سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت هاوپەیمانێتییەکە ئامادەیە هێزە ئاشتی پارێزەکانی لە کۆسۆڤۆ زیاتر بکات ئەگەر گرژییەکانی لەگەڵ سڕبیای دراوسێیدا زیاتر ببێت.
ستۆڵتنبێرگ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکی سڕبیا ئەلیکساندەر ڤوچیکدا لە بڕۆکسل وتی " ئێستا ئەرکێکی گرنگمان هەیە، نزیکەی 4000 سەربازمان لە کۆسۆڤۆ هەیە."
گوتیشی " ئەگەر پێویست بکات هێزەکانمان دەگوازینەوە و ڕەوانەی ئەو شوێنەیان دەکەین کە پێویستە و بوونمان زیاتر دەکەین. پێشتر بوونمان لە باکوور زیادکردووە، ئامادەین زیاتری بکەین."
لەم مانگەدا کاتێک کۆسۆڤۆ وتی سڕبییەکانی باکووری وڵاتەکەی ناچار دەکات ئەو تابلۆی ئوتومبێلانە بەکاربهێنن کە لە پریستینای پایتەختی کۆسۆڤۆوە دەردەکرێن، گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە زیادیکرد. جێی ئاماژەیە ژمارەیەک لە سڕبییەکان لە باکووری کۆسۆڤۆ دەژین و دانیان نەناوە بە دامەزراوەکانی حکومەتی کۆسۆڤۆدا.
بەڵام ڕەوشەکە ئارام بۆوە دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری کۆسۆڤۆ ئالبین کورتی لەژێر فشاری ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپادا ڕازیبوو بە دواخستنی جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی تابلۆکان تاوەکو 1 ی مانگی نۆ.
بەڵام سەرۆکی سڕبیا ئەلیکساندەر ڤوچیک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناتۆ وتی گفتوگۆکانی ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ کورتیدا کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە ئاسانکاری بۆ دەکرێت، سەخت دەبێت چونکە دوو لایەنەکە لەسەر سەرجەم شتەکان ناکۆکن.
لە ساڵی 2008 دا کۆسۆڤۆ سەربەخۆیی خۆی لە سڕبیا ڕاگەیاند، ئەوەش دوای نزیکەی 10 ساڵ لە شۆڕشی گەریلاکان دژی حکومڕانییە سەرکوتکارییەکەی سڕبیا.
تاوەکو ئێستا سڕبیا کۆسۆڤۆ بە بەشێکی ناوخۆی خاکەکەی دەزانێت. ڕەتیشی دەکاتەوە گرژیی و ململانێکانی لە کۆسۆڤۆ زیاتر کردبێت، هەروەها کۆسۆڤۆی تۆمەتبار کردووە بەوەی مافی ئەو کەمینە سڕبییانەی زەوت کردووە کە لە کۆسۆڤۆ دەژین. سڕبییەکان لە سەدا 5 ی دانیشتوانە 1.8 ملیۆنییەکەی کۆسۆڤۆ پێکدەهێنن کە لە سەدا 90 ی دانیشتوانی ئەلبانین.
ڤوچیک گوتی سڕبیا دەیەوێت خۆی بەدووربگرێت لە هەر زیادبوونێکی گرژییەکان، بەڵام گرنگە لەوە تێبگەین کە " نەوەیەکی نوێی گەنج هەن " کە کۆسۆڤۆ وەکو خاکێکی سڕبیا دەبینن و چیتر " دەستەوەستان نابن بەرامبەر تیرۆر."