کۆریای باکوور ئامادەکاری دەکات بۆ بەستنی کۆنگرەی حیزبی فەرمانڕەوا لە وڵاتەکەدا

سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆریای باکوور ئاماژەیان بەوەدا سەرۆکی وڵاتەکە کیم جۆنگ ئون ڕابەرایەتی کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی دەکات وەکو ئامادەکارییەک بۆ بەستنی کۆنگرەی حیزبی فەرمانڕەوا لە دەستپێکی مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا.

کۆنگرەکە کە واپێشبینی دەکرێت تیایدا تاوتوێی پلانە سیاسیی و ئابوورییە نوێیەکانی وڵاتەکە بکات، یەکەمین کۆنگرەی لەوجۆرەیە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، هەروەها هەشتەمین کۆنگرەیە لە مێژووی کۆریای باکووردا.

کۆنگرەکەی کۆریای باکوور پێش دەستبەکاربوونی جۆو بایدن دەبێت وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمەش لەکاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پیۆنگیانگ لە دوای کۆبوونەوەکانی نێوان سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئونەوە گرژییان تێکەوتووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دانوستانەکانی نێوانیان ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبوو.

سەرچاوە/ فرانس پرێس