بەهۆی لافاوەوە لە لیبیا ترسی ئەوە هەیە هەزاران کەس بێسەروشوێن بووبێتن یاخود گیانییان لە دەستدابێت

بەرپرسانی ناوخۆی لیبیا و ڕێکخراوە فریاگوازرییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن بەهۆی لافاوەوە لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا ترسی ئەوە هەیە هەزاران کەس بێسەروشوێن بووبێتن یاخود گیانییان لە دەستدابێت، لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی قوڕاوی ئاوی ڕووبارێک سەرانسەری ناوچەکانی شارێکی کەنار دەریای وێران کرد.

شاری دێرنا کە 100,000 دانیشتووی هەیە، بەپێی ئەو وێنانەی کە بڵاوکراونەتەوە، کاولکارییەکی زۆر گەورە لە شارەکەدا دەبیندرێت، کە لەوێ بینا چەند نهۆمییەکانی سەر قەراغی ڕووبارەکە ڕووخاون و دوای ئەوەی دوو بەنداو تەقین و خانووەکانیش ئاو بردوونی.

کارەساتەکە بەهۆی باران بارینی وەرزییەوە ڕوویداوە کە بە زریانی دانیێڵ ناسراوە، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا زریانەکە ڕووی کردە ناوچەکانی دیکەی سەر دەریای ناوەند، بە تایبەتی یۆنان و بولگاریا و تورکیا، لە ئێستاشدا لیبیای گرتووەتەوە.

تامر ڕەمەزانی سەر بە کۆمەڵگەکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور، وتی " ژمارەی گیان لە دەستدانەکان زۆر گەورەیە و ڕەنگە بگاتە هەزاران کەس."

ڕەمەزان لە تونسەوە لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەپێی سەرچاوە زانیارییە سەربەخۆکانمان، ئەوە پشتڕاست دەکەینەوە کە ژمارەی بێسەروشوێنبووان تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 10,000 کەس.

سەرچاوە/ فرانس پرێس