هاوپەیمانێتی ناتۆ دەڵێت ئامادەیە بۆ چەند ساڵێک پشتیوانی لە ئۆکرانیا بکات لە شەڕەکەیدا دژی ڕووسیا

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت هاوپەیمانێتیەکە ئامادەیە بۆ چەند ساڵێک بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لە شەڕەکەیدا دژی ڕووسیا، لەو پشتیوانییانەش: یارمەتیدانی کیێڤ لە گۆڕینی چەکەکانی سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت بۆ چەک و سیستمی نوێی ڕۆژئاوا.

لێدوانەکەی ستۆڵتنبێرگ دوای ئەوە دێت ڕووسیا هۆشداریدایە ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا لەلایەن ڕۆژئاواوە و وتی ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی کیشوەری ئەوروپا و خستنەوەی " ناسەقامگیری " لە ناوچەکەدا.

ستۆڵتنبێرگ لە بڕۆکسل بە کۆبوونەوەیەکی گەنجانی وت " پێویستە ئامادە بین بۆ ماوەیەکی درێژ. بەدڵنیاییەوە ئەگەری هەیە ئەم جەنگە بۆ چەند مانگ و ساڵێکی دیکە درێژە بکێشێت."

وتیشی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام دەبن لە فشارەکانیان بۆ سەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن تاوەکو کۆتایی بە داگیرکارییەکەی بهێنێت، ئەوەش لەڕێی سەپاندنی سزای ئابووری زیاتر بەسەر مۆسکۆدا و پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لەڕووی سەربازییەوە.

ستۆڵتنبێرگ وتی " وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ ئامادەکاری دەکەن تاوەکو بۆ ماوەیەکی درێژ پشتیوانی لە ئۆکرانیا بکەن، هەروەها یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانی سەردەمی سۆڤیەت بگۆڕن بۆ چەک و سیستمی ستانداردی ناتۆ، کە ئەوەش پێویستی بە مەشقی زیاتر دەبێت."

زۆرینەی ئەو چەکە قورسانەی کە وڵاتانی ناتۆ ڕەوانەی ئۆکرانیایان کردووە چەکەکانی سەردەمی سۆڤیەت بوون و هێشتا لە جبەخانەکانی ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا ماونەتەوە کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، بەڵام ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی دەستیانکردووە بە ڕەوانەکردنی تۆپهاوێژی هاویتزەری ڕۆژئاوایی بۆ ئۆکرانیا.

ڕۆژی سێشەممە ئەڵمانیا ڕایگەیاند تانکی گیپارد دەدات بە ئۆکرانیا کە چەکی دژە فڕۆکەی پێوە بەستراوە. ئەوەش یەکەمین جار بوو ئەڵمانیا ڕەوانەکردنی چەکی قورس بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکات.

داواکانی ئۆکرانیا بۆ چەکی قورس زیاتر بووە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووسیا سەنگی هێرشەکانی خستەسەر هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کە خاکەکەی تەخت و کراوەیە و گونجاوە بۆ شەڕی تانکەکان، بە پێچەوانەی باکوور و دەوروبەری کیێڤی پایتەختەوە کە زۆربەی شەڕەکانی ڕابردوو لەو ناوچانەدا ڕوویانداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز