وەکو وەڵامێک بۆ جەنگەکەی ئۆکرانیا نەرویج ئاگایی سەربازی بەرز دەکاتەوە

ئێریک کریستۆفەرسن

حکومەتی نەرویج دەڵێت وڵاتەکە وەکو وەڵامێک بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا لە ڕۆژی سێشەممەوە ئاستی ئاگایی سەربازیی بەرز دەکاتەوە، سەربازی زیاتر دەخاتە سەر ئەرکەکان و پەرە بە ڕۆڵی هێزی کاردانەوەی خێرا دەدات.

سەرکردەی بەرگری نەرویج ئێریک کریستۆفەرسن گوتی نەرویج هەوڵیش دەدات کەشتیگەلە نوێیە ئەمەریکییەکانی وەکو ژێرئاوگەڕی پی – 8 پۆسیدۆن، کە دژی فڕۆکەکانی چاودێری دەریایین بە خێراییەکی زیاتر وەک لەوەی پلانی بۆ داندراوە بەشدارییان پێبکات لە ناو ئۆپەراسیۆنە ئاساییەکاندا.

پێوانەی ئەو ئاگاییەی کە سوپا لەسەری کار دەکات نهێنییە، بەڵام حکومەتی نەرویج ڕەتی کردەوە وردەکاری لەسەر ئاستەکە بدات.

کریستۆفەرسن بە ڕۆیتەرزی گوت هەڕەشەی بەرجەستە نەبوون دژی نەرویج کە ببێتە هۆی ئەوەی وڵاتەکە ئەو بڕیارە بدات، بەڵکو بڕی " ئەو نادیارییانەی " کە هەن هۆکار بوون بۆ ئەوەی بەرپرسانی وڵاتەکە ئاستی ئامادەیی سوپا بەرز بکەنەوە.

کریستۆفەرسن لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی " پەرەسەندنی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیامان بینی. ئێمە ' نەرویج ' مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەین، جەنگەکەی ئۆکرانیا جموجۆڵەکانی ڕووسیای گۆڕیوە."

گوتیشی " لە هەمان کاتیشدا تەقینەوەی گازمان هەبووە لە دەریای باڵتیکدا و چالاکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانمان لە دەریای باکووردا هەبووە."
گوتی پێشبینی دەکرێت بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری سەربازیی نەرویج ساڵێک بخایەنێت، " ڕەنگە زیاتریش."

دوابەدوای دزەکردنی گاز لە بۆری گواستنەوەی گازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا نۆرد ستریم لە 26 ی مانگی نۆدا، ڕووسیا هێزە سەربازییەکانی ڕەوانەی دامەزراوە هەستیارەکانی سەر وشکانی و ناو دەریاش کردووە تاوەکو بیانپارێزێت، هەروەها لەلایەن هێزە چەکدارەکانی بەڕیتانیا و هۆڵەندا و فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە پشتگیری لێکراوە.

هەفتەی ڕابردوو پۆلیسی ئاسایشی نەرویج سیخوڕێکی گومانلێکراوی ڕووسییان دەستگیرکرد. هەروەها نەرویج دەستی هەبووە لە پاراستنی هەناردەکردنی گازدا بۆ ئەوروپا کە زۆر گرنگە بۆ دابینکردنی وزەی ئەوروپا لە وەرزی زستاندا.

نەرویجی ئەندام لە ناتۆ سنوورێکی وشکانی 200 کم لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، سنوورێکی ئاوی زۆر گەورەشی لەگەڵیدا هەیە.

نەرویج کە 5.4 ملیۆن دانیشتووی هەیە لە ئێستادا گەورەترین هەناردەکاری گازی سروشتییە بۆ یەکێتی ئەوروپا، نزیکەی یەک لەسەر چواری گازی ئەوروپا دابین دەکات، ئەوەش دوای کەمبوونەوەی هەناردەکردنی گازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا.

سەرۆک وەزیری نەرویج جوناس گاستۆرێ بە ڕۆیتەرزی گوت " بەردەوامبوونی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا و هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ لاوازکردنی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئۆکرانیا ئەوە دەگەیەنێت کە سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا دەبێت بیر لەوە بکەنەوە کە مەترسی هەڕەشەی دووڕەگییان لەسەرە، بە نەرویجیشەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز