ناتۆ پێشبینی ئەوە دەکات تورکیا ڕێگە لە سوید و فینلەندا نەگرێت لە چوونە پاڵ هاوپەیمانێتیەکەدا

ڕۆژی یەکشەممە هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئەمەریکا وتیان دڵنیان لەوەی تورکیا ڕێگە لە سوید و فینلەندا ناگرێت بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ وتی وڵاتەکەی داوای چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکات، هاوکات حیزبی سۆشیاڵ دیموکراتی سوید بە فەڕمی گۆڕینی سیاسەتەکەی خۆیان ڕاگەیاند، کە ئەوەش ڕێگە خۆش دەکات لەبەردەم داواکردنیان بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ.

سوید و فینلەندا پەیڕەوی سیاسەتێکیان کردووە کە تیایدا نەچوونەتە پاڵ هیچ هاوپەیمانێتییەکی سەربازییەوە، بەڵام داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ناچاریکردن پێداچوونە بەو سیاسەتەیاندا بکەن و بیر لە چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ بکەنەوە.

سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن وتی ڕۆژی دووشەممە دەچێتە پەرلەمانی وڵاتەکەوە تاوەکو پشتیوانی تەواو بۆ داواکردنەکە بەدەست بهێنێت.

وەزیری دەرەوەی سوید ئان لیند وتی " ئەمڕۆ حیزبی سۆشیاڵ دیموکراتی سوید بڕیارێکی مێژووییدا و وتی بەڵێ بۆ داواکردن بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ. داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ڕەوشی ئاسایشی بۆ سوید و ئەوروپاش بە گشتی خراپ کردووە."

وەزیری بەرگری سوید پیتەر هولکویست هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەگەر سەرجەم وڵاتانی دەوروبەری باڵتیک بچنە هاوپەیمانێتی ناتۆوە ئەوا سوید " بە تەنها دەمێنێتەوە و بەجێدەهێڵرێت."

لەلایەکی دیکەوە تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وڵاتانی هاوپەیمانێتیەکەی توشی سەرسوڕمان کرد کاتێک وتی تێبینی هەیە لەسەر بە ئەندامبوونی فینلەندا و سوید لە ناتۆدا، هەروەها ڕۆژی یەکشەممە لە بەرلین داواکارییەکانی لەوبارەیەوە ئاشکرا کرد. ئەنقەرە دەڵێت دەیەوێت سوید و فینلەندا چیتر پشتیوانی لەو گروپە کوردییەکان نەکەن و کۆتایی بهێنن بە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی هەندێک کەلوپەلە سەربازییەکانیان بۆ تورکیا.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی " من دڵنیام لەوەی دەتوانین مامەڵە لەگەڵ نیگەرانییەکانی تورکیادا بکەین، بەشێوەیەک کە بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە دوانەکەوێت."

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی گفتوگۆکان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سوید و فینلەندادا باش بوون و پێشنیاری کۆمەڵێک شتیان کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نیگەرانییەکانی تورکیادا. وتیشی بەڵگەی داونەتێ لەسەر ئەوەی تیرۆریست لە وڵاتەکانیاندا دەژین.

لەلایەکی دیکەوە مۆسکۆ وتی ئەگەر ئەو دوو وڵاتە بچنە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە ئەوا " ڕێوشوێنێکی سەربازیی تەکنیکی " نادیاریکراو دەگرینەبەر.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز