ڕۆژی یه‌كشه‌ممه نوسینگه‌ی تاریق هاشمی جێگرى سەرۆک کۆمارى عێراق ڕایگه‌یاند، هاشمی له‌سه‌ر بانگهێشتی میری قه‌ته‌ر هه‌رێمی كوردستانی به‌جێهێشتووه، و به‌ره‌و قه‌ته‌ر ڕۆیشتووه، ئەمەش بۆتە مایەی ئەوەی کە حکومەتی ناوەندی بەغدا بە تایبەتیش کاربەدەستانی لیستی ده‌وڵه‌تی قانون رەخنەیەکی زۆر لە بەرپرسانی هه‌رێمی كوردستان بگرن و دەڵێن رێگەدانى هەرێمى کوردستان بە رۆیشتنى هاشمى بۆ قەتەر بە روونی پێشێلیەکی قانون و بڕیاری دادگایە.
بە لایەکی دیکەوە وته‌بێژێکی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادی عێراق ڕایگه‌یاندووە کە به‌پێی ئه‌و بڕیارانه‌ی به گوته‌ی خۆی بۆ تۆمه‌تبار "تاریق هاشمی" جێگری سه‌رۆک كۆماری عێراق ده‌ركراون، ناوبراو بۆی نیـیه عێراق به‌جێبهێڵێت. هەروەهاش حکومەتى عێراق داوا لە قەتەر دەکات تاریق هاشمى جێگرى سەرۆک کۆمارى عێراق رادەست بکات کە لەلایەن دادگاوە داواکراوە بە تۆمەتى تیرۆر.
دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتکار و ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانێتی کوردستانی له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر که‌ریم له به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا دەڵێت هاتنی تاریق هاشمی جێگرى سەرۆک کۆمارى عێراق بۆ هەرێمی کوردستان کارێکی باش نەبوو و زەرەری هەبوو. هەروەها دەرچوون و بەجێهێشتنی هه‌رێمی كوردستان بەو شێوەیە هەر زەرەر بوو بۆ هەرێم. هەروەها سەبارەت بە هاتنەوەی بۆ هه‌رێمی كوردستان دکتۆر مەحمود دەڵێت من باوەڕ ناکەم بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستانی عێراق.
ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی وتووێژه‌که بن له ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 7:10 خوله‌كه.