لافاوەکەی لیبیا و بێسەروشوێن بوونی هەزاران کەس

ڕۆژی هەینی ئەرکەکانی گەڕان و فریاکەوتن بە قووڕ و داروپەردبووەکانی شاری دێرنادا بەردەوام بوون، شارەکە ڕووبەڕووی لافاوێک بووەوە کە قەبارەکەی هێندەی تسونامی بووە و بووە هۆی گیان لە دەستدانی زیاتر لە 3000 کەس.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو زیادبوونی ئاوەکە دوو بەنداوی تەقاند و شاری دێرنای بە تەواوەتی خاپوور کرد، سەرانسەری شارەکە ژێرئاوکەوت و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شۆردەوە بۆ ناو دەریای ناوەند، تاوەکو ئێستا ئەو ژمارەیە ئاماژەی پێنەدراوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆکردنەوەی زیاتر لە 71 ملیۆن دۆلاری کردووە بۆ یارمەتیدانی سەدان هەزاران کەس و هۆشداریدا و وتی " فراوانی کێشەکە " هێشتا ڕوون نیە.

ڕزگاربوویەک کە لەگەڵ دایکیدا ئاوی لافاوەکە بردوونی و بریندار بوون و دواتر توانیویانە خۆیان ڕزگار بکەن، وتی " لە ماوەی چەند چرکەیەدا ئاستی ئاوەکە بەرزبووەوە."

کەسێکی دیکە لە نەخۆشخانە وتی " ئاوەکە لەگەڵ ئێمەدا بەرز دەبووەوە تاوەکو گەیشتینە نهۆمی چواری بیناکە."

وتی " گوێمان لە دەنگی هاوارکردن بوو. لە پەنجەرەکەوە لاشە و ئوتومبێلم دەبینی کە ئاوەکە دەیبردن، کاتژمێرێک یاخود کاتژمێرێک و نیوی خایاند، بەڵام بۆ ئێمە هەستمان دەکرد ساڵێکە."

بەرپرسانی ڕۆژهەڵاتی لیبیای دابەشبوو باسییان لە ژمارەیەکی دیکە کرد لەسەر گیان لە دەستدانەکان، بەرپرسێکیان وتی لانیکەم 3840 کەس گیانیان لە دەستداوە.

سەرۆکی یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفیث وتی "فراوانی کێشەکە نازانین." هاوکات داوای هەماهەنگی کرد لە نێوان دوو بەڕێوبەرایەتییە ڕکابەرەکەی لیبیادا، یەکێکیان حکومەتی لیبیایە لە تەڕابلسی پایتەخت و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە، ئەوی دیکەیان لە ڕۆژهەڵاتە کە ڕووبەڕووی کارەساتەکە بووەتەوە.

تامر ڕەمەزانی فیدراسێۆنی نێودەوڵەتی کۆمەڵگەکانی خاچی سوور و مانگی سوور وتی هێشتا هیوا هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕزگاربووان، بەڵام ڕەتی کردەوە ژمارەیەک بڵێ.

بەرپرسی نێردەی کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، یان فریدز کە کاتی لافاوەکە تیمێکی لە دێرنا بوون، وتی " ئەم کارەساتە زۆر توند و دڕندە بوو."

وتی " شەپۆلێکی حەوت مەتر بەرز بیناکانی ژێر ئاوخست و ژێرخانی ناوچەکەی هەمووی شۆردەوە بۆ ناو دەریا. ئێستا ئەندامانی خێزانەکان بێسەروشوێنن، لاشە مردوو لەسەر کەناراوەکان دەردەکەونەوە و ماڵەکان کاول بوون."

سەرچاوە/ فرانس پرێس