ڕۆژی سێشەممە سوپای ئیسڕائیل وتی لە هێرشێکی ئاسمانیدا فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵا، سوهەیل حوسەینی، کوژراوە، حوسەینی بەشداربووە لە گواستنەوەی چەکەکان لە ئێرانەوە بۆ حزبوڵای لوبنان.

هێرشە ئاسمانییەکە دوای 10 ڕۆژ دێت لە هێرشێکی ئاسمانی کە بووە هۆی کوژرانی سەرکردەی حزبولا حەسەن نەسڕوڵا.

ڕۆژی سێشەممە حزبوڵا وتی ڕۆکێتی ئاڕاستەی شاری حەیفای باکووری ئیسڕائیل کردووە، هاوکات ئیسڕائیل وتی دەیان ڕۆکێتی بینیوە لە لوبنانەوە هەڵدراون.

شەڕەکە چەندین حکومەتی وڵاتانی ناچار کردووە هاووڵاتیانیان لە لوبنان بگوازنەوە. تورکیا وتی دوو کەشی جەنگی بەرەو لوبنان دەڕۆن بۆ گواستنەوەی 2000 هاووڵاتی تورکیایی.

ئەمەریکا وتی ڕۆژی سێشەممە دوو گەشتی ئاسمانی کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە کارئاسانییان بۆ کراوە 180 کەسیان لە بەیروتەوە بۆ ئیستەنبوڵ گواستووەتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا