زانیاری زیاتر لەسەر ئەو کەسەی تەقەی لە ترامپ کرد بڵاودەکرێتەوە

تۆماس ماثیو کرووکس

لە کاتێکدا کە لێکۆڵەرەوە فیدڕاڵییەکان هەوڵی دۆزینەوەی پاڵنەری تۆماس ماثیو کرووکسی تەمەن 20 ساڵ دەدەن، ئەو کەسەی کە هەوڵی کوشتنی سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپیدا، پرسیاری زیاتر دەدۆزنەوە وەک لە وەڵامەکان.

ڕۆژی یەکشەممە بەرپرسانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی وریاییاندا و وتیان لێکۆڵینەوەکە هێشتا لە قۆناغەکانی سەرەتایدایە بەڵام وتییان ئەو زانیارییانەی کە تاوەکو ئێستا دەستییان کەوتووە هیچ هۆکارێکییان نەداوە لەسەر ئەوەی بۆچی کرووکس لە سەربانەکەوە نیشانە لە ترامپ بگرێتەوە و لە گردبوونەوەکەدا تەقەی لێبکات.

جێگری بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی پۆڵ ئابات بە ڕۆژنامەنووسانی وت " زانیارییەکی سنووردارمان هەیە سەبارەت بەو پەیوەندییانەی لەمدواییانەدا ئەنجامی داون و نامەی ناردووە و تەلەفونی کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوانە هیچ شتێکییان ئاشکرا نەکردووە سەبارەت بە پاڵنەرەکەی یاخود ئایا کەسی تر بەشدار بووە یان نا."

بەرپرسانی دیکە دەڵێن کرووکس وادیار بووە کە بە تەنها ئەو کارەی کردبێت. دەشڵێن لە کاتێکدا کە دەبێت جارێکی دیکە پاسۆردەکەی بشکێنن و دەستییان بگات بە ناو تەلەفونەکەی، چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هیچ ئاماژەیەک نادەن لەسەر هیچ جۆرە بیروڕایەک.

دیسکۆرد کە یەکێکە لە سەکۆیەکی بە ناوبانگی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یاریکەرانی تێدایە، ڕۆژی یەکشەممە وتی هەژمارێکی دۆزیوەتەوە کە وادیارە " پەیوەستە بە کرووکسەوە "، وادیاریشە کە پشتگیری لە دەرەنجامەکانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ بکات.

وتەبێژێکی دیسکۆرد بە دەنگی ئەمەریکای وت " هەژمارەکە چەندین مانگە بەکارنەهاتووە. هیچ بەڵگەیەکمان نەدۆزیوەتەوە لەسەر ئەوەی هەژمارەکە بەکارهێندرابێت بۆ پلاندانان بۆ ئەم ڕووداوە و هاندان بۆ توندوتیژی یاخود تاوتوێکردنی بیروڕا سیاسییەکان."

هاوکات، هەندێک لەوانەی کە کرووکسییان ناسیوە خەریکن دەست دەکەن بە قسەکردن.

جەیسن کۆلەر ڕۆژی یەکشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت لە خوێندنی ئامادەییدا لەگەڵ کرووکسدا بووە لە بێثیل پارک لە پێنسیلڤانیا، وتی کەسێکی تەنها و دوورەپەرێز بووە.

وتی " ئەو هەمیشە تەنها بوو. بێزار دەکرا، زۆر بێزار دەکرا."

بەپێی بەیاننامەیەکی خوێندنگاکە، کرووکس لە ساڵی 2022 دا لە خوێندنگای ئامادەیی بێثیل پارک دەرچووە. میدیا ناوخۆییەکان دەڵێن 500 دۆلاری وەکو خەڵات وەرگرتووە لەسەر بیرکاری و زانست.

کۆلەر وتی زۆر تێکەڵ نەبووە لەگەڵ کرووکسدا، وتی لە نانخواردنی نیوەڕۆدا بە تەنها دادەنیشت و زۆرجار لەلایەن مناڵەکانی دیکەوە دەکرایە ئامانج، ئەوەش لەسەر ئەوەی کرووکس زۆر جار پۆشاکی ڕاوکردنی دەپۆشی یان لەسەر ئەوەی کە لە دوای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە هەر دەمامکی بەکاردەهێنا.

وتی " کە سەیرت دەکرد هەستت دەکرد شتێکی هەڵە هەیە."

ئەم وەسفکردنە تەنها بەشێکە لەو وێنەیەی کرووکس کە خەریکە دەردەکەوێت، کرووکس دوای ئەوەی پێنج بۆ شەش فیشەکی بە ئاڕاستەی ترامپ تەقاند لە گردبوونەوەیەکدا لە بەتلەری پێنسلڤانیا، لەلایەن بریکارانەکانی پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکاوە تەقەی لێکرا و کوژرا.

بەرپرسانی پۆلیس ڕۆژی یەکشەممە وتییان بۆمبێکی سەرەتاییان لە ناو ئوتومبێلەکەی کرووکس و ماڵەکەیدا دۆزیوەتەوە، وتیشیان ئەو چەکەی کە بەکاریهێناوە لەلایەن باوکییەوە کڕدراوە.

باوکی کرووکس، ماثیو کرووکس، بە سی ئێن ئێنی وت هەوڵیداوە " بزانێت چی ڕوودەدات " بەڵام " چاوەڕێ دەکات تاوەکو لەگەڵ پۆلیسدا قسە بکات،" پێش ئەوەی هیچ شتێکی دیکە بڵێت.

تۆمارە گشتییەکان دەریدەخەن تۆماس کرووکس هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبووە و هاوشێوەی ترامپ وەکو کۆماری تۆمار کراوە.

بەرپرسانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی دەڵێن پێش هەوڵەکەی بۆ کوشتنی ترامپ، کرووکس هەرگیز نەبووەتە جێی سەرنجی پۆلیس.

بەرپرسان دەشڵێن تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکییان نەدۆزیوەتەوە لەسەر ئەوەی کرووکس نەخۆشی دەروونی لەگەڵدا بووبێت.

هاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە وتی کرووکس هیچ پەیوەندییەکانی بە سوپای ئەمەریکاوە نەبووە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پات ڕایدەر وتی " لەگەڵ سەرجەم خزمەتگوزاریی سەربازیدا پشتڕاستمان کردووەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی خزمەتی سەربازیی نیە بە گومانلێکراوەکەوە و ناو و بەرواری لە دایکبوونی لە هیچ لقێکدا نیە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا