ئیسڕائیل: هەفتەی داهاتوو ناتانیاهو لەگەڵ پوتندا کۆدەبێتەوە

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند 11 ی مانگی حەوت سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو لە مۆسکۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا کۆدەبێتەوە.

ناتانیاهو و پوتن زۆر کات کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکانی ناوچەکە و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوانیان لە جەنگی ناوخۆی سوریادا و هەروەها خۆ بەدوورگرتن لە بەریەککەوتنی بە هەڵە لەنێوان هێزەکانی ئیسڕائیل و ڕوسیادا کە هەردوولا لە سوریادا ئەرکی سەربازیی ئەنجام دەدەن. دوایین کۆبوونەوەی نێوان ناتانیاهو و پوتن لە مانگی پێنجدا لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو.

ئیسڕائیل نیگەرانە سەبارەت بە بوونی ئێران لە سوریادا و پێشتریش هێرشی کردۆتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە سوریادا.

بە پشتیوانی ڕوسیا، سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد مانگی ڕابردوو هێرشی کردە سەر ناوچەی دەرعا لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە و ناوچەکەی کۆنتڕۆڵکردەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بەرەو سنوورەکانی ئەردەن و ئیسڕائیل هەڵبێن.

ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە بوونی سەربازیی خۆی لە سنووری بەرزاییەکانی گۆلان توندتر کردەوە و هۆشیاریدا بە هێزەکانی سوریا کە لێی نزیک نەبنەوە لەکاتێکدا پێشڕەوی دەکەن بەرەو ئەو ناوچانەی کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندا ماون.

کرێملن ڕایگەیاند پوتن و ناتانیاهو مانگی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا باسیان لە پتەوکردنی هەماهەنگییەکان کردۆتەوە سەبارەت بە سوریا و گفتوگۆیان لەسەر هەوڵە هاوبەشەکان کردووە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانی نێوان سوریا و ئیسڕائیل.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز