کۆریای باشوور دەڵێت کۆریای باکوور موشەکێکی هەڵداوە کە وادەردەکەوێت جۆرێکی نوێ بووبێت، هەڵدانی موشەکەکە لە ژاپۆن ترسی لێکەوتۆتەوە و بە دانیشتوان وتراوە خۆیان بپارێزن.
سوپای کۆریای باشوور وتی موشەکەکە نزیکەی 1000 کم فڕیوە، هەروەها بە " کارێکی وروژێنەری زۆر مەترسیدار " ناویبرد.
سوپای کۆریای باشوور وتی لە ئامادەباشیدا بووە و لە نزیکەوە هەماهەنگی کردووە لەگەڵ ئەمەریکای هاوپەیمانیدا، واشنتن " بە توندی سەرکۆنەی " هەڵدانی موشەکەکەی کرد و کۆشکی سپی وتی تاقیکردنەوەی موشەکێکی باڵیستیکی مەودا دوور بووە.
بەرپرسێکی سەربازی کۆریای باشوور وتی وادەردەکەوێت موشەکێکی نوێ بووبێت کە لە نمایشە سەربازییەکەی ئەمدواییانەی کۆریای باکووردا نمایش کراوە.
سوپای کۆریای باشوور شیکاری بۆ ئاڕاستە و مەودای موشەکەکە دەکات، ئەرکانی گشتی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور وتی موشەکەکە کاتژمێر 7:23 خولەکی بەیانی لە نزیک پیۆنگیانگەوە هەڵدراوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ڕەنگە لە فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی نزیک پایتەختەوە هەڵدرابێت، لە ساڵی 2017 ەوە ئەو فڕۆکەخانەیە بووەتە شوێنێکی سەرەکی بۆ هەڵدان و تاقیکردنەوەی موشەکەکان.
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور وتی نوێنەرانی ئەتۆمی کۆریای باشوور و ئەمەریکا و ژاپۆن سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکەیان کردووە و وتیان کۆریای باکوور هەمیشە هەڕەشەی لەسەر ئاشتی دروست کردووە، ئەوەش لە ڕێی " کارە بێپێشینە وروژێنەرەکانی و قسە هەڕەشە ئامێزەکانییەوە ".
ژاپۆن وەکو وەڵامێک بۆ هەڵدانی موشەکەکە داوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەی کرد. وەزیری بەرگری وڵاتەکە یاسوکازو هامادا وتی وادەردەکەوێت موشەکەکە لە گۆشەیەکی بەرزەوە بەرەو ڕۆژهەڵات هەڵدرابێت و لە ناوچەکانی ژاپۆندا نەکەوتۆتە خوارەوە.
پاسەوانی کەناری ژاپۆن وتی موشەکەکە کەوتۆتە ناو ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆریای باکوورەوە. هامادا وتی ناتوانێت ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە ئایا موشەکەکە بەسەر ناوچەی ئابووری کراوەی ژاپۆندا فڕیوە یاخود نا.
بەرپرسانی ژاپۆن ئاگادارییەکەیان بۆ دوورگەی هۆکایدۆ پاشەکشە پێکرد دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت کە موشەکەکە لەو نزیکانە ناکەوێتە خوارەوە.
کەناڵی ئێن ئەیچ کەی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە قوتابخانەکانی دوورگەی هۆکایدۆ کاتی کردنەوەیان دواخراوە و هەندێک لە خزمەتگوزارییەکانی شەمەندەفەریش ڕاگیراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز