پۆڵەندا پێشبینی هەوڵێکی دیکەی نوێی کۆچبەران دەکات تاوەکو بەزۆر سنووری بێلاڕوس تێپەڕێنن و بێنە پۆڵەنداوە

بەرپرسانی حکومەتی پۆڵەندا وتیان پێشبینی ئەوە دەکەن لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا چەند گروپێکی سەد کەسی لە کۆچبەران هەوڵێکی دیکە بدەن لە بێلاڕوسەوە سنووری وڵاتەکە ببەزێنن و بێنە خاکی پۆڵەنداوە.

وارشۆ بێلاڕوسی تۆمەتبارکردووە بە تۆمەتی ئەوەی هەوڵ دەدات ئاگری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە خۆش بکات، لەکاتێکدا لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت سەدان کۆچبەر بەرەو سنووری پۆڵەندا دەڕۆن و هەندێکیان هەوڵدەدەن لەڕێی مقەستی گەورەوە پەرژینە تەلەکەی سنوورەکە بقرتێنن و بێنە خاکی پۆڵەنداوە.

بەڕێوبەری دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی پۆڵەندا پاوڵ سۆلۆچ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێشبینی ئەوە دەکەین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هێرشەکانی گروپە سەد کەسییەکانی کۆچبەران بۆ سەر سنوورەکەمان دووبارە ببێتەوە."

وتەبێژی حکومەتی پۆڵەندا پیۆتر مولەر وتی لە ئێستادا 3000 بۆ 4000 کۆچبەر لەنزیک سنووری وڵاتەکەدان، هەروەها زیاتر لە 10,000 کۆچبەری دیکە لەودیوی بێلاڕوسەوە ئامادەن هەوڵی ئەوە بدەن بێنە خاکی پۆڵەنداوە.

وارشۆ وتی هێزی سەربازیی و پۆلیس و پاسەوانی سنووری دیکەی ڕەوانەی سنوورەکە کردووە، هاوکات لیتوانیای دراوسێی پۆڵەندا وتی پێدەچێت باری نائاسایی لەسەر سنوورەکەی لەگەڵ بێلاڕووسدا ڕابگەیەنێت.

یەکێتی ئەوروپا کە هەریەک لە پۆڵەندا و لیتوانیا ئەندامن تیایدا، بێلاڕوس تۆمەتبار دەکات بەوەی هانی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەدات لەڕێی بێلاڕوسەوە بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا، ئەمەش وەکو تۆڵەیەک لە سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سەر سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ کە بەهۆی سوکایەتیکردن بە مافەکانی مرۆڤەوە سزای بەسەردا سەپێندراوە.

وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا داوای سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر بێلاڕوسدا دەکەن و هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی کۆچبەران بۆ بەزاندنی سنوورەکە.
جێگری وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا ماکیچ واسیک وتی " سێ خاڵی سنووریمان لەگەڵ بێلاڕوسدا هەیە، داخستنی یەکێکیان دەکرێت وەکو سەپاندنی سزایەکی ئابووری بێت بۆ سەر بێلاڕوس."
لە ماوەی ڕابردوودا پاسەوانی سنووری پۆڵەندا ڕایانگەیاند خاڵی سنووری نێوان وڵاتەکە و بێلاڕوس لە کوزینکا دادەخرێت، ئەو خاڵەش نزیکە لەو کۆچبەرانەوە کە دەیانەوێت بە زۆر سنوورەکە ببەزێنن.
واسیک وتی دەبێت یەکێتی ئەوروپا سزای توندتر بەسەر بێلاڕوسدا بسەپێنێت، لەلایەکی دیکەشەوە لیتوانیا و لاتیڤیا و ئیستۆنیا هەمان داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کردووە.
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئورسولا ڤۆن دێر لین وتی داوای لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکە کردووە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر بەرپرسانی بێلاڕوسدا پەسەند بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز