ڕێکخراوی تەندروستی جیهان دەڵێت ئاوڵەی مەیمون ' دەکرێت ڕابگیرێت '

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان ڕۆژی دووشەممە وتی بڵاوبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیمون لە ناوەڕاستی ئافریکا " دەکرێت ڕابگیرێت "، بەڵام ڕەنگە پێویستی بە 135 ملیۆن دۆلار بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەرەسەندنی نەخۆشییەکە.

پێشتر لە مانگی هەشتدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهان بارێکی نائاسایی جیهانی ڕاگەیاند دوای زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، کە لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بە دەرەوەی سنوورەکانیشیدا بڵاوبووەتەوە.

بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان تێدرۆس ئادهانۆم گیبیریسیۆس وتی " بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیمون لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و وڵاتانی دراوسێی دەکرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و ڕابگیرێت."

وتی " بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە پلانێکی کاری گشتگیر و هەماهەنگ پێویستە."

هەروەها ڕێکخراوەکە پێشبینی دەکات لە مانگی نۆی ساڵی 2024 ەوە تاوەکو مانگی دووی ساڵی 2025 135 ملیۆن دۆلار پێویست بێت بۆ جێبەجێکردنی پلانەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە.

ئاوڵەی مەیمون نەخۆشییەکی گواستراوەیە و هۆکارەکەی ڤایرۆسێکە کە لە ئاژەڵە توشبووەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت لە ڕێی بەریەککەوتنی نزیکەوە لە مرۆڤێکەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە.

تێدرۆس دەڵێت لە دوای دەستپێکردنی پەتاکەوە لە ساڵی 2022 دا، زیاتر لە 100,000 حاڵەتی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون تۆمار کراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس