بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی دووشەممە لەلایەن گروپێکی مافەکانی مرۆڤەوە بڵاوکراوەتەوە، سوکایەتیکردن لە ڕێی ئۆنلاینەوە و لێدوانی ڕق و کینە دژی ژنانی سیاسیی چالاک لە ئەفغانستان لە دوای گرتنەوەی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییان کردووە.
ئەفغان ویتنس کە پڕۆژەیەکی سەرچاوە کراوەیە و لەلایەن ناوەندی قازانج نەویستی ئینفۆرمەیشن ڕیزیلیێنسەوە بەڕێوەدەبرێت، دەڵێت سوکایەتی پێکردنەکان لە نێوان مانگەکانی شەش و دوانزەی ساڵی 2021 ەوە بۆ هەمان ماوە لە ساڵی 2022 دا سێ هێندە بوون، کە دەکاتە لە سەدا 217.
تیمەکەی ئەفغان ویتنس کە لە ڕێی ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوشێوەوە لە میانمار شارەزاییان پەیدا کردووە، شیکارییان بۆ ئەو زانیارییە ئاشکرایانە کردووە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا بەردەست بوون و بڵاوکراونەتەوە، هەروەها چاوپێککەوتنییان لەگەڵ شەش ژنی ئەفغانیدا کردووە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەسەر سروشتی سوکایەتییەکان لە ئۆنلاین.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت تیمی لێکۆڵەرەوان " زیاتر لە 78,000 پۆستییان کۆکردووەتەوە و شیکارییان بۆ کردوون " پۆستەکان بە زمانی داری و پەشتۆ بوون کە دوو زمانی ناوخۆیی ئەفغانستانن و لێدوانی نزیکەی 100 ژنی سیاسیی چالاکی ئەفغانی بوون."
نوسەرانی ڕاپۆرتەکە وتییان لە چاوپێککەوتنەکاندا دەرکەوت کە بڵاوبوونەوەی پۆستی سوکایەتیپێکردن لە ئۆنلاین یارمەتیدەر بووە لەوەدا کە ژنان بکرێنە ئامانج. ئەوانەی کە چاوپێککەوتنییان لەگەڵدا کراوە باسییان لەوە کردووە نامەی پۆرنۆگرافییان بۆ هاتووە و هەروەها هەڕەشەی توندوتیژی سێکسی و کوشتنییان بە دەست گەیشتووە.
یەکێک لە ژنەکان بە ئەفغان ویتنسی وت " پێم وایە ئەو ڕق و کینەیەی کە پیشانی دەدەن لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جیاواز نیە لەو هەستەی کە لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەستی پێدەکەن."
ڕاپۆرتەکە چوار تەوەرەی گشتی لە پۆستە سوکایەتیپێکردنەکاندا دیاریکردووە، تۆمەتی لەشفرۆشی: ئەو باوەڕەی کە ژنانی چالاک لە ڕووی سیاسییەوە نۆرمە کلتووری و ئایینییەکانیان پێشێل کردووە، تۆمەتی ئەوەی ئەو ژنانە بریکاری ڕۆژئاوا بوون، هەروەها تۆمەتی ئەوەی بانگەشەی درۆیان کردووە بە مەبەستی ئەوەی لە دەرەوە مافی پەنابەرێتییان پێبدرێت.
لە هەمان کاتیشدا ئەفغان ویتنس بۆی دەرکەوتووە کە سوکایەتییەکان لە ڕێی ئۆنلاینەوە " بە شێوەیەکی بەرچاو بە سێکسیکردن بوون "، زیاتر لە سەدا 60 ی پۆستەکانی ساڵی 2022 وشەی وەکو " لەشفرۆشییان " تێدا بووە.
لێکۆڵەرەوەی سەرەکی پڕۆژەکە، فرانسیسکا جێنتیل وتی " لە دوای گرتنەوەی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە شوێنێکەوە بۆ کۆمەڵایەتی و دەربڕینی سیاسییەوە گۆڕاوە بۆ کۆڕبەندێک بۆ سوکایەتیکردن و سەرکوتکردن، بە تایبەتی سەرکوتکردن و سوکایەتیکردن بە ژنان."
تاڵیبان زۆربەی بوارەکانی ژیانی گشتی و کارکردنی لە ژنان قەدەغە کردووە و ڕێگە نادات کچان لە پۆلی شەش زیاتر بخوێنن.
جێنتیل وتی " دوژمنکاری تاڵیبان بەرامبەر ژنان و مافەکانییان پەیامێک دەنێرێت بۆ ئەو کەسانەی کە لە ڕێی ئۆنلاینەوە سوکایەتی دەکەن لەسەر ئەوەی هەر ژنێک داکۆکی لە خۆی بکات ئەوا ئاساییە سوکایەتی پێبکرێت."
ڕۆژنامەنووسێکی ژن کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئەفغان ویتنسی وت هەندێک لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داخستووە و چیتر کۆمێنتەکان ناخوێنێتەوە، کە کار دەکاتە سەر کارەکەی لە کاتێکدا کە ئینتەرنێت بەکاردەهێنێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە زۆربەی ئەوانەی لە پشت سوکایەتییەکانەوەن لە ئۆنلاین پیاون و " سەر بە کۆمەڵێک بیری سیاسیی و نەژاد و پێشینەی جیاوازن."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا