نەتانیاهو بەڵێن دەدات تاوەکو سەرکەوتن بەردەوام بێت لە جەنگەکەی ئیسڕائیل دژی حەماس

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە جەنگەکەی ئیسڕائیل دژی حەماس تاوەکو سەرکەوتن.

نەتانیاهو دەڵێت ئیسڕائیل بەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کراون و دەڵێن ئیسڕائیل کۆمەڵکوژی دژی فەلەستینییەکان ئەنجام دەدات ناوەستێت.

وتیشی " هیچ کەس نامانوەستێنێت، نە هاگ نە بەرەی دڕندە، هیچ کەسێک." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ حەماس و حیزبوڵای لوبنان کە لە لوبنانەوە هێرش دەکەنە سەر ئیسڕائیل، هەروەها حوسییەکانیش کە وەکو دەرخستنی پشتیوانییەکان بۆ فەلەستینییەکان هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا، سەرجەم ئەو گروپانەش لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

لێدوانەکانی نەتانیاهو دوای دوو دانیشتنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دێت لە هاگ، ئەفریکای باشوور لە دۆسییەیەکدا لە دادگاکە ئیسڕائیلی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی دژی فەلەستینییەکان. ئیسڕائیل ئەو تۆمەتەی ڕەت کردووەتەوە.

نەتانیاهو دەڵێت کۆتایی هێنان بە جەنگەکە لە ئێستادا واتە سەرکەوتن بۆ حەماس.

هاوکات ڕۆژی شەممە هەزاران کەس گردبوونەوەیەکی 24 کاتژمێرییان لە تەلئەڤیڤ دەستپێکرد، تێیدا داوایان لە حکومەت کرد ئەو بارمتانە بگەڕێنێتەوە کە حەماس لە هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 دا گرتنی و لە غەززە گیراون.

خۆپیشاندەران بە وێنەی بارمتەکانەوە لە " گۆڕەپانی بارمتەکان " کە دەکەوێتە سەر شەقامی بەرامبەر وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل گردبوونەوە.

ئیسڕائیل ڕووبەڕووی فشارێکی گەورەی نێودەوڵەتی بووەتەوە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە، کە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئازار و ناڵەیەکی بەرفراوان و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک. بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن دوو لەسەر سێی ئەوانەی کە کوژراون ژن و منداڵن. وتیشی زیاتر لە 60,000 کەسی دیکە بریندار بوون.

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیسڕائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی زۆربەی کەرتی غەززە، گروپە چەکدارییەکانی فەلەستینییەکانیش بەردەوامن لە ئەنجامدانی هێرشی موشەکی بۆ ناو ئیسڕائیل. شەڕەکە لە نێوان چەکدارانی حەماس و هێزەکانی ئیسڕائیلدا لە سەرانسەری کەرتەکە بەردەوامە.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە 186 سەربازی ئیسڕائیلی کوژراون و 1099 سەربازی دیکە لە غەززە بریندار بوون. زیاتر لە سەدا 85 ی دانیشتوانە 2.3 ملیۆنەکەی غەززە ئاوارە بوون، ئەوەش بەهۆی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکەی ئیسڕائیلەوە، خاکێکی زۆریش لە غەززە خاپوور کراوە.

جەنگەکە بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل دەستیپێکرد. بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەو هێرشانەی حەماسدا زیاتر لە 1200 کەس کوژراون. بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکانیش دەڵێت بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە نزیکەی 24,000 کەس کوژراون، کە دەکاتە زیاتر لە سەدا 1 ی دانیشتوانی غەززە.