ڕاپۆرت: کۆریای باکور دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی سەرکوتکردنی کلتوری کۆریای باشوور لە وڵاتەکەیدا

لە ڕاپۆرتێکی نوێدا هاتووە دەڵێت کۆریای باکوور دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی سەرکوتکاری لە دژی جلی بوکێنییەوە بۆ زمانی ناو خەڵکی لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدات ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی کۆریای باشوور ببێتەوە.

ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن وەزارەتی یەکخستنەوەی کۆریای باشوورەوە بڵاوکراوەتەوە، لە گەواهیدانی سەدان هاووڵاتی کۆریای باکوورەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە کۆریای باکوورەوە هەڵاتوون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە دۆسییەی کەسێکی تەمەن 22 ساڵ کراوە کە دوای ئەوەی دانی بەوەدا ناوە گوێی لە میوزیکی کۆریای باشوور گرتووە و فیلمی دابەش کردووە لە سێدارە دراوە.

کۆریای باکوور ڕاپۆرتەکەی ساڵی ڕابردووی بە ساختە ناوبرد، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی ڕاپۆرتە نوێیەکەی نەداوەتەوە.

دەزگای هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، بەپێی لێدوانی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە کۆریای باکوورەوە هەڵاتوون، پشکنینی ماڵەکان لە کۆریای باکوور لە ساڵی 2021 ەوە زیاتر بوون، بەرپرسان بە دوای هەر نیشانەیەکی کلتوری دەرەوەدا دەگەڕێن.

دەوترێت نیشانەکان بریتین لە جلی بوکێنی سپی یاخود ئەوەی زاواکە بووکەکەی لەسەر پشتی هەڵبگرێت.

وتیشی تەلەفونی خەڵکەکەش دەپشکنرێت و لە نامەکاندا پشکنین دەکەن بۆ جۆرە زمانێکی ناو خەڵک کە لە کۆریای باشوور بەکاردەهێندرێت.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات چاویلکە وەکو شتێکی دژ بە شۆڕش سەیر دەکرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون چاویلکە بەکاردەهێنێت، بەڵام باوکی کاتی خۆی هەندێک لە پۆشاکی ڕۆژانەی بە دژ بە شۆڕش ناوبردووە، بە پانتۆڵی جینزیشەوە.

سزای ئەم جۆرە پێشێلکارییانەش لە کۆریای باکوور هێشتا دیار نیە.

بەڵام سەرکوتکارییەکان دژی کلتوری کۆریای باشوور وادیارە توندتر بێت.

لە یاسایەکی ساڵی 2020 هاتووە دەڵێت سەیرکردنی بەرنامە و فیلمەکانی کۆریای باشوور سزای مەرگی لەسەرە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە حاڵەتی لە سێدارەدان دەکرێت بە ئاشکرا، جوتیارێکی تەمەن 22 ساڵ لەبەر ئەوەی گوێی لە 70 گۆرانی گرتووە و سەیری سێ فیلمی کردووە و دابەشی کردوون، کوژراوە.

ڕاپۆرتەکەی کۆریای باشوور لە کاتێکیشدا دێت کە گرژییەکان لە نێوان ئەو وڵاتە و کۆریای باکووردا زیادییان کردووە.

لە مانگی ڕابردووەوە کۆریای باکوور زیاتر لە 2000 باڵۆنی هەڵداوەتە ئەودیوی سنوورەکەوە کە پڕ بوون لە خۆڵ و خاشاک.

کۆبوونەوەکەی نێوان کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنیش لە هەفتەی ڕابردوودا دۆخەکەی خراپتر کرد.

سەرچاوە: بی بی سی نیوز