سەرۆک وەزیری پێشووی زیندانیکراوی پاکستان وتارێکی دەگمەنی دروستکراوی زیرەکی دەستکرد پەخش دەکات

عیمران خان

پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان عیمران خان لەم هەفتەیەدا مێژوویەکی لە سیاسەتی نیشتیمانیدا دروست کرد کاتێک پەیامێکی ڤیدیۆیی دروستکراوی زیرەکی دەستکردی عیمران خانی لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا لە ڕێی ئۆنلاینەوە پەخش کرد.

گردبوونەوە دەگمەنە ئۆنلاینەکە ڕاستەوخۆ لە یوتیوب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا پەخشکرا، زیاتر لە 1.5 ملیۆن بینەری بەلای خۆیدا ڕاکێشا. بەڵام چالاکییەکە بەهۆی خراپی ئینتەرنێتەوە تێکچوو، لە کاتێکدا کە دەستڕاگەیشتنی بەکارهێنەران لە پاکستان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکانی وەکو ئینستاگرام و فەیسبووک و ئێکس بۆ چەندین کاتژمێر بە داخراویی مایەوە.

پارتەکەی خان، تەهریکی ئینسافی پاکستان، وتی هۆکاری ئەو نمایشی هێزە گریمانەییە ئەوەیە کە گردبوونەوەکانی لایەنگرانی پارتەکە سەرکوت دەکرێن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی حکومەتی پاکستان بەڵێنیداوە ڕێگە بە سەرجەم پارتە سیاسییەکان بدات بەشدار بن لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی دوودا.

خان لە وتارە ڤیدیۆییەکەدا کە دروستکراوی زیرەکی دەستکرد بوو بانگەشەی ئەوەی کرد " پارتەکە پشتگیری لە سەدا 75 ی خەڵکەکەی هەیە و دوورخراوەتەوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن." وتارەکە لە زیندانەوە لەلایەن خانەوە پەسەند کراوە.

وتی " پارتی تەهریکی ئینساف ڕێگەی پێنادرێت گردبوونەوە یاخود کۆنفرانس بۆ کارمەندەکانی ڕێکبخات. خەڵکەکەمان دەڕفێندرێن، خێزانەکانیشیان بێزار دەکرێن." هەروەها داوای لە لایەنگرەکانی کرد بە ژمارەیەکی زۆرەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن کە لە 8 ی مانگی دوودا بەڕێوەدەچێت.

ڕۆژی یەکشەممە تێکچوونی هێڵەکانی ئینتەرنێت و سەرکوتکارییە بەردەوامەکان دژی کارمەندانی پارتی تەهریکی ئینساف نیگەرانییان دروست کردووە سەبارەت بە ڕوونیی هەڵبژاردنەکان.

دەسەڵاتی پەیوەندییەکانی پاکستان وتی لێکۆڵینەوە لە تێکچوونی هێڵەکانی ئینتەرنێت دەکات، هاوکات حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی پاکستان بە سەرکردایەتی سەرۆک وەزیر ئەنوەرولحەق کاکار وەڵامی ئەو بانگەشانەی نەدایەوە کە گوایە خۆی فەرمانی بە تێکدانی هێڵەکانی ئینتەرنێتی کردووە.

نێتبڵۆکس کە ڕێکخراوێکی چاودێریکردنی ئینتەرنێتی جیهانە و بنکەکەی لە بەڕیتانیایە، تێکچوونی هێڵەکانی ئینتەرنێتی لە پاکستان پشتڕاست کردەوە.

وتی " پێوەرەکان دەریدەخەن تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان لە پاکستان ڕۆژی یەکشەممە بۆ 7 کاتژمێر کۆتوبەندییان خراوەتە سەر، ئەوەش لە ماوەی گردبوونەوە سیاسییە ئۆنلاینەکەدا. ڕووداوەکە دەگونجێت لەگەڵ نموونەکانی پێشووتردا کە تێیاندا سانسۆر خراوەتە سەر ئینتەرنێت و ڕابەری ئۆپۆزسیۆن عیمران خان و پارتی تەهریکی ئینساف کراونەتە ئامانج."

ڕەخنەگران هۆشدارییان داوە دژی بەکارهێنانی وێنە و ڤیدیۆی دروستکراوی زیرەکی دەستکرد لە هەڵمەتە سیاسییەکاندا، دەڵێن ئەو تەکنەلۆجیایە زۆرجار بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست لە سەرانسەری جیهاندا بەکارهێندراوە.

ئەسەد بایجی بەڕێوبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی " میدیا گرنگە بۆ دیموکراسی "، کە ڕێکخراوێکی پێشەنگی چاودێری و گەشەی میدیایە لە پاکستان، وتی " ئەوەی لێی دەترسم ئەوەیە کە پارتی تەهریکی ئینساف ئێستا قتووەیەکی مێرووی کردەوە لە ڕێی هاندانەوە بۆ بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە سیاسەتی پاکستاندا."

بایج بە دەنگی ئەمەریکای وت " بەوەی کە خوێندەوارییەکی کەم هەیە لەسەر زانیاری لە پاکستاندا، هەست دەکەم دانیشتوانی پاکستان بە ئاسانی دەکەونە داوی ئەو زانیارییە نادروستانەوە کە لە زیرەکی دەستکردەوە بەرهەم دەهێندرێن. گریمان ڤیدیۆیەکی دیکەی هاوشێوە بەڵام ساختەی عیمران خان کە لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە دروستکراوە، دێتە بەرچاو، بەڵام ئەمجارەیان بە پەیامێکی وروژاندنەوە، دەرەنجامەکانی بهێنە پێش چاوت."