هەڵبژاردنەکانی پاکستان؛ یاریدەدەرێکی عمران خان دەڵێت پارتەکەی دەیەوێت حکومەت پێکبهێنێت

یاریدەدەرێکی باڵای ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی پاکستان عمران خان کە ئێستا لە زینداندایە دەڵێت کاندیدە سەربەخۆکان کە لەلایەن پارتەکەی عمران خانەوە پشتیوانییان لێکراوە پلانییان هەیە حکومەت پێکبهێنن، داوای لە لایەنگرانیش کرد بە شێوەیەکی ئاشتییانە خۆپیشاندان بکەن ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕانەگەیەندران.

ڕۆژی پێنجشەممە پاکستان هەڵبژاردنی گشتی وڵاتەکەی تێدا بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا کە وڵاتەکە کۆشش دەکات لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارییەکان.

خان و ڕکابەرە سەرەکییەکەی، سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان نەواز شەریف، هەردووکییان ڕۆژی هەینی سەرکەوتنییان ڕاگەیاند لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەمەش نادیارییەکانی زیاتر کرد لەسەر ئەوەی کێ حکومەتی دواتر پێکدەهێنێت لە کاتێکدا کە کارێکی سیاسیی خێرا پێویستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چەندین کێشەدا کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی بووەتەوە.

گۆهەر خان سەرۆکی پارتی تەحریکی ئینسافی پاکستان کە پارتەکەی عمران خانە، داوای لە سەرجەم "دامەزراوەکانی " ناو پاکستان کرد ڕێز لە ڕاسپاردەی پارتەکەی بگرن.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گۆهەر خان وتی ئەگەر تاوەکو شەوی شەممە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان بڵاونەکرێنەوە ئەوا پارتەکە ڕۆژی یەکشەممە لە دەرەوەی ئۆفیسەکانی حکومەتدا بە شێوەیەکی ئاشتییانە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

ڕۆژی هەینی شەریف نواز وتی پارتەکەی زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەکاندا بە دەستهێناوە و لەگەڵ پارتەکانی دیکەدا قسە دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی.

تاوەکو ئێستا لە کۆی 265 کورسییەکە هێشتا 10 کورسی دەنگەکانی جیا نەکراونەتەوە.

بەپێی نوێترین ئەنجامەکان کە لە ماڵپەڕی کۆمسیۆن بڵاوکراونەتەوە، کاندیدە سەربەخۆکان 100 کورسییان بردووەتەوە، پارتەکەی نەواز شەریفیش 72 کورسی بردووەتەوە.

لانیکەم 90 کاندیدی سەربەخۆی سەرکەوتوو کە لەلایەن خان و پارتەکەیەوە پشتیوانییان لێکراوە، سەرجەمییان لە پێش پارتەکەی شەریف نەوازن.

لایەنگرەکانی خان وەکو سەربەخۆ بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد، چونکە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕێگەی نەدا پارتەکەی خان بەشداری بکات لە هەڵبژاردنەکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز