سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دەڵێت حەماس ڕێگری دەکات لە گواستنەوەی پارێزراویی نەخۆشەکانی نەخۆشخانەکانی غەززە.
نەتانیاهو دەڵێت " هیچ هۆکارێک نیە " لەسەر ئەوەی بۆچی نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەی شیفای گەمارۆدراو نەتوانن بە شێوەیەکی پارێزراو بگوازرێنەوە، بەڵام وتی چەکدارانی حەماس " هەرچی لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشانە لە مەترسیدا بهێڵنەوە."
نەتانیاهو بە پڕۆگرامی State of the Union ی کەناڵی سی ئێن ئێنی وت 100 نەخۆش لە نەخۆشخانەکە گواستراونەتەوە و دەیان هەزاران فەلەستینی دیکە کە لە دەوروبەری ئەو نەخۆشخانەیە ژیاون بە شێوەیەکی پارێزراو گواستراونەتەوە دەرەوەی ناوچەکە، لە ڕێی " ڕێڕەوە پارێزراوەکانەوە " کە بەرەو باشوور دەڕۆن بۆ دەرەوەی شاری غەززە.
بەڵام شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئیسڕائیل و چەکدارانی حەماس لە نزیک نەخۆشخانەکە بەردەوام بوو، کە گەورەترین نەخۆشخانەی غەززەیە. بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە محەمەد ئەبو سەلمییە وتی نەخۆشخانەکە بە شەڕ و پێکدادان گەمارۆ دراوە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان بە پڕۆگرامی Face the Nation ی کەناڵی سی بی ئێسی وت ئەمەریکا " نایەوێت شەڕ و پێکدادان لە نەخۆشخانەکاندا ببینێت کە هاووڵاتییانی بێتاوان و نەخۆش تێیاندا گیرییان خواردووە لە نێوەندی شەڕەکەدا و چالاکانە لەگەڵ هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیلدا لەم بارەیەوە قسە دەکەین."
هەندێک لە نەخۆشخانەکان بەهۆی نەمانی سوتەمەنییەوە خزمەتگوزارییەکانییان وەستاون، دوو کۆرپە بەهۆی ئەو کێشەیەوە گیانییان لە دەستدا و نەخۆشی دیکەش لە مەترسی مردندان.
نەتانیاهو بەبێ ئەوەی بەڵگە بخاتەڕوو وتی " ئیسڕائیل پێشنیاری کردووە سوتەمەنی بدات بە نەخۆشخانەی شیفا، بەڵام ئەوان ڕەتییان کردووەتەوە."
هاوکات سۆلیڤان وتی ئەمەریکا " چالاکانە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسڕائیل و قەتەڕ و میسڕدا بۆ ئازادکردنی نزیکەی 240 بارمتە کە لەلایەن حەماسەوە لە غەززە بە بارمتە گیراون. لەوانەش نۆ ئەمەریکایی و بیانییەکی دیکە کە مافی کارکردنی لە ئەمەریکا هەیە.
نەتانیاهو وتی " هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین و زۆر شت هەن کە ناتوانم ئاماژەیان پێبدەم، لە پێناو ئازادکردنی بارمتەکاندا."