سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناوچەى نەفتخانەى سەر بە قەزاى خانەقینى پاریزگاى دیالە، ژمارەیەک چەکدارى داعش هەڵیانکوتایە سەر کۆمپانیایەکى رێگەوبان و کرێکارێکیان کوشت و 3 کرێکاریشیان رفاند.
ئەبو مونتەزر فەرماندەى حەشدى شەعبى لە دیالە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ژمارەى ئەو چەکدارانەى داعش کە هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆمپانیاکە 12 چەکدار بووە و بەرە و شوێنێکى نادیار هەڵاتوون ، سوپاى عێراق و حەشدى شەعبیش هەڵمەتێکى گەڕان و پشکنینیان دەستپێکردووە."
وتیشى"سەرەتا 5 کرێکاری کۆمپانیاکەیان رفاندووە ، دواتر دوانیان ئازادکردووە کە عەرەبى سونەى خەڵکى مەندەلین، بەڵام 3 کرێکارەکەى تریان لەگەڵ خۆیان بردووە کە خەڵکى خوارووى عێراقن."
جگە لە کوشتن و رفاندنى 4 کرێکارەکە ، چەکدارەکانى داعش ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و پێداویستى کۆمپانیاکەشیان سوتاندووە ، کە کۆمپانیاکە ناوى حەمورابى یە و کارى قیرتاوکردن و چاککردنى رێگەوبان دەکات.
هەر لە ماوەى 10 رۆژى رابردوودا داعش لەناوچە جێناکۆکەکانى پارێزگاى دیالە 7 فەرماندە و سەربازى حەشدی شەعبیان لەگەڵ 5 گوندنیشین دا کوشتووە، هەروەها کارەباى سەرەکى ناحیەکانى جەبارە و قەرەتەپەیان تەقاندوەتەوە.
عەقید کاوە مەحمود فەرماندەى پێشمەرگە لەناوچەى کۆباشى باشورى قەزاى خانەقین، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو مەفرەزە چەکدارانەى داعش کە گەراونەتەوە بۆ دیالە سودیان لە بۆشایى ئەمنى ژێر دەسەڵاتى سوپاى عێراق وەرگرتوە."
بەپێى زانیارى فەرماندەکانى پێشمەرگە، لەگەڵ ئەو 3 کرێکارەدا 21 سەربازى عێراقیش رفێنراون، بەڵام فەرماندەکانى حەشدى شەعبى ئەو زانیاریانەیان رەتکردەوە.
Your browser doesn’t support HTML5