بۆچی زۆربەی ژنان لە کاتی دووگیانیدا تووشی ڕشانەوە و هێڵنج دەبن؟

زیاتر لە دوو لەسەر سێی ژنانی دووگیان بەزۆری لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا تووشی هێڵنج و ڕشانەوە دەبن و نزیکەی 2%یان بەهۆی ڕشانەوەی توند و هێڵنجەوە لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێن. توێژینەوەیەکی نوێ کە ئەم هەفتەیە، لە 13ی مانگی دوانزە لە گۆڤاری نەیچر (Nature) بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات دروستبوونی هۆرمۆنێک هۆکاری سەرەکی ئەو هێڵنج و ڕشانەوەیە.

توێژەرەوان هۆڕمۆنێکییان دەستنیشان کردووە کە لەلایەن کۆرپەلەوە دەردەدرێت و دەڵێن ڕەنگە ئەو هۆرمۆنە ببێتە هۆی جۆرێکی لاوازکەری دڵ تێکەڵهاتن و هێڵنج لە بەیانییاندا. لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ئەو ژنانەی هەستیارترن بەرامبەر بەو هۆڕمۆنە، کە لە سەرەتای دووگیانیدا زیاد دەکات، ڕەنگە زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی تووشبوون بە جۆرێکی توندی سکچوون و ڕشانەوە ببن، کە پێی دەوترێت Hyperemesis Gravidarum.

تیتۆ بۆرنەر، فیزیۆلۆژیست لە زانکۆی پێنسیلڤانیا، دەڵێت " بۆ یەکەمین جارە کە دەکرێت لەجیاتی کەمکردنەوەی ئاسواری ڕشانەوە و هێڵنج، بەدوای هۆکارە سەرەکیەکەی ئەو نەخۆشیەدا بگەرێن کە زۆربەی ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە.

هەروەها ئەم دۆزینەوەیە دەتوانێت ڕێگاکان بۆ چارەسەرکردنی ڕشانەوە و هێڵنج بکاتەوە.نووسەری دیکەی بەشدار لە توێژینەوەکە، ستیفن ئۆڕایلی، توێژەری میتابۆڵیزم لە زانکۆی کامبریج لە بەریتانیا دەڵێت " ئێستا دیدێکی ڕوونمان هەیە کە چی دەبێتە هۆکاری ئەم کێشەیە و ڕێگایەکمان هەیە بۆ چارەسەرکردن و خۆپاراستنیش".

توێژەرەوان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو ژنانەی پێش دووگیانبوون ئاستی هۆرمۆنی جی دی ئیف 15 (GDF15) یان هەبووە کەمترین کاردانەوەیان بەرامبەر بەو هۆڕمۆنە هەبووە لەکاتی دوگیانیدا و دەڵێن هەرچەندە خوودی ئەو هۆرمونە هۆکاری سەرەکی ڕشانەوەی ژنانە لە کاتی دووگیانیدا، بەڵام بە پێی توێژینەوەکە هەبوونی ئەو هۆرمۆنە لە خوێنی ژناندا پێش دووگیانبوونیان، دەتوانێت بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ڕشانەوە و هێڵنج بیانپارێزێت.

دۆزینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێدانی جی دی ئیف 15 بەو کەسانەی کە مەترسی زۆریان لەسەرە پێش دووگیانی دەتوانێت لە جۆرەی قورسی ڕشانەوە و هێڵنج بیانپارێزێت. ئۆڕایڵی دەڵێت هەرچەندە توێژینەوەکە باس لەوە دەکات کە جی دی ئیف 15 کاریگەریی هەیە لەسەر تووشبوون بە ڕشانەوە، بەڵام ڕەنگە هۆکارەکانی دیکەش ڕۆڵییان هەبێت.

نزیکەی لە سەدا 70 ی ژنان لە کاتی دووگیانیدا تووشی سکچوون و ڕشانەوە و هێڵنج دەبن. هەندێکیان نیشانەکانی هێندە توندن کە کێشەیان بۆ دروست دەکات لە خواردن و خواردنەوە و ئەنجامدانی چالاکییەکانی ڕۆژانەشییاندا. لە خراپترین حاڵەتدا ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی مردن بەهۆی وشکبوونەوەی لەشەوە. ئۆڕایڵی دەڵێت " ئەوە لە ڕادەبەدەر لاوازکەرە."

میکانیزمی خۆپاراستن

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە جی دی ئیف 15 کە بە ئاستێکی نزم لەلایەن ئەندامەکانی وەکو پڕۆستات و میزەڵدان و گورچیلەوە بەرهەم دەهێندرێت، دەکرێت ڕشانەوە و هێڵنج دروست بکات. دوای خواردنی ماددەی ژەهراوی و لە کاتی سەرەتای دووگیانیدا ئاستی ئەم هۆرمۆنە زیاد دەکات و دەبێتە هۆی نەخۆشی. ئۆڕایلی دەڵێت "بەزۆری لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا خراپترینە و دواتر وردە وردە کەم دەبێتەوە."

لەسەر بنەمای ئەم جۆرە تویژینەوانە، ئۆڕایڵی پێشنیاری ئەوەی کردووە کە ڕەنگە جی دی ئێف 15 بۆ پاراستنی ژنان لە ژەهراویبوونیان و پاراستنی کۆرپەلەیەکی گەشەسەندوو بەرامبەر بە ماددە ژەهراوییەکان گەشەی کردبێت. ئۆڕایڵی دەڵێت "پێویست ناکات لە سەرەتای دووگیانیدا زۆر بخۆیت و کێشت زیاد بکەیت. زۆر باشترە وریا بیت سەبارەت بەوەی چی دەخۆیت، بۆ ئەوەی کۆرپەکەت لە ژەهرەکان بپارێزیت."

ڕاگرتنی نەخۆشییەکە

ئۆڕایڵی دەڵێت ئەنجامەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی بەگشتی ئاستی جی دی ئێف 15 یان نزمە، دەتوانرێت لەکاتی هەوڵدان بۆ دووگیانیدا ژەمێکی زۆریی هۆڕمۆنەکەیان پێبدرێت، بۆ ئەوەی وایان لێبکات هەستیار نەبن پێی و ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی ڕشانەوەی قورس لە کاتی دووگیانیدا کەم بکاتەوە.