محییه‌دین: ئێران هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستانی له‌ ڕووی مه‌جبووریه‌وه‌ قه‌بوڵ کردووه

محییه‌دین پاڵانی

کۆماری ئیسلامی ئێران به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر تۆپبارانکردنی ناوچه‌ سنورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و گوێ ناداته‌ داواکاریه‌کانی ڕێکخراوه‌ مرۆییه‌کان و هه‌رێمی کوردستانی عێراق بۆ ڕاگرتنی ئه‌و تۆپبارانه‌ که‌ له‌ ئاکامیدا به‌ سه‌دان که‌س ئاواره‌ بوونه‌ و زیانیان لێکه‌وتووه‌.

محییه‌دین پاڵانی ڕاوێژکاری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دئمۆکراتی کوردستانی ئێران له‌ ده‌روه‌ی وڵات له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ هاوکارمان حه‌یده‌ر که‌ریم ده‌ڵێت ئێران نیگه‌رانه‌ له‌ وه‌زعییه‌تی مه‌سه‌له‌ی کورد، نیگه‌رانه‌ له‌ جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی و مه‌ده‌نی خه‌ڵکی کوردستان له‌ نێوخۆی وڵات، نیگه‌رانه‌ له‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له‌ ناوچه‌که‌دا هاتوونه‌ته‌ پێش. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ نیگه‌رانه‌ له‌ سیاسه‌تی جیهانی له‌گه‌ڵ ئه‌و. بۆیه‌ ئێران پـێـیوایه‌ ڕانه‌گرتنی تۆپبارانکردنی ناوچه‌ سنورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ڕێگا چاره‌یه‌که‌ بۆ شڵه‌ژاندنی ڕه‌وشه‌که‌، هه‌ڕه‌شه‌کردنی له‌ لایه‌نه‌کان به‌تایبه‌تی که‌ ئێستا ئه‌مه‌ریکا خه‌ریکه‌ تا ساڵی داهاتوو هێزه‌کانی له‌ ناوچه‌که‌ بکشێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ خه‌ریکی مامه‌ڵه‌کردن و فشارهێنان و دانوستانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌کان مه‌جبوربکات به‌ قه‌بوڵ کردنی ده‌ورێکی باشتر بۆ خۆی و له لایه‌کی دیکه‌وه‌ که‌مکردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان له‌سه‌ر خۆی بۆیه‌ گوێ ناداته‌ داواکارییه‌کان بۆ ڕاگرتنی تۆپبارانه‌کان.

سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕه‌کانی ئه‌م دووایه‌ی سه‌ر سنوره‌که‌ی محییه‌دین پاڵانی گوتی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌درێژایی زه‌مان قه‌ت جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌کردووه‌ یا قه‌ت نه‌یده‌ویست وای نیشان بدات له‌نێو ڕیزه‌کانیدا زیانی گیانی ده‌بێت باسی ئه‌و زیانانه‌ی نه‌ده‌کرد. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ووردی سه‌یری بکه‌یت ده‌بینی له‌و ڕۆژانه‌ی دوواییدا په‌یتا په‌یتا ئاماری کوشتنه‌کانی خۆی نیشان ده‌دات و ده‌یڵێت و باسیان ده‌کات، هۆیه‌که‌شی ڕاست ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێت خه‌ڵکی ئێران بێنێته‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ی که‌ ئه‌وه‌ی له‌ کوردستان ڕووده‌دات ئه‌وه‌ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی نییه‌ شه‌ڕ ده‌فرۆشێت به‌ خه‌ڵکی کوردستان ه‌ ڕێکخراوه‌ کوردییه‌کان به‌ڵکو ئه‌وه‌ خه‌ڵکی کوردستان و ئه‌وه‌ لایه‌نه‌ کوردییه‌کانن که‌ شه‌ڕفرۆشن و تیرۆریستن هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌زعییه‌تی ئێران ده‌که‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌واییه‌کی زۆرتر بدات به‌و حه‌ره‌که‌ته‌ شه‌رڕنگێزانه‌ی خۆی که‌ کۆمه‌ڵێک سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی هه‌م هه‌رێمی و هه‌م ناوچه‌یی له‌ خۆ ده‌گرێت.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی گفتوگۆكه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 7:02 خوله‌كه‌.