لیبیا پلانی یەکێتی ئەوروپا ڕەت دەکاتەوە بۆ دامەزراندنی ناوەندی کۆچبەران لەسەر خاکەکەی

سەرۆک وەزیتی لیبیا فائیز سەراج وتی لیبیا پلانەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕەت دەکاتەوە بۆ دامەزراندنی ناوەندی کۆچبەران لەسەر خاکەکەی بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن بە کۆچبەرەکان بگەنە ڕۆژئاوای ئەوروپا.

جێی ئاماژەیە مانگی ڕابردوو ئیتاڵیا پێشنیاری دامەزراندنی ناوەندی وەرگرتنی کۆچبەرانی کرد بۆ دڵنیابوون لە ناسنامەکانیان لە ئەفریقا، ئەمەش وەکو ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی ئەوروپا لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەراندا کە زیاتر لە ملیۆنێک هاوڵاتی لە ساڵی 2015 ەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا.

لیبیا خاڵی دەرچوونی سەرەکی ئەو کۆچبەرانەیە کە هەوڵدەدەن بگەنە ئەوروپا لەڕێی بەلەمی خراپەوە کە قاچاخچیەکان بۆیان دابین دەکەن و زۆر جاریش ئەو بەلەمانە نقوم دەبن.

سەراج بە ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی وت " ئێمە دژایەتی ئەوە دەکەین کە ئەوروپا دەیەوێت ئێمە بیکەین و ئەو کۆچبەرە نایاساییانە وەربگرین کە یەکێتی ئەوروپا نایەوێت وەریان بگرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز