کوردپوور: ئه‌وه‌ی که‌ من ده‌یبینم سیاسه‌ته‌کانی ناوخۆی ئێرانیش له‌ حاڵه‌تی گۆڕانکارییدایه‌.

مه‌سعود کوردپوور

ئێران له‌ لایه‌که‌وه‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌وه‌ تاوانبار ده‌کات که‌ ڕاپه‌ڕینی سوریا بۆ پاراستنی ئیسرائیل به‌کار ده‌هێنن، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئێران خۆی له‌ سه‌ره‌تای به‌رپابوونی ڕاپه‌ڕینه‌کان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئافریکا به‌ تایبه‌تی له‌ ناو وڵاتانی عه‌ره‌بیدا پشتیوانییه‌کی یه‌کجار زۆری له‌ ڕاپه‌ڕینه‌کان کردووه‌ به‌ڵکو هانیشی داون. به‌ڵام که‌ دێته‌ سه‌ر خۆی و هاوپه‌یمانه‌کانی هه‌ڵوێستی به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌مه‌ مه‌سعود کوردپوور ڕۆژنامه‌وان و شاره‌زای ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ هاوکارمان حه‌یده‌ر که‌ریم ده‌ڵێت سوریا له‌ ناو وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ته‌نها وڵاته‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی ئێرانه‌وه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ ئێران په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی بووه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران و عێراقدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ عێراق و سوریا هه‌ردووکیان حیزبی به‌عس بوون ڕکه‌به‌رایه‌کی توند له‌ نێوانیاندا بووه‌، بۆیه‌ سوریا دۆستایه‌تی ئێرانی هه‌ڵبژارد ئێرانیش ساڵانه‌ نه‌وتێکی یه‌کجار زۆری به‌ خۆڕایی به‌ سوریا ده‌دا. ده‌شڵێت ئێران پێی ناخۆشه‌ سوریا وه‌ك وڵاتانی دیکه‌ی عه‌ره‌بی لێبێت و له‌یه‌ک بترازێت و حکومه‌ته‌که‌ی بگۆڕێت و بشار ئه‌سه‌د بڕوات و حکومه‌تێکی دیکه‌ بێته‌ سه‌ر کار که‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ دۆستی ئه‌مه‌ریکاو ڕۆژئاوا. بۆیه‌ ئێران پێیوایه‌ ده‌بێت ئه‌و حکومه‌ته‌ی ئه‌سه‌د بمێنێته‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌شه‌ که‌‌ ئێران زۆر تۆمه‌تبار ده‌کرێت به‌وه‌ی که‌ ئێران چۆته‌ سوریا و راهێنانیان پێ ده‌کات و له‌وێ ڕاپه‌ڕینه‌کان له‌ ناو ده‌بات. ئه‌و ئه‌زمونانه‌ی که‌ ئێران له‌ چه‌ند ساڵی ڕابوردوودا بویه‌تی له‌ سوریا به‌ کاری هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت حکومه‌تی سوریا له‌ سه‌ر کار بهێلێته‌وه‌و خه‌ڵکه‌که‌ی سه‌رکوت بکات و ڕاپه‌ڕینه‌کان تێک بشکێنێت. به‌ڕێز کوردپوور ده‌شڵێت پێم وایه‌ زه‌بری مێژوو ئه‌وه‌ ده‌ڵێت که‌ تازه‌ حکومه‌تی سوریا وه‌کو وڵاتانی دیکه‌ی عه‌ره‌بی ده‌بێت بڕوات و گۆڕانکایش له‌وێ بێته‌ دی. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت زۆر ستراتیژیکه‌ بۆ ئێران که‌ سوریا به‌ یه‌ک پارچه‌یی بمێنێته‌وه‌ چونکه‌ ئه‌گه‌ر سوریا حکومه‌ته‌که‌ی بگۆڕدرێت دیاره‌ ڕێگای ئێران بۆ باشوری لوبنان و حیزبوڵڵاو حه‌ماسیش ده‌به‌سترێت. واته‌ ئێران زۆر ده‌که‌وێته‌ په‌راوێزه‌وه‌ له‌ واقیعدا دۆستی نامێنێت. بۆیه‌ ده‌یه‌وێت به‌ هه‌ر جۆرێک بێت سوریا نه‌گۆڕێت و ته‌کان نه‌خوات و هه‌موو یارمه‌تییه‌کیشی ده‌دات. به‌ڵام پێم وایه‌ ڕه‌وته‌که‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت که‌ له‌ کۆنتڕۆڵی ئێرانیش به‌ده‌ر بێت و حکومه‌تی سوریا ‌بگۆڕێت.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی گفتوگۆكه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 8:59 خوله‌كه‌.