پاکستان دەڵێت هێرشبەرێکی خۆکوژی ئەفغانی هێرشی کردووەتە سەر کاروانێکی سەربازیی

ڕۆژی دووشەممە پاکستان ڕووداوە خۆکوژییەکەی سەر کاروانێکی سەربازیی لە هەرێمێکی باکووری ڕۆژئاوای پاکستان پشتڕاست کردەوە، کە بەهۆی هێرشەکەوە دوو هاووڵاتی سڤیل کوژراون.

ڕاگەیاندنی باڵی سەربازیی سوپای پاکستان وتی هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممە لە هەرێمی خیبەر پاختونخوا بووەتە هۆی برینداربوونی حەوت هاووڵاتی سڤیل و سێ سەرباز.

لە بەیاننامەکەی سوپادا هاتووە دەڵێت " خۆکوژێک بە ماتۆڕێکەوە کە چێندربوو بە بۆمب لە نزیک کاروانەکە خۆی تەقاندووەتەوە." وتیشی ئۆپەراسیۆنێکی هێرشکردن و پشکنین لە ئارادایە و مەبەست لێی " لە ناوبردنی هەر تیرۆریستێکی دیکەیە کە لە ناوچەکەدا بدۆزرێنەوە."

خۆکوژەکە هاووڵاتییەکی ئەفغانی بووە و سەر بە گروپی چەکداریی حافیز گوڵی دژ بە دەوڵەتی پاکستان بووە، گروپەکە بەوە ناسراوە هاوپەیمانێکی نزیکی تاڵیبانی ئەفغانستانە.

لە بەیاننامەیەکی جیادا سوپای پاکستان وتی لە هێرشێکدا کە " لە زانیارییە هەواڵگرییەکانەوە " سەرچاوەی گرتبوو لە هەرێمی ساوث وەزیرستان لە نزیک سنووری ئەفغانستان هەشت " تیرۆریست کوژراون."

هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممەی هێزەکانی پاکستان حەشارگەیەکی گروپی تەهریکی تاڵیبان پاکستانی کردبووە ئامانج، کە زۆرجار هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئاسایشی پاکستان.

پاکستان دەڵێت لە دوای ئەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان کۆنتڕۆڵی ئەو وڵاتەی کردووەتەوە، هێرشەکانی تەهریکی تاڵیبان پاکستان زیادییان کردووە کە لە ناو ئەفغانستاندان.

بەرپرسانی پاکستان ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە چەکدارە ئەفغانییەکان لەم ساڵدا بە هاریکاری تەهریکی تاڵیبان پاکستان 16 تەقینەوەی خۆکوژییان ئەنجام داوە.

توندوتیژییەکان بوونە هۆی ئەوەی پاکستان ناچار بێت هەڵمەتێکی ڕەوانەکردنەوەی نزیکەی 1.7 ئەفغانی دەستپێبکات کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە وڵاتەکەدان.

بەپێی داتا فەڕمییەکان، ئەو هەڵمەتەی پاکستان لە ناوەڕاستی مانگی نۆوە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی ئەوەی نزیکەی 400,000 کەس بگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان.

سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری پاکستان ئەنوەرولحەق کاکار داکۆکی لە ڕەوانەکردنەوەی ئەفغانییەکان کرد و وتی تەهریکی تاڵیبانی پاکستان و گروپە چەکدارییەکانی دیکە کە بنکەکانییان لە ئەفغانستانە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 2300 کەسییان کوشتووە، بە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشیشەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا