ناسا ئۆکسجین لەسەر هەسارەی مەریخ بەرهەم‌دەهێنێت

ئامێری مۆکسی MOXIE لە کاتی دروستکردنی لەسەر زەوی

بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتی توانرا ئۆکسجینی پاک لەسەر هەسارەیەکی دیکە بەرهم بهێنرێت کە دەشێت بۆ هەناسەدانی مرۆڤ بەکاربهێنرێت.

ئاژانسی واڵایی ئاسمانی ئەمەریکا NASA ڕایگەیاند ئەو ئامێرەی ڕەوانەی مەریخی کردووە و قەبارەکەی هێندەی کارتۆنێکی 30 سانتیمەتر بە 30 سانتیمەترە، و ناوی لێناوە مۆکسی MOXIE ، سەرکەوتووانە لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی سەر مەریخ 5.4 گرام ئۆکسجینی بەرهەمهێناوە کە بەسە بۆ هەناسەدانی ئاسمانگەڕێک بۆ ماوەی 10 خولەک.

ئەم ئامێری مۆکسیـیە بە کەشتی پـرسەڤێرنس لە 18 ی مانگی دوو گەیشتە سەر هەسارەی مەریخ وەک بەشێک لە پلانی داهاتووی ناسا بۆ بەرهەمهێنانی بڕی زۆرتری ئۆکسجین و بە ئامێری گەورەتر لەسەر مەریخ.

بەم ئەنجامە زاناکان لە ناسا دڵنیابوون لەوەی دەتوانن بە ناردنی ئامێرێکی گەورەی هاوشێوەی مۆکسی بۆ سەر مەریخ، بڕی ئەو ئۆکسجینە دابینبکرێت کە پـێویستە بۆ هەناسەدانی ژمارەیەک ئاسمانگەڕ لەو هەسارە کە بە دەیان ملیۆن کیلۆمەتر لە زەویـیەوە دورە.