لیتوانیا بە نیازە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەکتار بگوازێتەوە بۆ ئۆکرانیا

وەزیری بەرگری لیتوانیا ئارڤیداس ئانوسۆسکاس دەڵێت بڕیارە حکومەتی لیتوانیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری بەیرەکتار تی بی 2 بگوازێتەوە بۆ ئۆکرانیا.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەلایەن هاوڵاتیانی لیتوانیاوە کڕدراوە، لیتوانییەکان لە مانگی پێنجدا نزیکەی 6 ملیۆن یۆرۆیان کۆکردەوە، دواتر کۆمپانیای بەیکاری تورکی کە دڕۆنەکە دروست دەکات، بڕیاریدا بیبەخشێت.

ئانوسۆسکاس گوتی بەیکار و لیتوانیا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی لیتوانیا 1.5 ملیۆن یۆرۆ بدات بۆ کڕینی دڕۆنەکە و پارەکەی دیکە کە لەلایەن خەڵکی لیتوانیاوە کۆکراوەتەوە بدرێت بە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئۆکرانیا. بەیکار فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی بە چەکی زیاترەوە گەیاندە لیتوانیا.

ئانوسۆسکاس گوتی " ئەمە ئاڕاستەی جەنگەکە ناگۆڕێت. ئەمە ئاماژەیەکی سیمبولییە لە گەلی لیتوانیاوە بۆ ئۆکرانییەکان."

ڕۆژی چوارشەممە هەزاران کەس لە بنکەیەکی ئاسمانی نزیک سیاولیای لیتوانیا کۆببوونەوە تاوەکو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە ببینن، لۆگۆی هەڵۆیەک و ڕەنگی ئاڵاکانی ئۆکرانیا و لیتوانیای پێوە بوو.

هاوڵاتیەکی لیتوانی، لیڤا سکیریت گوتی " من خۆم پارەم بەخشیوە بۆ ئەمە، لەبەرئەوە هاتووم تاوەکو ئەنجامەکەی ببینم. بەزەییم بە ئۆکرانییەکاندا دێتەوە و نامەوێت لەو دۆخەی ئەواندا بم."

ئۆکرانیا لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەکتار تی بی 2 ی لە بەیکار کڕیوە، هەروەها لە 27 ی مانگی یەکیشدا داوای 16 دانەی دیکەی کرد. لە مانگی سێدا بەدەستی گەیشت.

ئەفسەری جێبەجێکاری باڵای کۆمپانیای بەیکار هالوک بەیرەکتار بە ڕۆیتەرزی گوت " ئێمە وەکو بەیکار بڕیارماندا کە ناتوانین پارەی خەڵک وەربگرین بۆ فرۆشتنی فڕۆکەکەمان، بەڵام بڕیارماندا بەشداری بکەین لە بەخشینی باشترین شت کە هەمانە، ئەوەش ئەمەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز