43 مەیموون لە تاقیگەیەکی تەندروستی لە ئەمەریکا هەڵدێن

لە ویلایەتی ساوث کارۆلاینای ئەمەریکا 43 مەیموون لە بنکەیەکی تەندروستی هەڵدێن کە بۆ توێژینەوەی تەندروستی بەکارهاتووە، بەڵام سەرۆک پۆلیسی ناوچەکە وتی مەیموونە هەڵهاتووەکان "هیچ مەترسییەکیان نییە " بۆ خەڵکەکە.

سەرۆکی پۆلیس گریگۆری ئالیکساندەر وتی " مەیموونەکان نەخۆش نین و بێ زیانن."

ئالیکساندەر وتی مەیموونەکان لە جۆری ڕیسوس ماکاک بوون و ڕۆژی چوارشەممە لە بنکەی ئەلفا جێنیسیس هەڵاتوون کاتێک کارمەندێکی نوێی بنکەکە بە تەواوەتی دەرگای شوێنەکەی دانەخستووە.

پۆلیس دەڵێت مەیموونەکان لە ڕەگەزی مێن و کێشییان نزیکەی 3 کیلۆگرامن، ئەوەندە گەنج و بچووکن کە تەنانەت هێشتا بەکارنەهێندرابوون بۆ تاقیکردنەوە.

وتیشی کارمەندانی ئەلفا جێنیسیس لە ئێستادا خەریکی ئەوەن لە ڕێی خۆراکەوە مەیموونەکان ڕابکێشنەوە بۆ لای خۆیان.

ئالیکساندەر وتی " ئەو کارمەندانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ مەیموونەکاندا کردووە مەیموونەکان زۆر بە باشی دەناسن و زۆرجار توانیویانە لە ڕێی دانانی میوە یاخود خواردنێکی دیکەوە بیانگەڕێننەوە."

سەرچاوە/ AP