کۆریای باکور موشەکێـکی بالیستی هەڵدەدات

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت کۆریای باکور ئەمڕۆ هەینی موشەکێـکی بالیستی هەڵداوە، ئەمەش پاش چەند هەفتەیەک لەوەی موشەکێـکی دورهاوێژی تاقیکردەوە کە دەتوانێت بگاتە چەند ناوچەیەکی ئەمەریکا.

جێف دەیفز کاپـتنی هێزی دەریایی ئەمەریکا وەک گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گوتی لە کاژمێر 10:45 ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا موشەکەکە هەڵدرا، بەڵام هێشتا نازانرێت چ جۆرێـک بووە.

بەڵام گوتی" دەتوانم پشـتڕاستی بکەمەوە موشەکێـکی بالیستیمان بەدی کرد کە لە کۆریای باکورەوە هەڵدرا. ئێستا هەوڵ دەدەین بە زووترین کات زانیاری لەسەر کۆبکەینەوە."

شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیری ژاپـۆن و لەشکری کۆریای باشور ئەوانیش ڕایانگەیاند کۆریای باکور موشەکێـکی هەڵداوە. بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەهەندەکانی ئەم کارەی پـیۆنگیانگ، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەردوو وڵات لە پایتەختی وڵاتەکانیان بە جیا کۆبوونەوەی خۆیان سازکرد.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی یۆنهاپی کۆریای باشور ڕایگەیاند کە دەستەی سەرۆکایەتی لەشکری وڵاتەکەیان گوتویەتی لە ناوچەی جاگئانگ موشەکەکە هەڵدراوە و کەوتووەتە دەریای ڕۆژهەڵات (دەریای ژاپـۆن).

شینزۆ ئابێ لە تۆکیۆ بە پەیامنێرانی گوت پـێدەچێت موشەکەکە لە ناوچەی ئابوری ژاپـۆن لە ناو دەریا کەوتبێت. گوتیشی لە ئێستادا زانیاری لە بارەی موشەکەکە کۆدەکەنەوە و هەرچی لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ پاراستنی گەلەکەیان.