فیدراسیۆنى سەراسەرى پەنابەرانى عیراق زانیارى لەبارەى پەنابەرە كوردە بێ سەروشوێن بووەكانى چەند ڕۆژى ڕابردوو بۆ بەشى كوردى دەنگى ئەمریكا دەخاتەڕوو كە لەكاتى پەڕینەوەدا لە توركیاوە بۆ یۆنان بێ سەروشوێن بوون.
لەو بارەیەوە ئامانج عەبدوڵا بەرپرسى فیدراسیۆنى سەراسەرى پەنابەرانى عیراق و هەرێمى كوردستان بەدەنگى ئەمریكاى ڕاگەیاند:چەند هۆكارێك هەیە كە ئەو پەنابەرانە دەنگیان نەماوە لەوانە خراپى هێڵى پەیوەندى كردن،هەندێك لەوانەش بەدەست قاچاخچیەكانەوە وەك بارمتە گیراون لەبرى پارە یاخود بازرگانیان پێوەدەكرێت كە ئەمە دژى بنەماكانى مافى مرۆڤە،ژمارەیەكیش لەوانە تۆمەتى بازرگانى كردن بە مادەى هۆشبەر خراونەتە ناو زیندانەكانەوە كە دەستیان ناگات بەكەسوكاریان و مافى ئەوەیان نیە پەیوەندى بكەن هەندێكیش لەوانە بونەتە خۆراكى قرش و نەهەنگەكانى دەریا،نزیكەى حەوت كەسیش لەژێر چاودێرى نەتەوەیەكگرتووەكاندان و هەندێك لەوانەش بەهۆى ئەو ڕوداوەوە بارىە دەرونیان تێكچووە ناتوانن هیچ قسەیەك بكەن"
بەرپرسى فیدراسیۆنى سەراسەرى پەنابەرانى عیراق و هەرێمى كوردستان ڕەخنەى لەهەڵوێستى حكومەتى ناوەندى عیراق و حكومەتى هەرێمى كوردستان گرت لەبارەى پەنابەرانى عیراق و هەرێمى كوردستانەوە"بەداخەوە حكومەتى هەرێم بەرپرسى یەكەمى دۆخەكەیە و بەهیچ جۆرێك نەچووە بەدەم هاوڵاتیانى خۆیەوە وە حكومەتى عیراقیش وەك پێویست نەچووە بەدەم ئەو هاوڵاتیانەى خۆیەوە"
ئامانج عەبدوڵا لەبارەى كارى فیدراسیۆنەكەیانەوە ئەوەى خستەڕوو"لەهەوڵى ئەوەداین كە ئامارێكى دروست وەربگرین لەشسەر ژمارەى كۆچبەران و قوربانیان"
مانگی ڕابردوو بەلەمێك لە دەریای ئیجەدا نقومبوو كە 84 كۆچبەری كوردی هەڵگرتبوو زیاتر لە 62 كۆچبەر گیانیان لەدەستدا و بەشێك لەوانە تەرمەكانیان گەڕێنراونەتەوە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكیش لەوانە تائێستا تەرمەكانیان نەگەڕێنراوەتەوە یاخود بێ سەرو شوێنن،دواى ئەو ڕووداوەش دەنگۆى بێ سەروشوێنبوننى دوو بەلەمى تر بڵاوبوەوە كە كۆچبەرى كوردى تێدایە جگە لەوەش لەچەند پێگەیەكى سۆشێال میدیا وێنەى چەندین كۆچبەرى كورد بڵاوكرایەوە كە چەن هەفتەیەكە چارەنوسیان بەنادیارى ماوەتەوە لەنێوان توركیا و یۆناندا .
Your browser doesn’t support HTML5