شەڕو پێکدادان لەسەر سنووری پاکستان و ئەفغانستان کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە

لەشکری پاکستان دەڵێت لە ڕووبەرووبونەوەی هێزەکانیان لەگەڵ چەکدارەکانی تاڵیبانی پاکستان ناسراو بە "تحریک طالبان پاکستان"‎ ، لەسەر سنووری ئەفغانستان، 7 سەرباز و 5 چەکداری تاڵیبانی پاکستان کوژراون.

بەرپـرسانی سەربازی پاکستان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند، هیزە ئاسایشییەکانیان بە پشت بەستن بە زانیاری هەواڵگیری، هێرشیان کردووەتە سەر مۆڵگایەکی چەکدارە تێرۆریستەکان لە خواروی وەزیرستان و لەسەر سنووری ئەفغانستان، لە ڕووبەڕووبوونەوەکەشدا کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە و دوابەدوای هێرشەکانیش هێزەکانیان بەردەوامن لە کێوماڵکردنی ناوچەکە بۆ پاککردنەوەی چەکدارەکان لەو ناوچە سەر سنوورییە.

لە بەرامبەریشدا بزوتنەوەی تاڵیبانی پاکستان پشتڕاستی کردووە هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکیان و و لە ئاکامی ڕووبەڕووبوونەوەکە 9 سەربازی پاکستانی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەشیان لێ برینداربووە و چەکدارەکانیشیان توانیویانە هەڵبێن و هیچ زیانێکی گیانیشیان لێ نەکەوتووە، هەرچەندە نەتوانراوە کە زانیاری چەکدارەکان پشتڕاستبکرێنەوە کە زۆر جار ڕاگەیاندنەکانیان دوورە لە ڕاستییەوە.

تاڵیبانی پاکستان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک رێکخراوێکی تێرۆریستی ناسێنراوە. کاربەدەستانی پاکستانیش دەڵێن چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبانی پاکستان، سنووری ئەفغانستان بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان.

شیانی باسە لە ماوەی ڕابردوو، هێزەکانی سوپای پاکستان بە هاوپشتی فڕۆکەکانیان، کێوماڵیکی فراوانی پێگەی ئەو چەکدارانەی کردووە لەسەر سنووری ئەفغانستان و بەکردەیەکی سەربازی مێژوویی وەسفی دەکەن کە توانیویانە زۆرێک لە مۆڵگا و حەشارگەی ناوچەکە تێکبشکێنن و چەکدارەکانیش ناچارکراون بچنە نێو ئەفغانستانەوە و جار جارە لە سنوورەوە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانیان.

هەر لە هەفتەی ڕابردوو بزوتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێکی خۆکوژی ڕاگەیاند، کە بووە هۆی کوژرانی 3 کەس و برینداربوونی 20 کەسی تر. ئەو هێرشەش پاش مانگێک هات لەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان ئەفغانستانی کۆنترۆڵکرد. تاڵیبانی پاکستان پشتیوانی خۆی بۆ بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغاستان ڕاگەیاندووە.

هاوکات گەورە بەرپرسانی ئاسایشی پاکستان، دەڵێن وڵاتەکەیان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ لەگەڵ حکومەتەکەی تاڵیبان و فشاریان دەخاتەسەر هەتا خاکی ئەفغانستان بەکارنەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر پاکستان.

نووسینی / ئەیاز گول