خەڵکی مەغریب بە شۆفڵ و بلدۆزەر بە نێو داروپەردووەکاندا بە دوای ڕزگاربوواندا دەگەڕێن

ڕۆژی دووشەممە ڕزگاربووانی بومەلەرزە بەهێزەکەی مەغریب بە شۆفڵ و بلدۆزەرەوە بە داروپەردووەکانی گوندە دوورەدەستەکانی مەغریبدا دەگەڕان بە دوای ڕزگاربوواندا، کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە سەرجەمییان ڕووخاون. ئەمەش لە کاتێکدا هیوایەکی زۆر نەماوە بۆ دۆزینەوەی خەڵکەکە بە زیندوویی لە ژێر خانووە ڕووخاوەکاندا.

بەهۆی بومەلەرزە بەهێزەکەی مەغریبەوە کە درەنگانێکی ڕۆژی هەینی ڕوویدا، زیاتر لە 2,400 کەس گیانییان لە دەستداوە، بومەلەرزەکە بەهێزترین بووە لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکی ڕابردوودا.

گروپێکی فریاگوزاری فەڕەنسایی کە تایبەتە بە دۆزینەوەی ئەو کەسانەوە کە لە ژێر داروپەردووەکاندا گیرییان خواردووە، وتی پێشنیارەکەی بۆ ڕەوانەکردنی تیمێکی گەڕان و فریاگوزاریی نۆ کەسیی بۆ مەغریب دەکشێنێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی چاوەڕێی مەغریبییان کردبوو تاوەکو ڕێگەیان بدات بێن یارمەتی بدەن. دامەزرێنەری فریاگوزاری بێ سنوور، ئارنۆد فرایسی، بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت " ڕۆڵی ئێمە دۆزینەوەی لاشە نیە."

وتیشی هیوایەکی کەم هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕزگاربووان لەم کاتەدا، چونکە ئەو خانووانەی کە بومەلەرزەکە لێیداون زۆربەیان لە بلۆکی قوڕ و سەقفی دار و بەرد و قوڕ دروستکراون.

وتی " کاتێک هەموو ئەوە دەڕووخێت، دەرفەتێکی زۆری ڕزگاربوونت نیە، چونکە هیچ بۆشاییەک بۆ هەوا نامێنێتەوە." وتیشی بە پێچەوانەی ئەو بینایانەوە کە لە کۆنکرێت و ماددە بەهێزەکانی تر دروستکراون، لەو حاڵەتانەدا " خەڵکەکە بە گشتی بەهۆی تۆزەوە دەخنکێن."

جێی ئاماژەیە حکومەتی مەغریب تاوەکو ئێستا یارمەتی تەنها لە چوار وڵاتەوە پەسەند کردووە، ئیسپانیا و قەتەڕ و بەڕیتانیا و ئیماڕات، وەزارەتی ناوخۆی مەغریب دەڵێت بەرپرسان دەیانەوێت خۆیان بە دووربگرن لە نەبوونی هەماهەنگی کە " لەوانەیە زیانی هەبێت لە جیاتی ئەوەی سوودی هەبێت."

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بومەلەرزەکەی شەوی هەینی مەغریب کاریگەریی لەسەر نزیکەی 300,000 کەس هەبووە.

سەرچاوە/ AP