دوای دەستنیشانکردنی 5 هەزار هەسارەی دیکە زانایان دەڵێن دۆزینەوەی ژیان لە واڵایی تەنها بابەتی کاتە

ئاژانسی واڵایی ئەمەریکاNASA لە ماڵپەڕەکەی ڕایگەیاند ژمارەی ئەو هەسارانەی کە لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری ئێمە دەستنیشانکراون گەیشتە زیاتر لە 5 هەزار، وە دۆزینەوەکەی بە قۆناغێکی "گەورەی گەردوونی" ناوبرد بۆ مرۆڤایەتی.

ئەلیکساندەر ڤۆڵزسان گەردوونناس و پرۆفیسۆر لە زانکۆی پێن ستەیت لە ڕاگەیەندراوەکەی ناسا کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، گوتویەتی "بەبڕوای من بەدڵنیاییەوە جۆرێکی ژیان دەدۆزینەوە لە شوێنێک و ئەگەری زیاتر ئەوەیە ژیانی سەرەتایی بێت."

ئەو پرۆفیسۆرە ئاماژەی دا کە پێکهاتەی کیمیایی ژیان پەیوەندی نزیکی هەیە لەگەڵ ئەو پێکهاتە کیمیاییانەی کە لە گەردوون دۆزراونەتەوە و بەمەش دۆزینەوەی ژیان لە هەسارەکانی تری گەردوون تەنها پەیوەستە بە کات.

پێشتر زانایانی گەردونناسی تەنها چەند هەسارەیەکی کەمیان دەستنیشانکردبوو کە هەموویان بە دەوری خۆری ئێمە دەسوڕانەوە. بەڵام ناسا دەڵێت دەستنیشانکردنی پتر لە 5 هەزار هەسارە لە دەرەوەی کۆمەڵی خۆری ئێمە بریتییە لە چونە ناو "خاڵێکی بەرز لە زانست."

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ناسا، ئەو هەسارانە پێکهاتوون لە کۆمەڵێکی بچوکی هەسارەی بەردینی وەکو زەوی و چەندین هەسارەی گەورە کە قەبارەیان چەندین ئەوەندەی موشتەرییە، ئەمە سەرەڕای چەندین هەسارەی نزیک لە قەبارەی نیپتۆن و هەسارەی تری بەردین کە قەبارەیان لە زەوی گەورەترە.

جێسی کریستیانسن، زانایەکی هەسارەناسیـیە لە ئاژانسی ناسا، ڕایگەیاند، "ئەمە تەنها ژمارە نییە. هەریەکێک لەم هەسارانە جیهانێکی نوێیە. زۆر بە پەرۆشم بۆ زانیاری لە بارەی هەر یەکێکیان چونکە هیچ شتێکیان لەبارەوە نازانین."