لایەنەکانی لوبنان هەوڵی دۆزینەوەی کەسێک دەدەن حکومەتی نوێ بۆ وڵاتەکەیان پـێکبهێنێت

لە لوبنان جارێکی تر وتووێژ دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیری نوێ و ئەمەش سێهەم هەوڵە لە ماوەی یەک ساڵدا بۆ پێکهێنانی حکومەت، هاوکاتی هەروادێ و قوڵبوونەوەی قەیرانی سیاسی و ئابوری لە وڵاتەکەدا.

لەو کاتەوەی حەسەن دیاب، سەرۆک وەزیری لوبنان بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووتەوە دەستی لەکار کێشایەوە، حکومەتی کاربەڕیکەر وڵاتەکە بەڕێوە دەبات.

لەو تەقینەوەیەی مانگی هەشتی ساڵی پاردا، زیاتر لە 200 کەس کوژران.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو قەیرانە ئابورییە قوڵە هەیە لە لوبناندا و بانکی جیهانی بە خراپترین قەیران دایدەنێت لەوەتای سەدەی 19هەمەوە، بەڵام لەو کاتەوە ناکۆکییە سیاسییەکان بوونەتە هۆکاری شکستی 2 سەرۆک وەزیری دەستنیشانکراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەی ڕاوێژکارانە هەبووە لە نێوان میشێل عۆن، سەرۆکی لوبنان و هەروەهاش سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەماندا، بۆ دۆزینەوەی کەسێک تا جێی سەعد حەریری بگرێتەوە.
حەریری دەستنیشان کرابوو تا حکومەت پێکبهێنێت بەڵام ڕۆژی 15ی مانگی حەوت پاش 9 مانگ لە بگرە و بەردەی سیاسی، نەیتوانی کابینەی نوێ پێکبهێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی میدیای خۆجێیی، زۆر پێدەچێت نەجیب میقاتی، کە دوو جار سەرۆک وەزیر بووە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی لوبنان دەستنیشان بکرێت.
سێ سەرۆک وەزیری پێشووی لوبنان "حەریری و فوئاد سەنیورە و تەمام سەلام" ڕۆژی پێنجشەممە ئاماژەیان بە پشتیوانی خۆیان کردووە بۆ میقاتی.

ئەگەر میقاتی تەمەن 65 ساڵ و سیاسەتمەداری دێرین دەستنیشان بکرێت ئەوا وەها چاوەڕوان دەکرێت ڕیزبەندی حکومەتێک پێشکەش بکات و ڕێبەرانی سیاسی لوبنان بەلایانەوە پەسەند بێت کە لە پێشەبڕکێی بەدەستهێنانی بەشی خۆیاندان لە وەزارەتەکان و هەروەهاش بەدەستهێنانی پۆستە وەزارییەکان.

سەرچاوە / فڕانس پـرێس