ماتیس : ئەمەریکا ڕووبەڕووی " دوژمنێکی هەتەر " دەبێتەوە لە ئەفغانستان

وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەیمس ماتیس وتی هێزەکانی ئەمەریکا ڕووبەڕووی " دوژمنێکی هەتەر" بوونەتەوە لە ئەفغانستان بەڵام هێزەکانی ئەمەریکا گورزی باشیان لە دوژمن وەشاندووە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆپنهاگن لەگەڵ هاوتا دانیمارکیەکەیدا کلۆز هجۆرت فرێدریکسن، ماتیس وتی ڕێکخراوی داعش و ئەل قاعیدە لە ئەفغانستاندا دۆڕاون لەکاتێکدا حکومەتی ئەفغانستان لەژێر فەرمانڕەوایی ئەشرەف غانیدا ڕێز و هاوکاری خەڵکەکەی بەدەستهێناوە.

ماتیس وتی " لە ئەفغانستان دووژمن نزیکەی دوو لەسەر سێی هێزی خۆی لەدەستداوە و هەفتەی پێشوو سەرۆک غانی کوژرانی ئەمیرێکی داعشی خۆراسانی ڕاگەیاند، کە ئەمەش گروپێکی داعشن لە نانگارهار"، هەروەها وتیشی " لە بەرەنگاربوونەوەماندا دژی داعش گورزێکی باشمان لەو گروپە داوە و سەرکردەکەیمان لەناوبردووە."

ئەمەریکا و ئەفغانستان لەمدواییانەدا ڕایانگەیاند کە عەبدول حاسیبی سەرۆکی ڕێکخراوی داعش لە ئەفغانستان لە هێرشێکی سەربازیدا کوژراوە. باوەڕوایە کە لەپشت ئەو هێرشەی سەر نەخۆشخانەکەی کابوڵەوە بووبێت کە بووە هۆی کوژرانی 50 کەس لەماوەی ڕابردوو لەمساڵدا.

ماتیس وتی وڵاتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە هەوڵە سەربازیی و نا سەربازییەکانیدا لە ئەفغانستان و هەرچیەک لە توانایاندا هەبێت دەیکەن بۆ ئەوەی خەڵکی ئاسایی نەبنە قوربانی.

ماتیس وتی " ئێمە دەبێت ئەوەمان بیر بێت کە ئەو شوێنەی ئێمە شەڕی تێدا دەکەین دژی داعش ئێستا خەڵکی ئاسایی تێدا دەژی، هەندێک جار داعش ناچاری کردوون لەو شوێنانەدا بمێننەوە."

سەرچاوە / VOA